قه‌یرانی سیاسه‌ت
March 14, 2013
وتار و بیروڕا
به‌ڵام کاتێك براوه‌کان، به چه‌پ و ڕاسته‌وه، له ئاستی ئه‌م قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌دا نابن و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ گرفته ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نادۆزنه‌وه، ئیتر کۆمه‌ڵگه‌کانی قه‌یران په‌نا بۆ ڕێگای دووه‌م ده‌به‌ن که بریتییە له حکومه‌تی ته‌کنۆکراتی ئیداری، که سه‌ر به هیچ حزبێکی سیاسی نییه و خۆی به باڵاتر له حزبە سیاسیه‌کان ده‌بینێت. لێره‌دا ده‌کرێت نموونه به یۆنان و ئیتاڵیا بێنینه‌وه. له‌م دوو وڵاته‌دا ته‌کنۆکراته‌کان له‌پێناوی چوونه‌ده‌ره‌وه له قه‌یران و مانه‌وه له‌نێو یه‌کێتی ئه‌وروپادا چه‌ندین پرۆژه‌یان خستەکار و له قۆناغی یه‌که‌مدا خۆیان واده‌رده‌خست که سه‌رکه‌وتنی ته‌کنۆکراته‌کان موسته‌حیل نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی که تیمێك له ته‌کنۆکراتی دابڕاو له بازاڕی ئازاد‌و مێکانیسمه‌کانی بتوانن سیاسه‌تی «ته‌قه‌شوف» به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌کاندا فه‌رزبکه‌ن. هه‌ڵبژاردنه‌کانی 24 ی فێڤریوه‌ری 2013 له ئیتالیادا ده‌ریانخست، پاش شکسته سه‌خته‌که‌ی ماریۆ مۆنتی، تاچ ئاستێك ئه‌م لۆژیکه له‌رزۆکه و چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌کته‌ره سیاسیه پیشه‌ییه‌کاندا چۆکداده‌دات و فڕێده‌درێته په‌راوێزه‌کانه‌وه. پرۆژه ریفۆرمخوازه‌کانی ته‌کنۆکراته‌کان نه‌ك هه‌ر شکستیان هێنا، به‌ڵکو ئه‌کته‌ره‌کانیشی ڕووبه‌ڕووی شکستی تراژیدی بوونه‌وه و هه‌موومان تێگه‌شتین له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌کان سیاسه‌تی«ته‌قه‌شوف» ڕەت ده‌که‌نه‌وه.
له‌هه‌لومه‌رجێکی ئاواداو کاتێك ئێ‌لیتی سیاسی و ته‌کنۆکراته‌کان ده‌سته‌وەسانن له‌به‌رامبه‌ر گرفته ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا و کاتێك کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌کان، له ئاستی جیادا کارتی سوور به هه‌ر یه‌کێك له‌م دوو ئه‌کته‌ره ده‌ده‌ن، ئیتر ده‌نگێکی دیکه، هێزێکی دیکه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌که‌وێت و خۆی وه‌ك گۆدۆی چاوه‌ڕوانکراو ده‌خاته سه‌ر شانۆکان. ئه‌م هێزه‌ش بریتییه له هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریانه‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی کلاسیکیه‌وه دێن و گوزارشت له چاوه‌ڕوانی و خه‌ونه‌کان ده‌که‌ن. له ئیسپانیادا بزووتنه‌وه‌ی«مه‌حرومه‌کان» به‌هێزترین گوزارشته له‌م هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه نوێیه که به‌هێزی سێیه‌م ناوزه‌ده‌مانکرد. گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌م هێزه له‌وه‌دایه که به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی ڕوون و دامه‌زراوی نییه‌و داواکارییه‌کانی به‌شێوه‌ی کۆنکرێتی ده‌سنیشان نه‌کردووه و ئه‌م گرفته‌ش به‌دڵنیایه‌وه کاره‌کانی بۆ ئاسان ناکات.
