ئێمه بۆ پێویستیمان به ســەرۆك مسعود بارزانی یه

ئێمه بۆ پێویستیمان به ســەرۆك مسعود بارزانی یه
رۆڵی سه‌ركرده‌و رابه‌ر له‌ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخوازیدا زۆر به‌رچاوو دیاره‌، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست به‌بێ سه‌ركرده‌و رابه‌ر ناگاته‌ رزگاری و سه‌ربه‌ستی. ئێمه‌ی كوردیش به‌ده‌ر نین له‌و پێویستییه‌و بگره‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان و له‌به‌ر گه‌لێك هۆكار (له‌وانه‌ش ده‌سته‌به‌ربوونی سه‌ربه‌خۆیی) هه‌بوونی سه‌ركرده‌و رابه‌ر زۆر پێویسته،‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تواناو هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی هزرو ستراتیژیه‌تی رزگاریخوازی كۆبكاته‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی هێندە ئاسان نییە بۆ سه‌ركرده‌و رابه‌ره‌كان، چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاتی ناو‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك جار رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی له‌ ناوبردن یا شكست پێهێنانیش ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر ته‌نیا ئه‌و سه‌ركرده ‌و رابه‌رانه‌ی كه‌ ژیانی خۆیان بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌كانیان ته‌رخان كردووه‌ سه‌رده‌كه‌ون. گه‌ر له‌ كاتی مانه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركرده‌ و رابه‌رانه‌ له‌ ژیاندا، رزگاری ده‌سته‌به‌ر نه‌بووبێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر زۆر هۆكار (له‌وانه‌ پلانی دوژمنان)، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ په‌یڕه‌وانیان له‌ داهاتوودا له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی رابه‌رێكی تر ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
به‌رله‌وه‌ی بچینه‌ ناو ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌م، به‌ پێویستی ده‌زانم باس له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بارزانی نه‌مر بكه‌م، ئه‌و سه‌ركرده‌و رابه‌ره‌ی كه‌ توانی به‌ شاره‌زایی و لێزانی خۆی له‌م به‌شه‌ی كوردستان تا راده‌یه‌كی زۆر ریزه‌كانی كورد یه‌ك بخات و به‌ربه‌ستی په‌رته‌وازه‌یی كورد له رووی‌ ناوچه‌گه‌ری و په‌یوه‌ست بوون به‌ خێڵ و عه‌شیره‌ت نه‌هێڵێت(كه‌ پێشتر به‌ربه‌ست و رێگر بوو له‌ هه‌مبه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد). مسته‌فا بارزانی توانی هه‌ست و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی گیان فیدایی بۆ وڵات له‌ ناو كورددا به‌هێز بكات، تا ئه‌و راده‌یەی كه‌ كوردستان یان نه‌مان ببوو به‌ دروشمی سه‌رزاری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ چۆن و له‌به‌رچی بارزانی توانی سه‌ركه‌وتوو بێت؟ بێگومان هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندی كه‌سایه‌تی و هۆكار هه‌بوون كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر، هه‌و‌ڵ ده‌ده‌ین له‌ چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌ به‌ گرنگترینیان بكه‌ین:
بارزانی و عه‌قیدە: له‌ دایك بوونی بارزانی نه‌مر له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و كوردپه‌روه‌ر و دادپه‌روه‌ر هه‌روه‌ها فاكته‌ری هزری نه‌ته‌وه‌یی شێخ عبدالسلام و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان، كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر دروست بوونی كه‌سایه‌تی بارزانی نه‌مر هه‌بوو. باوه‌ڕی به‌هێزی بارزانی نه‌مر به‌ خودا و رێبازی نه‌قشبه‌ندی (كه‌ بارزانییه‌كان هه‌ڵگری ئه‌و باوه‌ڕه‌ن)، هۆكارێك بوو بۆ به‌هێزتر و پتەوتربوونی باوه‌ڕی بارزانی به‌ خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌وه‌ی كه‌ به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست و ماف خوراو ده‌كات و خوای گەورەش پشتیوانی ده‌بێت له‌ خه‌باتی رزگاركردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
بێگومان ئه‌و باوه‌ڕه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر متمانه‌ پێ كردنی گه‌لی كورد به‌ بارزانی هه‌بوو كه‌ زۆرینه‌ی موسڵمان بوون. له‌ هه‌مان كاتدا بارزانی باوه‌ڕی به‌ رێزگرتن له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر و په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی تر، رێبه‌رایه‌تی بارزانيی نه‌مریان لا په‌سه‌ند بوو و به‌ كرده‌یی و چالاكانه‌، به‌شدارییان له‌ شۆڕش دا ده‌كرد.
