بەردەوامبوونی مەینەتیی كوردە فەیلییەكان
April 4, 2013
وتار و بیروڕا
گریمانەی ئەوەش دەخرایە ڕوو كە میكانیزم و پلانی ئەوتۆ دروست بن بۆ ئەوەی هەرچی زووە مەینەتی عیراقییەكان كەمبكرێنەوە و ئەو زامە بەسوێیانەی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس بكەری بوون ساڕێژبكرێن..
هەروەها لە چاوەڕوانی ئەوەشدا بووین ئەوانەی لە ناوەندوچەقەكانی یاساداڕشتنەوەدان و ئەوانەش كە جڵەوی دەزگاكانی جێبەجێكارو دادوەری بە دەستەوە دەگرن خاوەن ویژدانێكی زیندووی وا بوونایە كە هەمووانیان ئاسوودەو دڵنیابكردایەتەوە، چونكە خاوەن دەسەڵات لەو چەقانەدا پێویستە ئەمینداری بەرژەوەندییەكانی عیراقییەكان بن و پارێزەرانی مافەكانیان و وەدیهێنەرانی ئاوات و خەونە ڕەواكانی خەڵكی گشت عیراق بوونایە، پێویست بوو بەرپرسان لە هەر كەس و لایەنێك بوونایە مێژووی عیراقی تازە شارەزا بوونایەو ئەو تاوان و نەهامەتییانەی پێشووی وەچەكانی عیراقیان فەرامۆش نەكردایە..
لێرەوە نامانەوێت ڕەسەنایەتی و سیمای ڕاستەقینە و دێرینەیی كوردە فەیلییەكانی عیراق بێنینەوە یاد، هەروەها نامانەوێت زەینی عیراقیی وەبیربخەینەوە لەسەر عیراقیی بوونی ئەم پێكهاتە زوڵم چەشتووە، ئەو زەینەی مخابن بۆی؛ كە تووشی شەوكوێری بووە، ناشمانەوێت باس لە ڕۆڵی كارای فەیلییەكان بكەین لە بزووتنەوەی سیاسی عیراقدا چ لە مێژووی تازەو مێژووی كۆنیشیدا، ناشمانەوێت كاروانی شەهیدەكانیان بخەینەوە پێش چاوان، ئەو شەهیدانەی بە شكۆوە لاپەڕەكانی مێژووی عیراقیان درەوشاندۆتەوە، یان ئەوانەیان كە بەشداربوون لە بونیادنانی ڕۆشنگەری و هونەرو سیاسەتی ئەم وڵاتەدا..
لەم ڕووەوە زۆر خامەبەدەستی ڕۆشنفیكر لە بارەی مافەكانی ئەو پێكهاتەیەیان نووسیوە، لە دەسپێكی دیباجەی دەستووری عیراقیشدا ئەو جینۆساید و ستەمە شۆڤینستانەی دەرهەق بە كوردە فەیلییەكان ئەنجام دراون خراونەتە ڕوو، هەر لە بەزۆركۆچپێكردنیان و داماڵینیان لە ڕەگەزنامەی عیراقیبوونیان بە هۆی هەندێك فاكتەرەوە كە بە لای خاوەن ویژدانەكانی خەڵكی عیراقەوە شاراوە نین..
چەندین تێزو لێكۆڵینەوە لە لایەن مامۆستایانی زانكۆیی و ئەكادیمیستە زانستخوازەكانەوە نووسراون لەسەر هەموو ئەو ستەمانەی كە ئەوساو تا ئێستاش ئەم پێكهاتەیە بە دەستیەوە گیرۆدەن، نا دادپەروەری و ناجوامێرییە گەر بێت و دۆزی ڕەوای ئەم كەسانە فەرامۆش بكرێت كە جادەیان تەخت كردووە بۆ ڕزگاربوون لە دیكتاتۆریەت، تەنیا ئەوانیشن كە تا ئەمڕۆش تەرمی كەسوكاریان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا پێ نەدۆزراوەتەوە، ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ ڕژێمی نوێ سیاسەتی خۆ لە گێلیدان لە هەمبەریان بەكار بهێنێت و گوێچكەكانی خۆی بئاخنێت تا گوێبیستی مەینەتی و دۆزی ڕەوایان نەبێت كە پڕ بایەخترین دۆزێكە بۆ ئەم زەمانەو پێویستی بە لێتوێژینەوەی زیاترە..
