كەواتە (زەردەشتی) ڕەنگدانەوەی سروشتی خۆمانە ... (1-2)

كەواتە (زەردەشتی) ڕەنگدانەوەی سروشتی خۆمانە ... (1-2)
ئەگەر لە وتاری سێ هەڵقەیی پێشوو شتێكت وەگیرنەهات سەبارەت بە پەیوەندیی ڕیشەیی زمانی كوردی و زمانی ئاڤێستا كە گرنگترین سەرچاوەی ڕامان و فەلسەفەی زەردەشتە، ئەوە لە ئاییەكی دیكەوە تەماشا دەكەم و ئەوشم(1).
أ- زەردەشتی دەبێ ڕەنگدانەوەی سروشتی خۆمان بێت، مەبەستیش لە خۆمان گشت ئەو خەڵكەیە كە لە نیشتمانی زەردەشتیدا ژیاون، لە زەمانی ئەوەوە تا بە ئەمڕۆ، واتە: ئەو خەڵكانەی كە زەردەشتیان قبووڵكردووە، ئەمانەش گەلانی ئاریایی دەگرێتەوە، بە كورد و ئەفغان و فارس و بلوچ و ئەرمەنی و خەڵكی دیكەوە.
ب- وشەی(ئاری) چەندین مانا دەدات: ئاگر، ئاور، ئایر، واتە: ڕووناكی، هەروەها بە مانای نەجیب و ئەسڵزادە و ڕەسەن بەكار دێ.
جـ- ڕامان و فەلسەفەی ئایینەكە و ڕێوڕەسم و ئایدیا و بۆچوونەكانی زەردەشت، هەموو ڕەنگدانەوە و خوڵقێنراوی سروشتی خۆمانە، واتە: ئێمە زەردەشتیمان خوڵقاندووە.. كە هاتووە ڕەنگی سروشتمان ئەداتەوە.
بە واتایەكی دیكە: هەر ئایین و كولتوورێك خوڵقاوی سروشتی نەتەوەیەكەو، ڕەنگدانەوەی كەسایەتی هەمان نەتەوەیە، هیچ ڕامان و كەلتوورێكی بێڕیشە و بێبنەما نییە، كەوا لەو دوورە لە هەوا ڕاوەستاوە. بەڵكو دەبێ ڕیشە و بناغەیەكی هەبێ.
ڵ – وەلێ ئەوەی، جێگەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە هیچ ئایین و كولتوورێك نەیتوانیوە سروشتی هیچ نەتەوەیەك بگۆڕێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە.. هەر نەتەوەیەك ئایین و كولتوور و ئایدیولوژییەكانی بەپێی سروشتی خۆی داڕشتۆتەوە.
بۆ نموونە: ئایینی مەسیحی نەیتوانیوە سروشتی یەكسان (واتە نەیتوانیوە یەك رەوشت و خود و بۆچوون و ئایدیا و فەلسەفە) لەلای گشت گەل و نەتەوەكانی باوەڕدار بە ئایینی مەسیحی، دروست بكات، ئەوەتا شوێنكەوتووانی مەسیحی لە دنیادا، زۆرینەترین پێشكەوتووانی هەر ئایینێك پێكدێنن، بەڵام سەرەڕای زیاتر لە دوو هەزار ساڵ، ئەوە شوێنكەوتووی ڕۆژهەڵاتی مەسیحی هەمان سروشتی پێشوویان هەیە، خەڵكی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەسپانیا و سوید و ئەوانی تر، كە مەسیحین، بەڵام هەر گەلێك، جیاجیا، سروشتی خۆیان لە دەس نەداوە.
بەڵێ! ئایینی مەسیحی دنیابینیی دیكەی بەو گەلانە بەخشیوە، كە جیایە لە دنیابینی پێشووی هەر یەكێكیان، بەر لەوەی ببن بە مەسیحی.
هـ- خۆ لە جیهانی ئایینی ئیسلامیشدا ئەو دیاردەیە زەقە، ئەوەتا ئیسلام سروشتی گەلی عەرەبیشی نەگۆڕیوە، هەروەها سەبارەت بە تورك و كورد و فارس و هیندی (و پاكستانی) و ئەفغانی و .. ئەو هاووڵاتییە ئەوروپی و ئەمەریكیانەش كە لە سەدەی دواییدا بوونەتە موسڵمان.