ئازایی و بوێری: مسته‌فا بارزانی مرۆڤێكی زۆر ئازاو بوێر بوو، هه‌بوونی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ش پێویستییەکی گرنگە بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشێكی چه‌كداری و سیاسی بكات، له‌و كاتانه‌ش له‌به‌ر كه‌می هێزی چه‌كدار، پێویست بوو سه‌ركرده‌ به‌ خۆی به‌شداری له‌ به‌ره‌ی جه‌نگدا بكات، نەوەک هەر تەنیا پلاندانەر و داڕێژەر و سەرپەرشتیاری جەنگ بێت. بارزانی شان بە شانی هەڤاڵەکانی لەناو شەڕەکاندا بووە، ئازایه‌تی و مه‌ردایه‌تی بارزانی تا ئه‌و ڕاده‌یە بووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی بوون هه‌ستیان به‌ مه‌ترسی نه‌ده‌كرد.
نه‌ویستنی ماڵی دنیا: بارزانی گه‌وره‌، مرۆڤێكی ماددی نه‌بوو، كه‌سێكی ده‌ست كراوه‌ بووه، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی نه‌بوونی و پێویستیدا، زێڕ و خشڵی هاوسەرەکانی فرۆشتووه‌ و له‌وانه‌ی خه‌رج كردووه‌ کە له‌گه‌ڵی بوون. هیچ كات چاوی له‌ ماڵی دنیا و سه‌روه‌ت و سامان نه‌بووه‌.
باوه‌ڕی دادپه‌روه‌ری: دادپه‌روه‌ری و دژ به‌ زۆرداری له‌ باوه‌ڕه‌ هه‌ره‌ بەهێزه‌كانی بارزانی بوون، هیچ كات رێگه‌ی نه‌داوه‌ غه‌در و سته‌م له‌ خەڵکی بێده‌سه‌ڵات بكرێت. بارزانی نه‌ك ته‌نیا بانگه‌شه‌ی بۆ دادپه‌روه‌ری ده‌كرد به‌ڵكو به‌ كرده‌یی جێبه‌جێی ده‌كرد.
كاریگه‌ری و كاریزما: بارزانی خاوه‌ن توانایه‌كی بێ وێنه‌ بوو ‌له‌ رووی په‌یوه‌ندی كردن به‌ خه‌ڵك و دروست كردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ریان، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌نیا لەگەڵ‌ چین و توێژێك، یان له‌ ناوچه‌یه‌ك قه‌تیس و سنوردار نه‌‌بوو، به‌ڵكو هه‌موو ئاسته‌كان و سه‌رتاسه‌ری كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشی ده‌گرته‌وه. ئه‌مه‌ش شتێكی كه‌م نه‌بوو به‌ڵكو وه‌كو هێزى نه‌رم (واته‌ سۆفت پاوه‌ر) وابوو، كه‌ به‌بێ به‌كارهێنانی هێز و پاره‌، ده‌یتوانی متمانه‌ی خه‌ڵك رابكێشێت و بۆ خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان سوودی لێ وه‌ربگرێت.