کاتێك پرۆژه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کان شکستدێنن، شکستی حزبی سیاسی کلاسیکی، شکستی ته‌کنۆکراته‌کان، شکستی بزووتنه‌وه‌ی مه‌حرومه‌کان، ئیتر هه‌لومه‌رجی بابه‌تیانه‌ی ده‌رکه‌وتنی هێزێکی دیکه‌ی سیاسی ده‌خوولقێت که ده‌کرێت به((پۆپولیست)) ناویبه‌رین. ئه‌م هێزه پۆپۆلیستە له هه‌موو پانتاییه‌کاندا کارده‌کات و له‌یه‌ککاتدا له‌چه‌پی چه‌پ و ڕاستی ڕاستیشدایه. به‌شێکی گرنگ له هێزه‌کانی چه‌پی چه‌پ له ئه‌وروپادا پشتیان کردوه‌ته ململانێی چینایه‌تی و خۆیان وه‌ك هه‌ڵگری گوتارێکی نوێی دژ به سه‌رمایه‌داری تێکه‌ڵ به ژینگه‌پارێزی ده‌خه‌نه سه‌ر شانۆ سیاسیه‌کان. باشترین نمونه‌ش بریتییه له ((به‌ره‌ی چه‌پ)) له فه‌ره‌نسادا که ژان لیوك میلانشۆ ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کات. هێزێکی له‌م شێوه‌یه، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت له پانتایی سیاسی‌دا ڕووبه‌رێک داگیربکات، پێویستی به‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌و حزب و سه‌ندیکا و ڕێکخراوانه کۆبکاته‌وه که له ڕابردوودا کاراییان هه‌بووه و له ئێستا و ئێره‌دا هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م هێزانه بریتین له هه‌موو ئه‌و گرووپانه‌ی که له ڕاستی ڕاستدان و مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تیان بریتییه له ((نیشتمانیی-پۆپۆلیستی» ڕادیکاڵ. لیستی درێژی ئه‌م هێزه هه‌موو ئه‌و گروپانه له خۆده‌گرێت که له چوارچێوه‌ی دژایه‌تیکردنی بێگانه، دژایه‌تیکردنی ئیسلام، بانگه‌شه بۆ ڕاسیزم، دژایه‌تیکردنی کۆچبه‌ر، دژایه‌تیکردنی جوله‌که‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه. گوتاری ته‌به‌نیکراو بریتییه له تێکه‌ڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به خه‌ونی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و چینه‌کانی ناوه‌ند و خاوه‌نکاره بچوکه‌کان. ڕه‌نگه باشترین نموونه‌ش بریتی بێت له ((کۆمه‌ڵه‌ی باکوور)) له ئیتالیادا.
بێگومان تا ئێستاش ڕاستی ڕادیکاڵ نه‌یتوانیوه هه‌ژموون به‌سه‌ر کێڵگه‌ی سیاسی ئه‌وروپیدا بکات، به‌ڵام تائێستاش هه‌ر به‌هێزه و ڕووداوه‌کان لاوازیان نه‌کردوه. پێموایه هه‌ڵه‌ده‌که‌ین گه‌ر پێمانوابێت له داهاتویکی نزیکدا چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی فاشیست له‌م هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه دێنه ده‌ره‌وه و هه‌ژموون به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کاندا ده‌که‌ن. هه‌ر هیچ نه‌بێت پارادۆکسێكی توند ئه‌م ڕێگایه‌یان لێده‌گرێت. ئه‌وان له‌لایه‌که‌وه بۆئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌لای خۆیاندا ڕابکێشن دێن و گوتاری ئه‌نتی سیمیت و ئه‌نتی ئیسلام گه‌شه‌پێده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا بۆئه‌وه‌ی حکومه‌تداری بکه‌ن ناچارن به‌وه‌ی که رێز له پرانسیپه‌کانی کێڵگه‌ی سیاسی بگرن و دێمۆکراسی وه‌ك ڕژێمی سیاسی قبوڵبکه‌ن. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دایه که ئه‌کته‌رێکی سیاسی وه‌ك ئه‌لێنزا نازینۆلا دو ژینفرانکۆ فینی له ئیاتالیادا، له‌ڕێگای داننان به یارییه دێمۆکراتیك و ده‌ستووریه‌کانه‌وه، وازی له ڕاستی ڕادیکاڵ هێناو خۆی تێکه‌ڵ به ڕاستی کلاسیکی کرد. هه‌روه‌ها به‌ره‌ی نیشتمانی فه‌ره‌نسی که ئێستا مارین لۆپێن سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات، ده‌یه‌وێت وه‌ك حزبێکی ڕێزگر له دیمۆکراسی و ده‌ستور خۆی بخاته سه‌ر شانۆ و پشت بکاته ئه‌نتی سامی و ڕووبکاته به‌هاکانی جمهوریه‌ت و گوتاره‌کانی ڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ی چینی کرێکاران بکات.