بە پێچەوانەش.. لە جیاتی ئەوەی ئایین و ئایدیۆلۆژیای سروشتی گەلان و نەتەوەكان بگۆڕێت، ئەوەتا هەر گەلێك، تا ڕادەیەك، ئایینەكانی بەپێی سروشت ( و.. كولتووری) خۆیان داڕشتووەتەوە. هەر بۆیەش دەبینین دەیان گەلی موسڵمان، كە ئەمڕۆ هەن، هەر كەس بە توندوتۆڵی خەریكە زمان و كەلەپوور و فولكلور و هونەر و كولتووری كەوتارای خۆی دەپارێزێت.
و- ئایین جۆرێك كولتوور و ئایدیولۆژیاییە، بەڵكو لقێكی گرنگی كولتوورە، بەڵام هێشتا، لە جیهانبینی ئەوتۆ بەولاوە، نەیتوانیوە سروشتی هەرە كۆن و ڕەسەن و ڕیشەداری هیچ گەلێك بگۆڕێت.
ئایدیولوژیاش، چ فەلسەفی بێ یا سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هی تر، هەروەها نەیتوانیوە سروشتی هیچ گەل و نیشتمانێك بگۆڕێت.. بۆ نموونە: ماركیسزم لە ئەڵمانیاوە دەركەوت، بەڵام زوو بەزوو ڕووسیا ڕەنگی خۆی بە ماركسیزم داو ناوی لێنا ماركسیزم لینینیزم، لە وڵاتی چین ڕەنگێكی جیاوازی ماركسیزم پەیدابوو، هەروەها لە ئەلبانیا و یوگسلافیا و وڵاتی دیكە.. لە واقیعیشدا هەر نەتەوە و وڵاتێك ڕەنگی كولتووری و سروشتی خۆی بە بەری ماركسیزمدا كرد.
ز- دیاردەیەكی وەهاش لە جیهانی مەسیحییەتدا دەبینین، كە چەندین كەنیسەی جیاجیا هەنە، تەنانەت دوو پاپاش هەنە: پایای فاتیكان و پاپای قیبتی لە وڵاتی میسر.. هەروەها مەسیحییەكانی فەرمانڕەوای فیلیپین و نیجیریا لەگەڵ پەیڕەوانی ئیسلامدا ناكۆكن، لە كاتێكدا قەشە و ڕەبەنەكانی چەندین وڵاتی ئەمریكا لاتین(باشوور) ئازادیخواو شۆڕشگێڕن و، شان بە شانی چەوساوەی وڵاتەكانیان بۆ ئازادی و داد و یەكسانی و ڕزگاریی كۆمەڵایەتیدا تێدەكۆشن.
پوختە و كورت: دبێژم، ئەوەی كە لێرەدا هێناومەتەوە گریمانێكی خۆمەو، ئەگەری دروستی و نادروستی گفتوگۆی زیاد هەڵدەگرێت، ئەوی ڕاستی بێ، هەرچەندە بیری لێدەكەمەوە و دەخوێنم و ڕادەمێنم، دەبینم هەرچەندە ئایدیولوژیا و فەلسەفە و بیری جۆراوجۆر، بە نێو خەڵكی دنیادا، دێن و دەچن، لە ئەنجامدا هەموو تێكشكاون و هەر نەتەوە و گەلێك بۆ كولتووری خۆی(كە سروشتەكەیەتی) گەڕاوەتەوە، ئەوەتا خەڵكی چین بۆ كولتووری كۆنی(تایۆ/ تائۆ) و كۆنفوشیزم دەگەڕێنەوە، توندڕەوان و بەرەی شۆڤێنستی عەرەبیش بۆ دابونەریتی جاهیلیەتی بەر لە ئیسلام دەچنەوەو، هەندێ قوتابخانەی توندڕەوی مەسیحیش تەپڵی جەنگی خاچپەرستی لێدەدەن، كە جەوهەری ئەم جەنگە لە فەلسەفەی مەسیحییەتەوە، زۆر دوورە، بەڵام (خاچ) بیانوویەكە وەك بیانووەكەی ئەدۆلف هیتلەر لەمەڕ نژادی بەشەرییەوە!


پەراوێز:
1)) ئەوشم : ( بە كەلهوری)واتە : ئەلێم. دبێژم.
Top