ناسینی كۆمه‌ڵگا: خاڵێكی هه‌ره‌ گرنگی تر كه‌ هه‌ندێک پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ گرنگترین و جیاوازترین خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی بارزانی مسته‌فایه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی تری كورد و ره‌مزی سه‌ركه‌وتنی بارزانی بووه، ئەویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی كۆمه‌ڵگای خۆی زۆر به‌ باشی ناسی بوو، بۆیه‌ توانی زۆر به‌ باشی رێبه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات و ده‌یزانی چۆن هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ بكات.
ژیان بۆ نه‌ته‌وه‌: قوربانیدان به‌ خۆشه‌ویستترین كه‌سه‌كان و پڕبه‌هاترین شته‌كان، یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ركرده‌و رێبه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان. بێگومان رێگای ئازادی وڵات ئاسان و بێ كێشه ‌و قوربانیدان نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ نیازی رزگاركردنی نه‌ته‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ده‌بێت خودی خۆی وابه‌ستی هیچ كه‌س و شتێک نه‌كات، بارزانيی نه‌مر له‌و بواره‌دا له‌ نێو رێبه‌ره‌ ئازادیخوازه‌كان نموونه‌یەكی زۆر دیاره‌، قوربانی به‌ خۆشییەکانی ژیان و سه‌روه‌ت و سامان و ماڵ و منداڵی خۆی داوه‌، بارزانیی نەمر زۆر به‌ كه‌می له‌ ناو منداڵه‌كانی ژیاوه‌ و تەمەنێکی زۆری لە دووری ئەوان بەسەربرد، گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بوایا بێگومان نه‌ده‌بووە ئه‌و رێبه‌ره‌ مه‌زنه‌.
وه‌فا و ساده‌یی: وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی بۆ دڵسۆزان و ته‌وازوع خەسڵەتێکی دیاری بارزانيی بوو، كه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی ته‌واوی بۆ ئه‌و قاره‌مانانه‌ هه‌بوو كه‌ له‌گه‌ڵی بوون و له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆی خۆشتری ده‌ویستن و متمانه‌ی زیاتری پێ هه‌بوون. تاكه‌ پێوه‌ر لای بارزانی خۆشه‌ویستی وڵات و تێكۆشان و پاكی بوو بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان. گه‌ر كه‌سێك چاكه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی یا پێشمه‌رگه‌كانی كردبا هیچ كات له‌ بیری نه‌ده‌كرد. بارزانیی مستەفای نەمر له‌ (هه‌ڵسوكه‌وت، دانیشتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، جلوبه‌رگ پۆشین، خواردن...) مرۆڤێكی زۆر ساده‌ بوو و زۆرجار له‌گه‌ڵ شوانێك و كه‌سێكی ساده‌ بۆ ماوه‌یەكی زۆر دانیشتووه و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كردووه‌‌، هیچ کاتێک خۆی له‌ نه‌ته‌وه‌کەی جیا نه‌كردۆته‌وه‌.
پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌: بارزانی نه‌مر له‌ هونه‌ری سه‌ركردایه‌تی كردنی سیاسی و سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌كردنی كه‌سانی سه‌ركرده‌دا زۆر به‌ توانا بووه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی ئه‌زموونی خه‌باتێكی دوورودرێژ بەدەست هاتبوو. زۆر بابه‌ت و نموونە هه‌ن کە باسیان لێوه‌ بكرێت به‌ڵام نامه‌وێت باس له‌ ورده‌كارییه‌كان بكه‌م، ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك لایه‌نی گرنگی هونه‌ری سه‌ركردایه‌تی كردنی بارزانی ده‌كه‌م. بارزانی هەمیشە هه‌ڵسەنگاندنی بۆ دەرئه‌نجامی كاره‌كانی ده‌كرد، دیارە کە ئەمەش رەفتار و کاری ئه‌و سه‌ركردانه‌یە کە خاوه‌ن ئه‌زموون و دووربینییه‌كی باش بن، له‌ بڕیاردان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بووه‌ و راڕا و دوودڵ نه‌بووه‌، راوێژی به‌ كه‌سانی تر كردووە، پرەنسیپی پاداشت و سزای پەیڕەو دەکرد، له‌ هه‌ڵه‌ و كاره‌ نادروسته‌كانی ده‌پێچیه‌وه‌و لێپرسینەوەی لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکرد لە هەر پلە و پایەک بوایا. هه‌روه‌ها ‌بارزانی وه‌كو هه‌ر رێبەر و سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ ئه‌ركی پێگەیاندن و په‌روه‌رده‌كردنی سه‌ركرده‌كان هه‌ڵده‌ستا (كه‌ به‌ پێی زانستی به‌رێوه‌بردن ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌‌ته‌كانی رێبه‌ر) و له‌م بواره‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌، زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی کە لەگەڵ بارزانی بوون كوڕی خه‌ڵكی هه‌ژار و له‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ باوكیان شه‌هیدببوون یان له‌ ژیاندا نه‌مابوون، سەرکردەکانی تریش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون و له‌ بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ست رۆیشتووه‌كانی كوردستان بوون، ته‌نيا له‌به‌ر توانا و لێهاتووییان ببوونه‌ سەرکردە نه‌ك له‌به‌ر پێگەی بنه‌ماڵه‌كانیان.
خۆشه‌ویستی بۆ كورد و كوردستان: خۆشه‌ویستی له‌ راده‌به‌ده‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان، یه‌كێكی تره له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بارزانیی نه‌مر كه‌ كوردو كوردستانی له‌ دڵه‌وه‌ خۆش ده‌ویست، گه‌ر ئه‌و ئه‌ڤین و عه‌شقه‌ بۆ وڵات نه‌بوایا‌ بارزانی نه‌یده‌توانی له‌ ماوه‌ی ژیانی خۆیدا ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ بدات، بزوێنه‌ری خه‌باتی بارزانی بۆ رزگاركردنی كورد و كوردستان ئه‌و‌ عەشق و خۆشه‌ویستییه‌ بووه‌.
بێگومان تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بارزانی نه‌مر زۆر زیاترن له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌رئه‌وەندە به‌س بوون بۆ ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر ببێته‌ سه‌ركرده‌و رێبه‌رێك كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان لەو‌ سه‌رده‌مەدا وه‌كو سه‌ركرده‌و رێبه‌ر قبوڵی بكه‌ن و لەگەڵیدا بن. بارزانی ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ خه‌بات و قوربانیدانی له‌ ماوه‌ی ژیانی، كردی به‌ سه‌ركرده‌و رێبه‌ر تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ به‌ پێی وته‌ی یه‌كێك له‌ یاوه‌رانی بارزانی بۆ سۆڤیه‌ت (كه‌ ئه‌و كات پاسه‌وانی بارزانی بوو): له‌ ساڵانی شه‌سته‌كان جارێكیان بارزانی هه‌ندێك میوانی لابوون، بارزانی گله‌یی له‌ هه‌ندێك به‌رپرس هه‌بوو‌ و له‌ بارودۆخه‌كه‌ ناڕازی بوو‌ و به‌ میوانه‌كانی وت (من ئه‌مجاره‌ سه‌رۆكایه‌تی ناكه‌م با كه‌سێكی تر بیكات)، یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووه‌كان (كه‌ به‌ ته‌مه‌ن بووه‌) هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌ و به‌ بارزانی وتووه‌ ((تۆ چاره‌ت نییه‌ ده‌بێت خۆت هه‌ڵبژێریت، چونكه‌ ئێمه‌ی كورد سیفه‌تێكی خراپمان هه‌یه‌ كه‌ دان به‌ یه‌كتر نانێین، له‌ مێژووی كورد ته‌نیا مه‌لا مسته‌فای بارزانی هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ هه‌موو كورد دانی پێبنێن، گه‌ر ئێستا هه‌ر یه‌كێك له‌ ئاغاكانی كوردستان و له‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی كورد بڵێن ئیمه‌ گه‌وره‌ی كوردین ئه‌وه‌ی تر قبوڵی ناكات، گه‌ر بشڵێن ئێمه‌ش سه‌ركرده‌ین وه‌ك مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ته‌نانه‌ت هاوسه‌ره‌كانیشیان لێیان قبوڵ ناكه‌ن و ده‌ڵێن ته‌نیا یه‌ك مه‌لا مسته‌فای بارزانی هه‌یه‌و ئه‌و گه‌وره‌ و رێبه‌ره‌)).