كێشەی مانەوەی كوردە فەیلییەكان لە ناو ئۆردوگاكانی جاهروم و ئازنای ئێراندا بە جڵەوكراوی نەك تەنیا جێی نیگەرانییە، بەڵكو ویژدانیش دەهەژێنێت، ئەوانە نە ڕەگەزنامەی عیراقییان پێ ڕەوا دیترا، نە ڕەگەزنامەی وڵاتێكی دیكەیش، واتە بە هەڵواسراوی و لە بێ مافیدا باروگوزەرانیان لێشێوێنراوە، لە پاش گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەش نە حكومەتە عیراقییە یەك لە دوا یەكەكان و نە ئەنجوومەنی نوێنەران و نە حكومەتی هەرێمی كوردستانی عیراق و نە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دۆزەكەی بۆ چارەسەر نەكردوون و ماوەی چارەكە سەدەیەكە بە ئاوارەیی و دەربەدەری و دوور لە زێدی خۆیان هێڵراونەتەوەو ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییش هەر فەرامۆش كراون..
هەر كەسێك بیەوێت نەهامەتییەكانی كوردە فەیلییەكان بە چاوی خۆی ببینێت پێویستە بچێتە ناو مافە مرۆییەكانیانەوە كە چۆن ڕژێمی سەدام لەوتاندوونی و تا ئەمڕۆش لە شوێنەوارەكانی ئەو لەوتاندنەی مافەكانیان دەناڵێنن و كەس ئاوڕێكی بۆ نەداونەتەوە، ئەهلی سیاسەت و بەرپرسان بە ململانێ سیاسیی و شەڕە كورسیی پۆست و دەسەڵاتەوە خەریكن كە لە خێرو بێری چاڵە نەوتەكانەوە گەنجینەی لەسەر كەڵەكە دەكەن و برا كوردە فەیلییەكانیشیان زستانان خەون بە تەنەكە نەوتێكەوە دەبینن، هیوا دەخوازن بەو ئامڕازانەی كە ناهەقیی لادەبات لەسەریان و سەرلە نوێ دەیانگێڕێتەوە بۆ زێدی لەدایكبوون و سەر ماڵ و حاڵی خۆیان كە ڕژێمی سەدام لێی زەوت كردبوون، لە كاتێكدا باری بێ ڕەگەزنامەیی تاوانێكە یاسای نێودەوڵەتی حەرامی كردووە كەچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گوێی خۆیان لە ئاست كوردە فەیلییەكان قەپات كردووە..
مەینەتیی كوردە فەیلییەكان بەردەوامە، چاوەڕێن خاوەن ویژدان زیندووانی عیراق ئەوانەیان كە بۆ بونیادنانی عیراقی نوێ لە خەمدان لێیان وەدەنگ بێن، شەرمەزارییە لەم زەمەنەدا پێكهاتەیەكی گەورەی وەك كوردی فەیلی تا ئێستاش گەمارۆدراوی ئۆردوگاكان بن و سێبەری یاسا ستەمكارەكەی ڕژێمی بەعس كە لە هیچ و خۆڕایی سزای شۆڤێنستی بەسەردا سەپاندوون بەسەریانەوە مابێت، پێویستە قەرەبووی ئەو قوربانیانەیان بكرێتەوە، قەرەبووی ئەو ساڵانەش كە خانەوادەكانیان بێ ماڵ و حاڵ كراون و لە مافی ڕەوای ژیان و كارو نیشتەجێ و پیشەو موڵكەكانیان داماڵراون..
