جیاوازی و لەتبوونی بزووتنەوەی نەتەوایەتی
March 7, 2013
وتار و بیروڕا
هەربەشێكی كوردستان لەژێر سایەی سیستەمی حوكمڕانی لەهەر یەك لەو چوار دەوڵەتەدا كە كوردستان بەسەریاندا دابەشكراوە، بووە خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی، بێگومان ئەمە كاردانەوەی راستەوخۆی هەبووە بەسەر ئاست و پەرەسەندنی هوشیاری سیاسی و خەبات لەپێناو رزگاری نەتەوەیی، هەریەك لەم دەوڵەتانەو بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكتر كاریگەرییان بەسەر ئاراستەكردنی رێڕەوی بزووتنەوەی سیاسی و بەربەست دروستكردن لەڕێگەی هەر هەوڵێكی كۆكردنەوەی وزەو تواناو هەماهەنگی لەنێوان حزب و لایەنە سیاسیەكانی پارچەكانی كوردستان بەمەبەستی قووڵكردنەوەی زیاتری ئەم جیاوازییەی كە دابەشكردنەكە بۆ خۆی دروستی كردووە. كە لە ئاكامدا كەلێن و لێكترازانی ریزەكانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی بەدوادا هات و حزب و لایەنی سیاسی جیاجیا بەپێی تایبەتمەندی هەر پارچەیەكی كوردستان دامەزران و دەست كرا بە هوشیاركردنەوەی خەڵك و دانانی بەرنامە و پلانی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیركەران بەمەش خەباتی ئازادیخوازی خەڵكی كوردستان مۆركێكی پارچەیی وەرگرت.
بێگومان لەژێر سایەی سیستەم و شێوەی حوكمڕانی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان خەڵكی كوردستان كەمترین دەرفەتی كاری سیاسی ئاشتیانەی بۆ نەما و ئەم دەوڵەتانە بۆ وەڵامدانەوەی بچووكترین جموجۆڵ و داواكاریەكی خەڵكی كوردستان پەنایان بۆ بەكاربردنی هێز دەبرد واتە بۆ سەرەدەریكردن لەگەڵ ئامانجە ئازادیخوازەكانی خەڵكی كوردستان لۆژیكی هێز وەكو پرەنسیپێكی هەمیشەیی بەدرێژایی دەیان ساڵ پیادە كراو رەتكردنەوەو لەناوبردنی بەرامبەرەكەیان بووە جەوهەری سیاسەتی شۆڤێنیستانەی ئەم دەوڵەتانە، لەبەرامبەر ئەمەدا هێز و لایەنە سیاسیەكان لەبەر نەبوونی كەمترین بوار و نەفەسێكی ئاشتیانەی خەباتی سیاسی ناچار بەپێی تایبەتمەندی هەر پارچەیەكی كوردستان دەبوایە بەهێز بەرەوڕووی دڕەندەیی و شۆڤێنیەتی داگیركەران ببنەوە بەواتایەك كە خەباتی چەكداری و پێشمەرگایەتی وەكو تەنیا رێگەیەك لەبەردەم خەڵكی كوردستان مایەوە كە دەبێ بەهێز بوونی خۆی بسەلمێنێ و لەم ڕێڕەوەدا تووشی نەهامەتیەكی زۆر و جینۆساید بوو. بێگومان دەستبردن بۆ هێز بۆ بەرەڤانی لەخۆی بووە توخمێكی سەرەكی لە سایكۆلۆژیەت و بیركردنەوەی تاكی كوردستان و رەنگدانەوەی بەسەر هەموو لایەنی ژیانیدا هەبووە.
لەكوردستانی عێراق خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی هەوراز و نشێوێكی زۆری هاتەڕێ و لەتبوون و لێكترازانی تێكەوت و رەتكردنەوە و لەناوبردنی یەكتری بەرۆكی حزب و لایەنەكانی گرت و لەئاكامدا شەڕی ناوخۆی لێكەوتەوە و پرەنسیپی بەكارهێنانی هێز دژ بە یەكتری (شەرعیەتی!) پێدرا و هەڵبەت ئەمە بێجگە لەوەی كە قوربانیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو لە وزە و توانای بەرەنگاربوونەوەی داگیركەری خواردو كاریگەرییەكی هەمەلایەنەی بەسەر بزووتنەوەی سیاسی جێهێشت و هەموو لایەنی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانی گرتەوە، ئەم گرژیەی ئەمڕۆ لە گوتاری سیاسی و رۆشنبیریی كوردستاندا هەیە زۆری بۆ ئەم باكگراوندە نەخوازراوە دەگەڕێتەوەو تا ئێستاش ئەم ڕابردووە تاڵە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ململانێكان دەخوێندرێتەوە كە بەداخەوە لەدوای ئەم نیمچە ئازادییەی كە لە كوردستان بەدەست هاتووە دەبوایە ببێتە وەرچەرخانێك لەتێڕوانینی هێزو لایەنە سیاسیەكان و هەروەها بەشێوەیەكی تایبەت لای رۆشنبیرانی كوردستان كە نەخزێنە ناو ئەو سەنگەربەندییە كە بێگومان لەبەرژەوەندی ئێستای خەڵكی كوردستان نییە، پێم باشە لێرەدا ئاماژە بە وتەیەكی سەرۆك بارزانی بكەم كە دەڵێت: (چیتر خوێنی كورد بەدەستی كورد ناڕژێت) لەڕاستیدا ئەمە لە ئاكامی خوێندنەوەیەكی قووڵی ئەوساو ئێستای بارودۆخی كوردستانەو لە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە هاتووە و چەترێكی بەرز و فراوانە كە دەكرێت لەژێر سایەیدا دوور لە ڕق و كینەی كەڵەكەبوو و خولیای خۆسەپاندن و ڕەتكردنەوەی بەرامبەر، پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان گەشەبكات و ببێتە بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی ئاشتكردنەوەو ئاساییكردنەوەی ململانێی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەباوەشكردنی جیاوازی لە تێڕوانین و هەڵویستی لایەن و ناوەندە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكان و قبوڵكردنی بەرامبەر.