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، گه‌ر دوو هۆكار و پاڵپشتی تر نه‌بووایا، بارزانی سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوو، ئەوانیش:
یەکه‌م: بوونی بارزانییه‌كان له‌ ده‌وری بارزانی، ئەو بارزانییانه‌ی كه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئایینی و په‌یوه‌ست بوونیان و گوێڕایه‌ڵییان بۆ شێخی بارزان، پێگیرییه‌كی ته‌واویان به‌ بارزانی نه‌مر هه‌بوو. ئه‌و بارزانییانه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی بوون، بارزانی نه‌مریان له‌ هه‌موو كه‌سێك و له‌ هه‌موو شتێك له‌و جیهانه‌ زیاتر خۆشده‌ویست و بۆ ئه‌وان ته‌نیا بوونیان له‌گه‌ڵ بارزانی و رازی بوونی بارزانی لێیان، هه‌موو شتێک بوو. ئه‌مانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی بارزانی نه‌مر قوربانییان به‌ سه‌روه‌ت و سامان داوه و دووربوون لە خانەوادە و ژن و منداڵەکانیان، تەنانەت زۆر له‌وان قوربانییان به‌ ژیانی خۆشیان داوه‌ یان شه‌هیدبوون یا بریندارو کەم ئەندام بوون. هه‌ر ئه‌و هێزه‌ دڵسۆز و شه‌ڕكه‌ر و خۆڕاگره‌ ئه‌و توانایه‌ی به‌ بارزانی دا كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی تری كوردستانیش له‌ ده‌وری خۆی كۆبکاتەوە و شۆڕش فراون ببێت و ببێته‌ شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری.
دووه‌م: دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی بۆ رێكخستنی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری له‌ كوردستان. بێگومان به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌و نه‌هجه‌ سیاسییه‌ میانڕه‌وه‌ (كه‌ بووه‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ له‌ ده‌وری پارتی و بارزانی) بارزانی نه‌مر به‌و شێوه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوو، به‌ تایبه‌ت پارتی چه‌ترێك بوو بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو خه‌باتگێڕانی كوردستان ئینجا خاوه‌ن هه‌ر ئایدیۆلۆژیاو نه‌ته‌وه‌و باوه‌ڕێكی ئایینی بن.
هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌ باسم كرد، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست به‌ بێ سه‌ركرده‌ و رابه‌ر ناگاته‌ رزگاری و سه‌ربه‌ستی خۆی. ئێمه‌ی كوردیش زیاتر پێویستییمان به‌و سه‌ركرده‌یه‌ هه‌یه‌، سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌ له‌ ناو خه‌م و ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له ‌ناو شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان گه‌وره‌ بووبێت، له‌ ئه‌نجامی خه‌بات و به‌رگری كردن له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووبێت به‌سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك. سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌ درێژه‌پێده‌ری رێبازی بارزانی نه‌مر بێت، ئه‌و بارزانییه‌ مه‌زنه‌ی ئه‌گه‌رچی له‌ خێڵی بارزان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان بوو، به‌ڵام ته‌نیا موڵكی ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو كوردێك و كوردستانییه‌ك بوو، سه‌رۆكێك كه‌ متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی هه‌بێت، سه‌رۆكێك كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێک بێت، له‌ كوردستان له‌ ناو خه‌ڵكی خۆی، له‌ به‌رانبه‌ر نه‌یاران یان لای دۆستانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌ بێ دوو دڵی و به‌ بێ خۆ کەم کردن به‌رگری له‌ مافی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات. سه‌رۆكێكی راستگۆ، سه‌رۆكێكی خاوه‌ن باوه‌ڕ به‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان.
