خۆ بەزلزانین، نەزانینە

خۆ بەزلزانین، نەزانینە
(1)
هەر كاتێك وابزانم كە زۆر شت دەزانم ئەوەندەی پێناچێت بۆم دەردەكەوێ كە هیچ نازانم.
ئەوەتا دەمانگوت هەوڵبدەین بزانین ئایا لەم گەردوونەدا بوونەوەری زیندووی دیكە وەك ئێمەی مرۆڤگەل هەیە؟
ئایا هەسارەی دیكەی وەك زەوین هەن كە باری ژیان هەڵبگرن؟ ئەو كاتە وەك خۆمان بۆی دەچووین. خۆمان بە (حەقیقەتی) گشتی گەردوون دەزانی، دەمانویست هەسارە و گیانلەبەری وەك خۆمان بدۆزینەوە، چونكە خۆمان بە پێوار و نموونەی ژیان و بوون دەزانی.
دەمانپرسی: ئایا (وەك ئێمە) كەسانی دیكە هەن؟!
واتە: ئەگەر وەك ئێمە هەبوون ئەوە هەوڵدەدەین پەیوەندییان لە تەكدا گرێبدەین، وەلی ئەگەر (وەك ئێمە) نەبوون چی؟!
(2)
لەو سەرەدەمانەدا خۆمان بەزل دەزانی.. خۆمان بە هەموو شت دانابوو.
ئێستا دەركەوت كە ئەو خۆ بەزلزانینە لە نەزانینەوە هاتووە. دەبێ دان بەوەدا بنێین كە هیچ نازانین. هیچ نین بەرامبەر بە نهێنییە شاراوە و ئاشكراكانی گەردوون.
نە بەس ئەوە، بەڵكو زانای هاوچەرخی فیزیا و فەلەكناسی بەریتانی(هاوكینگ)، كە بە هۆشیارترین و داناترین بیریاری زیندوو دەناسرێ بەوە گەیشتووە پێمان بڵێ:
- گەلۆ! وازبێنن لەم حەز و كۆششانە بۆ دۆزینەوەی بوونەوەرانی دیكەی گەردوون! ڕەنگە هەبن.. كەسانێك لە ئێمە زیرەكتر و زاناتر. بەڵام ناسینەوەیان جێگەی دڵنیایی نییە. بەڵكو مەترسیدارە.
(هاوكینگ) (2) زیاتریش بۆی دەچێ و دەبێژێ:
- هەر نەیانناسن و نەیانبینن باشترە. چونكە ڕەنگە پەیوەندیتان بەوانەوە گێژو سەرسامتان بكات. بەڵكو تێگەیشتنی ئینسان لەو بوونەوەرە هۆشمەندانە دژوارو زەحمەتە.
ئەم زانایە بەوە گەیشتووە كە بوونەوەری زیندوو و بەهۆش و زیرەكتر لەم گەردوونەدا هەنە. لەگەڵ ئێمەدان. نزیكمانن. بەڵام ئەگەر هەندێكیان بگەنە لامان ڕەنگە هەموو شتێكمان لێتێكبچێ و لە دەسمان دەربچێ! ئیتر درەنگ دەبێ بۆ چاككردنەوەی هەڵەكان.

(3)
نەفامی و گەوجی ئینسان بێهاوتایە، وەلی هەر پێدادەگرێ. هەرچەند نەزان بێ زیاتر سوور دەبێ، هێشتاش واز ناهێنێ.
تازە بەتازە بە دووی ئەسڵی خۆیدا دەگەڕێ.
ئێستا بەوە گەیشتووە كە نژادی ئینسان لە نژادی مەیموونەوە نەهاتووە. بەڵكو لە نیاندەرتاڵەوە هاتووە، لەو گیانلەبەرەی كە ساڵانی پەنجاكان ئەسكەلەتیان (2) لە ئەشكەوتی(شانەدەر) دەرهێناوە.
زانایان بە پشكنینی ژینەتیك بەڕاستی زۆر شتی كۆن گەیشتوون، گوایە شاژنی جوانی میسری (كلیۆپاترە) بە ژاری مار خۆی نەكوشتووە (وەكو مێژوو تا ئێستا دەیڵێ) بەڵكو بە ژاری چەند گیا و داوو دەرمانی كوشندە كۆتایی بە ژیانی هێناوە، كە كۆكتێلی لێدروست كردبوون.
بۆ ئەمڕۆ چ گرنگە كلیۆپاترە (بەر لە دوو هەزار ساڵ) چۆن مردووە؟ بەڵام مەسەلەكە زانستە، كە مرۆڤ تێدەكۆشێ لە هەموو شتێك تێبگات.

(4)
زۆر شت بە بن بەست دەگات
ئەوەتا زانینی مرۆڤ لەمەڕ ئەسڵ و فەسڵی خۆیەوە بە ڕێگایەكی باریك و تەنگ دەگات. چونكە هزری هەر لە چوارچێوەدایە كە لە گیانلەبەرێكی دیكەوە هاتووە.
ئەی ئەو گیانلەبەرە لە كوێوە سەریهەڵداوە؟
دیارە، هەروەها، وەك پەیژە، پێدا دەچینە خوارەوە، تا دەپرسین:
- ژیان لە كوێوە هاتووە؟!
چی بووە كە ڕۆح (یا ئەنەرژی) خراوەتە قاڵبی مادیی گیانلەبەرەوە؟ مادە زووتر بووە یا وزە (ئەنەرژی)؟ ئەگەر تیۆری تەقینەوە مەزنەكە (Big Bang) ڕاست بێ، ئەوە دەبێ گەردیلەیەكی هەرە بچووك تەقیبێتەوە و ئەم گەردوونە سەرسام هێنەرەی خوڵقاندبێ؟!
- ئەدی ئەو گەردیلەیە بە چ وزەیەك تەقیوەتەوە؟ ئەو وزەیە لە كوێوە هاتووە؟ گەردیلەكە خۆی هی كوێیە؟
گریمان بڵێین: وزەكە هەمان ڕۆحە. ئەی ئەوە ڕۆحی كێیە و ڕۆحی چییە كە بە قاڵبی گیانلەبەرانا دەچێ؟
كەواتە: وەك (هاوكینگ) دەڵێ: دەستی لێنەدەین باشترە، بە پاكی بژێین و هیچ تر، بشزانین كارێكی چاكە، چونكە مەعریفەت چێژی تایبەتی هەیە، بەڵام هەمیشە وەها بزانین كە هیچ نازانین، گەرنا نەزانین و، لە هەموو گیانلەبەرێكی دیكە نەفامترین.


1- گۆڤاری((تایم) جوناثان لیك، وەرگێڕانی ئەلسەباح – 3/5/2010.
2- ئەسكەلەت: ئیسك و پروسكی ئینسانی مردوو.
Top