ڕاستەڕێگای بزاڤی دیموكراتی كورد

ڕاستەڕێگای بزاڤی دیموكراتی كورد
(1)
بزاڤی رزگاریخوازی كورد لە جەوهەردا بزاڤێكی دیموكراتی مرۆڤانی و پێشكەوتنخوازە، چونكە تێدەكۆشێت بۆ ئازادی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس و دادی كۆمەڵایەتی.
لەوڕا، هەرچەندە هەندێ گرووپ و كەسایەتی كوردی ناو بەناو بەرەو ئەندێشەی دەمارگیرانە یا ڕەوشی توندڕەوانە، دەڕۆن. بەڵام لە ناوەڕۆكی گشتیدا بزاڤی كورد لەچوارچێوەی بزاڤێكی دیموكراتییانەیە، ئەگەریش گشت ئەندام و كادیر و سەركردەكانی كورد بە ئەندازەی پێویست لە چەمكی دیموكراسی نەگەیشتبن.
بزاڤی كورد، كە بە گشتی ناویدەبەین، مەبەستمان بزاڤەكەیە لە گشت هەرێم و پارچەكانی كوردستان.
(2)
ئارۆ(ئەمڕۆ) بزاڤی كورد لە توركیا بەرەو راستەڕێگا چووە، چ لە ناوەڕۆكی كۆمەڵایەتییدا، یا لە هەڵسوكەوتی سیاسی رۆژانە و گشتیدا. لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە بزاڤی باكوور بەناخی زۆرتین خەڵكی ئەو هەرێمەدا چووەتە قوڵایی لە میتینگ و خۆپیشاندانەكان(هەروەك لە ریفراندۆمی دوایی) دەبینین كە ملیۆنان مرۆڤی كورد پێكەوە دەكەونە ڕێ و هەڵوێستوەرگرتن، وەك ئەو مانگرتنەی قوتابیانیش لەپێناو خوێندن بە زمانی زگماك.
گەورەترین پارتی كوردیی ئاشكرای ئیرۆی باكوور، پارتی ئاشتی و دیموكراتی(هەروەك پارتی پێشووی خۆی) بۆ ژنان ڕێژەی 40% داناوە لە دەزگا باڵاكانیدا.
ئەوەش نموونەی نییە نە لەسەر ئاستی كوردستان بەگشتی، نەش لەسەر ئاستی توركیا و خۆرهەڵاتی ناڤیندا. لەوڕا دەبینین كە رێژەی بەشداربوونی كچان و ژنان لە گشت جەمبوون و خۆپیشاندانەكانی باكوور ئێجگار بەرز و بەرچاوە.
لەوێدا ژن دەستی بە ئازادی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەیشتووە، ئەو دیاردەیەش ئومێدێكی گەشی ئاییندەی بزاڤی باكوورە.
هەر لە هەمان راستادا بووژانەوە و سەرهەڵدانی فراوانی هونەری و ئەدەبی و زانستی لەنێو خەڵكی كوردی باكوور، بە ئاشكرا، دەركەوتووە.
كەواتە: ئازادی دەربڕین لە تەك ئازادی حیزبایەتی و رێكخراوەیی و كۆمەڵایەتیدا بەرەو پێش چووە.
ژنان و پیاوانی باكوور، بەشێوەی تەبیعی دەستیان بەو ماف و ئازادییانەوە گرتووە.
لەپاڵ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیدا جولانەوەی ئاوەدانی و جوانكاریی شەقام و شارەكان و خزمەتگوزاری شارەوانی بەرەو پێشدەچێت هەرچەندە بوودجە و توانای داراییان سنووردارە.
لەسەرێكی دیكەشەوە چینی ناوەندی كۆمەڵایەتی پەرە دەسێنێ و، كورد لە ژیانی بازرگانی و ئابووری توركیادا چوست و چالاكن، ئەوانەن نیشانە دیارەكانی پشكۆتنی ناوەڕۆكی كۆمەڵایەتی بزاڤی دیموكراتی كورد لە باكوور كە مەرجی هەرە گرنگی پێشكەوتنەكانی داهاتووە بەرەو شارستانەییەت و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و سەرفرازی.
پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵكی باكوور گرنگترین زامنی پێشكەوتنی بزاڤی سیاسی دیموكراتییە.
(3)
گەشانەوە و پێشكەوتن لەبیری سیاسییانیشدا دەبینین. ئیرۆ جەماوەری باكوور ئارامتر و قووڵتر بیردەكەنەوەو، لە هەڵچوون و تەسكبینی و دەمارگیری دوور دەكەونەوە، پرۆسەی ریفراندۆمەكە گەلەك دیاردەی سەركەوتووی پیشانداوە.
ئەوەی لەبەرچاوە و، بەرزی دەنرخێنین، گیانی قبووڵكردنی یەكترە، یەكەمین جارە دەنگدەرانی كورد، هەرچەندە بە ئاشكرا، دوو بەرەو دوو هەڵوێستی جیاواز بوون لە ریفراندۆمەكەدا، بەڵام یەكتریان قەبووڵكردووە.