زۆر كه‌س هه‌ن بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و مافی خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ڵام ته‌نیا بۆ مه‌رامی كه‌سیی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن، هه‌روه‌ها زۆر كه‌س كاری سیاسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا بۆ ناوبانگ و ده‌ستكه‌وتی كه‌سی خۆیانه‌. لەوە دڵنیاین ئه‌و سه‌ركرده ‌و سه‌رۆكه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كه‌ین جیاوازه‌ له‌و كه‌سانه‌، باوه‌ڕی به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌گۆڕه‌. نه‌ته‌وه‌ و خاكی وڵاته‌كه‌ی خۆش ده‌وێت، ئه‌و بۆ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیارێتی وه‌رنا‌گرێت، به‌ڵکو بەرپرسیارێتی بۆ ئه‌و ئه‌ركێکە کە بۆ دەستکەوتنی مافەکان خستوویەتییە ئەستۆی خۆیەوە‌. هه‌روه‌كو ئه‌و پیره‌مێرده‌ی كه‌ به‌ بارزانی نه‌مری گوتبوو، ئێمه‌ی كورد دان به‌ یه‌كتر دانانێین و له‌ ناو كورد ته‌نیا مه‌لا مسته‌فایه‌كی بارزانی هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ كورد دانی پێ بنێن و ناچاره‌ سه‌رۆكایه‌تی بكات، ئێستاش سەرۆک مسعود بارزانی هەر ته‌نیا كوڕی مەلا مستەفا بارزانی نییه‌ كه‌ كورد دانیان پێ ده‌نا و پێی ده‌نێن، به‌ڵكو خۆيشی سه‌رۆكێكه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی وڵاتانی گه‌وره‌ی دنیا بە كه‌سایه‌تیه‌كی حەکیم وەسفی دەکەن. سه‌رۆكێکە‌ كه‌ هه‌ڵبژێردراوی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌. پێشتر کە باسی هه‌ندێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بارزانی نه‌مرم كرد، بۆ ئه‌وه بوو كه‌‌ به‌ بیر به‌ڕێزتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ خه‌باتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ خه‌باتی بارزانی نه‌مر جیاواز نییه‌، درێژەپێدەری ئەو کاروانەیە، مه‌سعود بارزانیش بە ڕادەی بارزانی نه‌مر خۆشه‌ویستی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌یه‌ و هه‌روه‌كو بارزانی نه‌مر قوربانی به‌ ئازیزترین كه‌سانی خۆی داوه‌، به‌ ساڵان له‌ ماڵ و منداڵه‌كانی دووربووه‌، هه‌میشه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی دوورنه‌كردۆتەوه‌. تاكه‌ ڕێگا کە ده‌يبینێت رێگای رزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی، خه‌ڵكی كوردستان به‌ خۆیان ده‌بینن کە سەرۆک له‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی به‌شداره‌.
