ڕەهەندەكانی بەشداریی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی CDI

ڕەهەندەكانی بەشداریی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی CDI
رۆژانی 21و22/9/2012 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا، كۆنگرەی فراوانی حزبە دیموكراتە میانڕەوەكانی جیهان Centrist Democratic International كە لە زمانی ئینگلیزی بە CDI ناسراوە و لە زمانی ئیسپانیدا بە IDC ناسراوە، ئەنجامدرا. پێشتر سكرتاریەتی CDI، لە رێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) داوەتنامەیەكی فەرمیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد تاوەكو سەرۆكی (پ.د.ك) لەو كۆنگرەیەدا بەشدار بێت. كۆنگرەكە بە بەشداری حزبەكانی ئەندام لە CDI و چاودێر و مێوانەكان لە 34 وڵاتەوە دەستی بە كارەكانی كرد كە بریتی بوون لە وڵاتانی (ئەمریكا، ئیتاڵیا، ئۆكرانیا، بەلجیكا، بەرازیل، كرواتیا، ئەڵمانیا، هەنگاریا،مۆریتانیا، مەكسیك، پیرۆ، پورتوگال، ئیسپانیا، ئەلبانیا، جەزاییر، ئەنگۆلا، بولگاریا، كوبا، یۆنان، ئێرلەندا، لوبنان، مەدگاسكار، مەغریب،پەنەما، موزامبیق، رۆمانیا، سوید، سان مارینۆ، فەرەنسا، ئێل سلڤادۆر، فیلیپین، پاكستان) لە هەموو رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست تەنها (پ.د.ك)و حزبی كەتائیبی لوبنانی بەو پێیەی ئەندامی CDI ین، وەكو ئەندام بەشداربوون. لەناو شاندەكاندا سەرۆك وەزیرانی (ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەلبانیا، هەنگاریا، ئێرلەندا، یۆنان) و سەرۆكی پەرلەمانی ئیتالیا (فینی) بەشداربوون.
لە ڕێ و ڕەسمی وتار خۆێندنەوەدا، تەنیا سەرۆك وەزیرەكان و سەرۆكی پەرلەمانی ئیتالیا و جەنابی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە جیاتی هەموو وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا و ئەمین جومەیل سەرۆكی پێشووی لوبنان، وتاریان پێشكەش كرد.
بەشداری جەنابی سەرۆك بارزانی و پێشكەش كردنی وتارێكی گرنگ، كۆمەڵێك رەهەند و ماناو كاردانەوەی گرنگی هەیە لەوانەش:
دیبلۆماسیەتی فرە رەهەند
(پ.د.ك) وەكو هێزێكی دیار و بەرچاوی خەڵكی كوردستان كە 66 ساڵە قاڵبووی خەباتی رزگاریخوازییە، لەسەر بنەمای كاری دیموكراسی و نیشتمانی، بە وردی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەخوێنێتەوە، سەرچاوە و رایەڵەی هێزە نێو دەوڵەتیەكان و جیاوازیەكانیان و خاڵە هاوبەشەكانیان لێك دەداتەوە و هەوڵ دەدات بە گرتنەبەری دیبلۆماسییەتی فرە رەهەند (Multi-Dimentional) لە ناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، دۆست بۆ كوردستان زیاتر بكات و باشتر و كاریگەرانەتر دۆزی كوردستان بە دنیای دەرەوە بگەیەنێت. لەو رووەشەوە (پارتی) مامەڵەیەكی هاوسەنگ دەكات لەگەڵ پارت و هێزەكانی ناو چوارچێوەی (دیموكراتی، سێنتەرسیت و پارێزگارەكان كە لە IDU و CDI دا خۆیان دەبیننەوە) و (هێزە لیبراڵەكان) و (هێزە سۆشیال دیموكراتەكان كە لە SI )خۆیان دەبیننەوە. بۆ (پ.د.ك) لە سیاسەت و پێوەندییەكانی دەرەوەیدا هێندە ئەجیندا نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان زاڵە، بە هیچ كڵۆجێ باوەڕە فیكرییەكانی خۆی ناكاتە تاكە پێوەری مامەڵەی دیبلۆماسی و نابێتە بەشێك لە بلۆكبەندی ئایدیۆلۆژی. پێش كۆنگرەی CDI لە رۆما، كۆنگرەی سۆسیال دیموكراتەكان SI لەسەرەتای مانگی 9/2012 لە باشووری ئەفریقیا لە كەیپ تاون ئەنجام درا، لویس ئەیالای سكرتێری (SI) داوەتنامەیەكی فەرمی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كردبوو، بڕیار بوو جەنابیان بەشداری بكات، بەڵام لەبەر هاتنی شاندی دیكەو كۆبوونەوەی پێشتر بڕیار لەسەردراو، نەیتوانی بە شەخسی بەشدار بێت و نوێنەری (پ.د.ك) بەشداری چالاكانەی كردو نامەیەكی تایبەتی سەرۆك بارزانی گەیاندبووە لویس ئەیالا. بڕیارە لە مانگی 10/2012 لە (ساحل العاج) كۆنگرەی لیبراڵەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی بكرێ و بە فەرمی پارتی داوەتكراوەو شاندێكی باڵای پارتی بەشدار دەبێت. پێشتریش بۆ كۆنگرەو كۆنفرانسەكانی پارتی كۆمۆنیستی چین، شاندی پارتی بەشداری كردووەو بڕیارە پاش كۆتایی كۆنگرەی 18ی پارتی كۆمۆنیستی چین، لەسەر بانگهێشتی بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی پارتی كۆمۆنیست كە ئاراستەی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوە كراوە، شاندێكی راگەیاندنی (پ.د.ك) كە لە 8 كەس پێكهاتوون سەردانی پەكین بكەن، لەماوەیەكی نزیكی ئایندەشدا سەرۆك بارزانی، لەسەر بانگهێشتی رووسیا سەردانی مۆسكۆ دەكات.