بەلای منەوە، دەبێ رووناكبیر و هۆشیارانی گوڕەپانی ڕامیاری باكوور پتر جەخت بخەنە سەر چەسپاندن و فراوانبوونی ئەم ڕەوشە بەرزە، واتە: یەكتر قبووڵكردن.
كۆمەڵگای تورك یەكتریان قبووڵە، هەرچەندە ململانێ و پێشبركێی نێوان حیزبە گەورەكانی تورك ئێجگار گەرمە، بەدەنگی بەرز ڕەخنە لەیەكدی دەگرن، بەڵام لە ئەنجامدا یەكتر و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش قبووڵدەكەن.
كۆمەڵگای كوردی باكووریش بەرەو ئەو راستایە هەنگاڤی ناوە، ئەمەیان دیاردەیەكی دڵخۆشكەر و ئومێد بەخشە، بەرهەمی پێشكەوتنەكانی دیكەیە لەبواری بیری سیاسی و ناوەڕۆكی كۆمەڵایەتی و كەلتووریدا.
لەوڕا دبێژم كە ئەزموونی كوردی باكوور دەبێتەوە نموونەی سەركەوتووی داهاتوومان، لە سەرانسەری كوردستانی گەورەدا، دیارە پێشكەوتنی بزاڤی دیموكراتی كورد لە هەر هەرێمێكدا پێشكەوتن و مزگێنی ئاییندەیە بۆ هەرێم و دەڤەرەكانی دی.
(4)
ئیرۆ بزاڤی دیموكراتی باكوور چەندین دەرفەتی نوێی بۆ كراوەتەوە:
1. ئەگەری بەنێو دەوڵەتییكردنی دۆزی كورد دەركەوتووە، گرووپێكی ئەنجوومەنی دانایان و شارەزایانی ئەوروپا كەوتنە چالاكی و ئامادەییان پیشانداوە بۆ ناوبژی و پاراستنی ئاگربەس و چەسپاندنی پرۆسەی دیالۆگ و ئاشتی لەنێوان گەلی كورد و حكومەتی توركیادا.
كەسایەتییەكی گەورەی ئەم گرووپە، بەناوی دانایانی ئەوروپاوە، پێشنیاری كردووە: «ئاگربەس لەژێر كۆنترۆڵی نێودەوڵەتی بێت، تەنها لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت دەست بە دیالۆگ و دانووستاندن بكرێت..» هەروەها دەڵێت كە «دەست خستنە نێو مەسەلەكە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی سوودی دەبێت بۆ بەرژەوەندی توركیا و تەنانەت بەرژەوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش»(بڕوانە: وتەی ئەلبێرت روهان سكرتێری گشتیی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا –خەبات -21/9/2001).
بەنێودەوڵەتیبوونی مەسەلەی كورد هەنگاوێكی گرنگە كە چەندین ساڵە بۆی دەكۆشین، ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەمی زایینی، بەتایبەتی 1988 بەدواوە، لە یاداشت و بانگەوازەكانمان بۆ ڕای گشتی دنیا، بەناوی بزاڤی كوردەوە، ئەوە بووە كە مەسەلەی كورد مەسەلەیەكی جیهانییە، پێویستە كۆنگرەیەكی فراوانی نێودەوڵەتی بەئامادەبونی هەر چوار وڵاتی كوردنشین، گرێبدرێت تا چارەسەری دادپەروەرانەی كێشەی كورد دابنرێت، هەر بۆیەش داوامان دەكرد كورد وەكو(ئەندامی چاودێر) لە نەتەوە یەكگرتووەكان UN وەربگیرێت، تا ئەو ڕۆژەی نوێنەری هەمیشەیی دەبێت.
2. گۆڕانكارییەكی گرنگی دیكە ئەوەیە ئێستا حكومەتی توركیا ئیتر بە ئاشكرا دەیدركێنێ كە چاوی بە عەبدولڵا ئۆجەلان و نوێنەرانی PKK دەكەوێ بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆزی كوردەوە، هەروەها كۆمەڵگای مەدەنی و كەسایەتییە رووناكبیرەكانی توركیا لەحكومەتی وڵاتەكەیان دەخوازن تا ئیتر بە فەرمی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP وەك نوێنەری كورد لە دیالۆگ دابنیشێت.
خاڵی گەش و پۆزەتیڤیش، لە تەك هەموو ئەوانەدا، هەڵوێستی دروستی سەركردەكانی مەیدانیی پەكەكەیە كە درێژەیان بە ئاگربەس داوە، بەو هیوایەی پترو پتر درێژەی پێبدەن تا بگاتە ئاشتەوایی و ئارامی.
خەباتی سیاسی ئاشتیانە هەنگاڤێكی گرنگی دیكەی ڕاستەڕێگای بزاڤی دیموكراتی كوردە.
Top