سه‌ركردایه‌تی و رێبه‌رایه‌تی كردن كارێکی ئاسان نییه‌، زۆر كه‌س هه‌ن كه‌ له‌به‌ر هۆكاری جۆراوجۆر پله‌ی به‌رز وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ناتوانن ببن به‌ سه‌ركرده‌. سه‌ركرده‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ گۆڕانكاری دروست ده‌كات و كاریگه‌ری راسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌یه‌و ئامانجه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دەبێت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت و هه‌مبه‌ر پرسی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت، به‌ڵام ده‌بێت واقیعی و دووربین و بوێر بێت، به‌ حیكمه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت بكات و مه‌شروعیه‌تی هه‌بێت، ئاماده‌ی قوربانیدان بێت له‌ پێناو نه‌ته‌وه و نیشتیمانەکەی، سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌دوای خۆشی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ناگه‌ڕێت، سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ی هه‌بوو ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، هه‌ر بۆیه‌ زۆرجار بۆ تیكشكاندنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك (به‌ تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تێده‌كۆشێت)، هه‌وڵی تێكشكاندنی سه‌ركرده‌كه‌ی ده‌درێت، ئه‌ویش به‌ چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر، له‌وانه‌ش هێڕش كردنه‌‌ سه‌ر خودی سه‌ركرده‌كه‌ و رێگری كردن له‌ سه‌ركه‌وتنی، ئینجا چ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌، به‌ دروست كردنی دووبه‌ره‌كی، به‌ هاندانی كه‌سانێك بۆ ئه‌نجامدانی كاری دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و بۆ ناڕازی كردنی خه‌ڵك و چەندین هەوڵی تری لەم شێوەیە.... ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ ئاستی هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی فیزیكی سه‌ركرده‌كه‌ (واته‌ تیرۆركردن)، به ‌تایبه‌ت گه‌ر ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ مه‌شروعیه‌تی هه‌بێت ئەوا پاڵپشتی جه‌ماوه‌ریی زۆر ده‌بێت و به‌ رێگاكانی تر ناتوانن تووشی شكستی بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ كورد پێویستی به‌ سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی كه‌ بتوانێت به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ گه‌ر تێكڕای خه‌ڵکی كوردستانیش له‌گه‌ڵی نه‌بن، به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی له‌گه‌ڵ بێت، سه‌رۆكێك كه‌ هێز له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌ربگرێت و هێز به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ببه‌خشێت. ئێمه پێویستیمان به‌ سه‌رۆكێك هه‌یه‌ له‌ خه‌ڵك بێت و بۆ خه‌ڵك بێت، به‌ سه‌قامگیری وڵاتەکەی و دڵخۆشی خه‌ڵكه‌كه‌ی دڵخۆش بێت، رێگه‌ نه‌دات ئه‌م دۆخه ‌ئارامه‌ی هه‌رێم تێك بچێت، سه‌رۆكێك به‌ره‌و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌كجاره‌كی رێبه‌رایه‌تیمان بكات و باوه‌ڕی به‌ فره‌ لایه‌نی سیاسی و ئایینی هه‌بێت و له‌ هه‌مان كات بتوانێت هه‌موومان به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانمان كۆبكاته‌وه‌ بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكات. سه‌رۆكێك باوه‌ڕدار بێت به‌ ره‌وایه‌تی داواكاری گه‌له‌كه‌ی و له‌و پێناوه‌ قوربانی دابێت و ئاماده‌بێت قوربانی بدات. سه‌رۆكێك كه‌ بیه‌وێت گه‌ل هه‌ڵیبژێرێت و بە دەنگی ئەوان ببێتە سەرۆک كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا لوتكه‌ی دیموكراسی و باوه‌ڕ به‌خۆبوون و به‌ گه‌له‌كه‌یه‌تی. بێگومان ئه‌و سه‌رۆكه‌ش ته‌نیا مه‌سعود بارزانییه‌، خاوه‌نی مه‌شروعیه‌ته‌ و له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ش ناسراوه‌ و حیسابی بۆ ده‌كرێت.
مه‌به‌ستم له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ پێداهه‌ڵگوتن نییه، چونكه‌ باوه‌ڕم پێی نییه و‌ واش په‌روه‌رده‌ كراوم كه‌ ڕاستییه‌كان بڵێم و به‌ كه‌سیشدا هه‌ڵنه‌ڵێم و جه‌ناب?
Top