بەهێزكردنی متمانە لەنێوان حكومەت و هاووڵاتییاندا

بەهێزكردنی متمانە لەنێوان حكومەت و هاووڵاتییاندا
وەك گووتراوە متمانە هەمیشە سروشتێكی ئایندەیی هەیە نەك هەنووكەیی، واتە متمانە لەئەنجامی كەڵەكەبوونەوە دروست دەبێت نەك بەتەنها جارێك، بۆیە متمانە بژاردەیەكی ئەخلاقیی دوو لایەنەیە لەنێوان مرۆڤەكانداو، بەردەوامبوونیشی دەوەستێتە سەر ئەنجامەكانی دوای متمانە پێدان.
حكوومەتەكانی جیهانی دیموكرات وئازاد زۆر گوێ لەخەڵكی دەگرن بۆ دیار كردنی خاڵە لاوازەكان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەكان، چونكە وەك دەڵێن: خەڵك خۆیان دەزانن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن ئەگەر بدوێنرێن، بەڵام بۆ ئەوە ی بدوێنرێن تەنها پێویستییان بە گوێ لێگرتن هەیە.
چاكتركردنی باری گوزەرانی خەڵك و باشتركردنی باری ئابووریی هاوڵاتییان و بەدەمەوەچوونی داواكارییە رەواكانیان و وەڵامدانەوەی خواستەكانیان، هۆكاری سەرەكین بۆ بنیاتنانی پردی متمانە لەنێوان حكومەت و هاووڵاتییاندا، چونكە جاران كەسیاسەت ئاراستەی بەجووڵەی ئابووری دەدا، رەنگە كێشەكانی كۆمەڵگە وەك ئەوەی ئەمڕۆ ئاڵۆزو گران نەبووبن، بەڵام ئەمڕۆ كە ئابووری ئاراستە بەجووڵەی سیاسەت دەدات، كێشەكان لەلای حكومەتەكان زیاد لەپێویست ئاڵۆزتر بوونە لەبەر نەمانی یان نەبوونی دیدگایەكی رۆشن كە بوارە لەپێشینەكانی ئابووریی دیار بكات.
لێرەوە دیاركردنی ئاراستەی ئابووریی هەرێم لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە، چونكە ئەگەر ئاراستەی جووڵەی خۆمان دیار نەكەین، لەوانەیە نەگەینە ئەو شوێنەی دەمانەوێت بۆی بچین و پێی بگەین.
لەبەرئەمەشە پەیوەندیی نێوان بنیاتنان و رووخاندنی متمانە، پەیوەندییەكی هاوشێوەیە، واتە ئەگەر لەلایەكەوە نەما یان لاواز بوو، ئەوسا لای بەرامبەریشەوە نامێنێت یان لاواز دەبێت.
متمانەی رووخاو بنیات دەنرێتەوە ئەگەر هۆكاری رووخانەكەی بەهۆی بارودۆخێكی نەخوازراوەوە بووبێت، بەڵام ئەگەر بەهۆكاری خودی وكەسیی بێت، ئەوسا بنیاتنانەوەی زۆر زەحمەت دەبێت، ئەگەر بشكرێت دەبێتە پینەكردنەوەی متمانە نەك بنیاتنانەوەی، چونكە بنیاتنانی متمانە گرانە، بەڵام بنیاتنانەوەی زۆر گرانترە.
پرسیاری یەكەم لێرەدا ئەوەیە كە چی وادەكات متمانەی هاووڵاتییان بەحكومەت لاواز بێت؟
رەنگە هۆكارەكان زۆر بن، لەوانە بۆ نموونە:
یەكەم : بەڵێنی زۆرو نەبوونی یان كەمیی میكانیزمەكانی جێبەجێكردن.
دووەم: متمانەكردن بە چەند كەسێكی كەم، نەك بەدەزگاو دامەزراوەكان.
سێیەم: تەماشاكردنی پۆست و پلەی كار وەك دەستكەوت وماف.
چوارەم: بەرزكردنەوەو خستنەڕووی دروشم نەك پێشكەشكردنی پڕۆژە.
پێنجەم: دابڕان لەخەڵك و پەیڕەوكردنی سیستمی بیرۆكراسیی و خۆشاردنەوە لەخەڵك.
شەشەم: پەیڕەو كردنی رێگە ناتەندروستەكانی دامەزراندن وەك خزمایەتیی و واسیتەو ناعەدالەتیی.
حەوتەم: قورسكردنی كاری هاووڵاتییان دووربوون لە سیستم و نەبوونی یان لاوازیی لە بەدامەزراوەییكردن.
پرسیاری دووەمیش ئەمەیە: چۆن متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت بەهێز دەكرێت؟
ئەم هەنگاوانەی خوارەوە هەندێكن لەو رێگەچارانە بۆ بەهێزكردنی متمانە لەنێوان حكومەت و هاووڵاتییاندا:
یەكەم: گێڕانەوەی رەهەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانی بۆ چەمكی سیاسەت و دەسەڵاتداریی.
دووەم: كەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی پۆستە باڵاكان.
سێیەم: لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمیی و گەندەڵكاریی.
چوارەم: بەسەروەركردنی یاساو یەكسان بوونی هەمووان لەبەردەمی یاسادا.
پێنجەم: ئازادیی لەدەربڕینی راستییەكاندا.
شەشەم: ئەنجامدانی چاكسازیی بینراوو هەستپێكراوو بەردەوام.
حەوتەم: چاكتركردنی سیستمی حزبایەتیی و، جیاكرنەوەی بوارەكانی كاری حزب لەبوارەكانی كاری حكومەتدا.
هەشتەم: دەستكردن بەپەیڕەوكردنی سیستمی نووسین و بەدیكیۆمێنت كردنی بەڵێن و گفتەكان و، وازهێنان لەبەڵێنی گوتراوو سەرزارەكیی یان نووسراویی كارپێنەكراو.
ئەمانەو هەندێكی دی لەهەنگاوەكانی چاكسازیی هۆكاری سەرەكین بە بەهێزتركردنی متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت، كەئەركی ئەم متمانە سیاسییەش دروستكردن یان بنیاتناوەی پردی پەیوەندیی نێوان هەردوولایەو، ئامانجی متمانەی سیاسییش دابینكردنی سەقامگیریی كۆمەڵایەتیی و سیاسییە لە وڵاتدا.
Top