هەموو ئەمانە ئاماژەی ئەوەن، كە (پ.د.ك) خەمی گەورەی پرسی نەتەوەیی كوردو گەیاندنیەتی بە ناوەندە جیاجیاكانی دنیا و بانگهێشت كردنی و بەشداری كردنی لەم كۆنگرانە، باشترین بەڵگەی سەركەوتوویی سیاسەت و هەڵوێستەكانی (پ.د.ك) و سەرۆك بارزانین.
پەیام و هەڵوێست و سیاسەتی روون
سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا لە كۆنگرەی فراوانی CDI، كۆمەڵێك تەوەرو بابەتی زۆر گرنگی وروژاند، كە بووە مایەی جێی سەرنجی سەرجەم ئامادەبووان.
(Ivan Doherty) بەرپرسی پرۆگرامی پارتە سیاسییەكان لە بارەگای سەرەكیی پەیمانگای نیشتمانی دیموكراسی NDI كە لە كۆنگرەكە بەشداربوو پێی وتم (وتارەكەی بارزانی ماناو ئاڕاستەی گرنگی تێدا بوو، گەشبینی و ئایندەبینییەكی جوانی تێدا بوو كە زۆر بە زەحمەت ئەم جۆرە وتارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێن). لەلایەكی دیكە (Bertil) كە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی (CDU)ی فەرمانڕەوای ئەڵمانیایە و لە كۆنگرەكە بەشدار بوو پێی وتم (بەشداریی بارزانی و قسەكانی قورساییەكی زیاتری بەخشیە كۆنگرەكە).
بە پێی تەكنیكی شیتەڵكاری گوتار (Discoures Analysis)، وتارەكەی جەنابی سەرۆك پەیامی روون و كاریگەری تێدا بوو كە خەڵكی كوردستان لە چ رابردووییەكەوە هاتووە، چ قوربانییەكی داوە، ئێستا لە كوێیەو چی بە دەست هێناوەو دەیەوێت بۆ كوێ بڕوات و روانینی روونی هەیە بەوەی كە چۆن بەرەو ئایندە بڕوات. ئەم ستراكچەرە لە وتارەكەی سەرۆك بارزانی، كاریگەری دیاری لەسەر ئامادەبووان هەبوو، بە جۆرێك پاش تەواو بوونی وتارەكەی، (Casini) كە سەرۆكی CDI بوو و كۆنگرەكەی بەڕێوە دەبرد گوتی (زۆر سوپاس بۆ دۆستی نزیك و بەڕێزمان بەڕێز سەرۆك بارزانی كە بە شانازییەوە توانیویەتی رابەرایەتی میللەتەكەی بۆ ئازادی و دیموكراسی و ئاوەدان كردنەوە بكات و ببێتە نموونەو چیرۆكێكی سەركەوتوو لە ناوچەیەكی هەستیاردا).
دیپلۆماسیەت لە سەردەمی جیهانێكی فرەجەمسەردا
بەشداری سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی (CDI)دا رەهەندێكی دیكەی هەبوو بەوەی كە بتوانێ هەڵوێست و سیاسەت و پێگەی هەرێمی كوردستان و تێڕوانینی بۆ ئایندە بگەیەنێتە زۆرترین وڵاتانی ئەوروپا، چونكە لە كۆی 27 وڵاتی ئەوروپی، حزبە ئەندامەكانی CDI لە 16 وڵات حوكمڕانن یان لە ئیئتلافی حوكمڕانین. كەواتە، ئەم حزبانە قورسایی و كاریگەریی گەورەیان لە یەكێتیی ئەوروپا و سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپاو بەمەیش لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیە. ئێستا جیهان لەبەردەم كۆمەڵێك جەمسەری هێزدایە و جیهان بەرەو قۆناغی فرەجەمسەری دەچێت (Multi Polar). یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكاو چین و رووسیاو بەرازیل و هیند لەو جەمسەرە سەرەكییانەن. بۆ ئێمە گرنگە لەسەر پرەنسیپ و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ستراتیژییەكانی خەڵكی كوردستان، پەیام و هەڵوێست و دەنگی خۆمان بگەیەنینە ئەو جەمسەرانە. بیسەلمێنین كە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت فاكتەرێكی كاریگەرو كارتێكەری گرنگ بێت لە بەڵانسی هێزی ناوچەكەو ئاسایشی وزەو دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ. بۆیە، بەشداریی سەرۆك بارزانی و جەختكردنەوە لەسەر پێگەو هەڵوێستی كوردستان، جووڵەیەكی دیكەی ئەكتیڤ و دەستپێشخەرە بەو ئاڕاستە فرەجەمسەریەدا.
Top