لەو بڕوایەداین هەموو خاوەن ویژدانێكی زیندوو چیتر مانەوەی كوردی فەیلی لە ناو ئۆردوگاكانی ئێراندا پێ قبوڵ ناكرێت، هەر نیشتمانپەروەرێك بە پێی تواناو ئەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی هەوڵ بدات باروگوزەرانی مرۆیی و یاسایی ئەو پێكهاتەیە ڕێكبخاتەوە چونكە شوورەییە وەچەكانیشیان هەر گیرۆدەی غوربەت و قۆڵبەستی و باری بێ ڕەگەزنامەیی بن و لە وڵاتێكی دراوسێ فڕێدرابن بە بێ ئەوەی ئەو وڵاتە لە ماوەی ئەو چارەكە سەدەیەدا كە دووچاری زوڵملێكردن بوونەتەوە مافی هەمیشەیی پەناهەندەیی پێ بەخشیبن، چیتر چاوەڕوانی بەسە..
زەمەنێك تێپەڕی پێویست وا بوو حكومەتی عیراقی نوێ لە پێناوی دەسەبەركردنی مافی هاووڵاتیەكانیدا كوردە فەیلییەكانی لە مافەكاندا یەكسان بكردایەتەوە بە تاكەكانی دیكەی ئەم كۆمەڵگەیە، بە شوێن گۆڕە بە كۆمەڵەكانیانەوە بووایە، وەك چۆن لە دەقی دەستوورداو لە مادەی 132دا هاتووە كە بە یاسا قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانمەندبوون بە تاوانەكانی ڕژێمی دیكتاتۆری دیاریكراوەو پێویستیشە، كوردە فەیلیەكان بە ئومێدی ئەوەوە دەژین یاسایەك دەربچوێنرێت بۆ ڕێكخستنەوەی ژیانیان و زەمینەسازان بۆ گەڕانەوەیان و گێڕانەوەی بەڵگەنامە فەرمییەكانیان بە بێ ئاڵۆزكاریی ڕۆتیناتی وشك و برینگ..
لا كردنەوە لە نەهامەتیەكانی كوردی فەیلی لە ئۆردوگاكانی ئێراندا ئەمڕۆ داخوازییەكی نیشتمانییەو بە ڕێژەی دڵسۆزی نواندن لە بەرانبەر دۆزە ڕەواكانی گەلی عیراق پیرۆزە، پێوانەی ڕاستەقینەیی دڵسۆزی نواندنە بەرانبەر پێكهاتەیەكی زوڵم لێكراوی ئەم وڵاتە، پێویستە هەر كەسێك بە پێی بەرپرسیارێتی مرۆیی خۆی ئەو دڵسۆزییە مرۆییە تۆمار بكات..
گەرچی دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق سزای هەندێك لە باڵادەستانەی ڕژێمی پێشووی دا كە دەستیان هەبووە لە كوشتن و دەركردن و دەربەدەركردنی ئەو پێكهاتەیەدا، بەڵام چەندین مافی دیكە هەن كە پێویست بە یاسا ڕێكبخرێن، داوا لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین لە ئاستیدا یەكدەنگ بن، بە تایبەتی باشترە كە لە دوایەمین قۆناغی مانەوەیان لەو ئەنجومەنەدا لاپەڕەیەكی پرشنگدارو نیشتمانیی تۆمار بكەن بە وەستانیان شان بە شانی گێڕانەوەی مافەكانی نەوەكانی كوردی فەیلی، داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش دەكەین هەڵوێستی نیشتمانی خۆیان هەبێت لە ئاست ئەو پێكهاتەیەی زۆریان بەم وڵاتە بەخشی و نە سیاسەت و نە دادپەروەری تا ئێستاش مافە لەوتاوەكانیانی نەگێڕاوەتەوە، تا ئێستاش قەرەبووی زیانە زۆرو زەبەنەكانی خێزانە فەیلیەكان نەكراوەتەوە، كوردی فەیلی بە چاوی پڕ ئەشكەوە تەماشای موڵك و ماڵیان دەكەن كە تا ئێستاش بە دەست كەسانی دیكەوە داگیركراوەو پێیان نادەنەوە، دە ساڵە تێر بەڵێن بوون بێ ئەوەی تێر ماف بكرێن..