تا ئێستا بزووتنه‌وه‌کانی ڕاستی ڕادیکاڵ نه‌یانتوانیوه ئه‌م قه‌یرانه گه‌وره‌یه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربێنن و بۆ کۆتایی هێنان به کاره‌ساته‌کانی کۆمه‌ڵگه قه‌ناعه‌ت پێبکه‌ن که به‌ته‌نیا ئه‌وان مه‌سیحی ڕزگارکه‌رن. چه‌ند بزووتنه‌وه ڕاستڕه‌وه‌کان له ڕادیکاڵیسم دووربکه‌ونه‌وه، هێنده‌ش ئاستی سه‌رکه‌وتنیان به‌رزده‌که‌نه‌وه. باشترین به‌ڵگه ده‌ره‌نجامه‌کانی سیلڤیۆ بێرلیسکۆنیه که ده‌یه‌وێت له‌یه‌ک کاتدا پۆپۆلیستی و دیمۆکراتیش بێت. ئه‌و ده‌زانێت که به‌ته‌نها پۆپۆلیستیبوون یان دیمۆکراتبوون دادی نادات و ناچاره هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌که به‌یه‌که‌وه ببه‌ستێت. هه‌روه‌ها له 2012 دا نیکۆلا سه‌رکۆزی له‌سه‌ر هه‌مان په‌ت یاری کرد، هه‌رچه‌ند هه‌ڵبژاردنه‌کانی دۆڕاند، به‌ڵام ده‌یان ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا.
له‌نێو ئه‌م هه‌موو بیناکردنه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ی دنیای سیاسه‌تدا، ده‌نگێکی دیکه‌ی ناوازه، تاقانه، تایبه‌تمه‌ند له سه‌رهه‌ڵداندایه که ده‌کرێت ناوی بنێین: پۆپۆلیستیە‌تی پێکه‌نیناوی. له ئیتالیادا ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌ی بێپ گریلۆ، ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی کۆمیدی، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مساڵدا هه‌موومانی تووشی سه‌رسوڕمانکرد. بێگومان ئه‌م دیارده‌یه تازه‌نییه‌و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له فه‌ره‌نسادا ئه‌کته‌رێکی کۆمیدی به‌ناوی کۆلیوش له‌به‌رزترین ئاستدا گوزارشتی له‌م ڕه‌وته کردووه. خاڵه به‌هێزه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بریتییە له ڕه‌خنه‌گرتن له سیسته‌می سیاسی، قسه‌کردن له نیشتمانپه‌روه‌ری، به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ڕه‌ددکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی«ته‌قه‌شوف»ی تکنۆکراته‌کان. ئه‌وانه‌ی که ده‌نگ به‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌ده‌ن ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دژ به سیاسه‌ت نین و له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تدانین، به‌پێچه‌وانه‌وه، خه‌ونی ئه‌وان بریتییە له گۆڕینی ده‌موچه دووباره‌بووه‌کان و ڕێگادان به ده‌رکه‌وتنی که‌سایه‌تی تازه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه چه‌ند سیاسه‌تی «ته‌قه‌شوف» ره‌د ده‌کاته‌وه، هێنده‌ش دژایه‌تی بزووتنه‌وه ڕاستڕه‌وه‌که‌ی بێرلسکونی ده‌کات و له‌یه‌ک کاتدا کۆمه‌ڵێك دروشم له ڕاست و کۆمه‌ڵێك دروشم له چه‌پ قه‌رزده‌کات، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا به‌گژ هه‌ردوولاشیاندا ده‌چێته‌وه.
بێگومان مێژوو کۆتایی نه‌هاتووه‌و چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی له‌م جۆره له داهاتوودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌ك چۆن له ڕابردوودا سه‌ریان هه‌ڵداوه. سه‌رکرده‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وانه، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌کرێت ئه‌کته‌ری کۆمیدی بن ئاواش ده‌کرێت ئه‌کته‌ری دنیای ئابووری و وه‌رزشیش بن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که گومانی تیادا نییه، به‌رده‌وام نه‌بوونیانه. ئه‌م بزووتنه‌وانه له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌دان: یان تێکه‌ڵ به کێڵگه‌ی سیاسی ده‌بن و یاریه‌کانی دیمۆکراسی قبوڵ ده‌که‌ن، یان له‌ناوده‌چن و کۆتای‌یان پێدێت.
له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م لێکدانه‌وانه، ره‌نگه کاتی ئه‌وه‌هاتبێت که ئێمه له خۆمان بپرسین: ئایا ئه‌م قه‌یرانه یه‌ك له‌دوایه‌کانه، ئاماژه‌نین بۆئه‌وه‌ی که ئێمه پێمان ناوه‌ته قۆناغی پۆست دیمۆکراسیه‌وه؟ ئایا به‌رده‌وامی ئه‌م قه‌یرانانه ده‌رگا له‌سه‌ر دروستبوونی چه‌ندین دیارده‌ی دیکه ناکه‌نه‌وه که ڕه‌نگه کۆمه‌ڵگه‌کانمان بخه‌نه به‌رده‌م گریمانه‌ی ترسناکی زه‌بروزه‌نگ؟
* سۆسیۆلۆگ، سه‌رۆکی ده‌زگای زانسته مرۆییه‌کان، پاریس. سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی