ئاوێنە، لای وایە خۆی هەتاوەكەی®

ئاوێنە، لای وایە خۆی هەتاوەكەی®
(أ)
ئاوێنە دەڵێ:
لەگەڵمدا دووپاتی بكەنەوە:
- سوپاسگوزارین، كە ئا ئێستا عەشقی یەزدانی لەمندا خۆی دەنوێنێ.
دووپاتی بكەنەوە:
- سوپاسگوزارین، كە عەشقی یەزدانی لە گشت دارو درەخت و گیانلەبەرانا خۆی دەنوێنێ.
ئاوێنە، هەروەها بەخۆی دەڵێ:
- سوپاسگوزارم كە ئێستا هەتاو دەنوێنم... منم هەتاو!
ئەوەتا زیادەڕەوی ئاوێنەكە... كە تەنیا(وێنەی) هەتاو دەداتەوە، بەڵام لای وایە خۆی هەتاوەكەیە.
هەقی پێبدەن، هەقیش بە هەلاج(1) بدەن كە ئەوەندە تیشكی هەمە خۆی لە وجودی ئەودا دەنواند، ئیتر وایدەزانی كە(خۆی هەقەكەیە).
(ب)
لە ئاوێنەكەی مەگرن ئەگەر وتی: (منم هەتاو).
هەر كەسێكیش تیشكبداتەوە لای وایە كە خۆی تیشكەكەیە.
لێ نازانێ كە تیشكدەرەوەی هەتاوەكەیە.
سەراپای گەردوون بە جوولەی تێشكهاویشتن دەژێ.
سروشت گیاندارێكی رەنگین و شەپاڵە.(2)
هەناسە دەكێشێ و هەناسە دەدات.
بەشێكی بوونەوەران هەوا هەلكێشن، لەسەر گەنجینەی ئەو تۆزە ئۆكسجینەی هەوا دەژین... من و تۆ و قرژاڵ و بزن مژك و فیل و قومری و سەگ و پشیلە و ملیۆنان گیانداری دیكە توخمی ئۆكسجین هەڵدەمژین و دوو ئۆكسێدی كاربۆن دەدەینەوە.
(ج)
لە هەر چركە ساتێكدا دەیان ملیۆن پرۆسەی هەناكێشان و هەناسەدان لە سروشتا ڕوودەدەن.
لێ ، لەو بەر، دارودرەخت و سەوزاییەكان پێچەوانەی دەكەنەوە.. دوو ئوكسێدی كاربۆن هەڵدەمژن و تۆخمی ئۆكسجین دەدەنەوە.
بازنەكە دێتەوە یەك و... هەستی(3) خوولی خۆی دەباتە سەر.
كەوابێ، بە گشت لایەكەوە بەشداری بوون و نەبوونین.
(ء)
لەو هەوایەی تۆ هەردەم هەڵیدەكێشی ملیۆنان گیانداری بچووك و گەورە پشكدارن.(4) تۆ بەو كەمە هەوایە دەژێی كە لە هەناسەی ئەسپ و مار و بەراز و بزن و كۆتر و ملیۆنان جانداری(5) دیكەوە، بۆت دەمێنێتەوە.
تۆ هەناسەدانەوەی گوڵ و گیا و دارو درەخت هەڵدەكێشی.
قورباقە =(بۆق) و ماسی و هەڵۆش لەو هەناسەیە بەشدارن.
تۆ زەڕەیەكی ئەو پرۆسە مەزنەی، وا مەزانە كە خۆت گەردوونەكەی!
بەڵێ: ئەگەر بەو باوەڕەوە بژێی، كە هەمیشە و هەر لەحزەیەك تۆ قەردارباری گشت بوونەوەرەكانی دیكەی سروشتی، ئەوە بە چمكێكی راستی وجود گەیشتووی.
لێ، تۆ كە لە نژادی نەفام (6) و خەواڵوو پەیدا بووبی، ئەوە هەردەم خۆ بەزلزان و سەركەش و لەخۆبایی دەبینی، چونكە ناتوانی بەری پێی خۆت ببینی.
تۆزێك وەرە خوارێ.. وەرە خوارتر، داچەمێ، كرنۆش بەرە، تا نێوچاوانت بە خاكا دەماڵی.. تۆزێكیش پەشیمان ببەوە، لە گشت بوونەوەران و خاك و هەوا و ئاو پۆزش و لێبوردن بخوازە... رابمێنە. گوێ لە زەنگی ناسكی دەروون بگرە... كە لەو ناخەوە تیشكدەهاوێژرێ. ئەو كاتەیە كە بە كۆتایی تۆنێلی تاریكی نەفامی و غافڵبوون دەگەی و، تروسكایی رزگاری دەبینی.
پەراوێز:
(1) هەلاج: مەنسوری هەلاج- سۆفیگەری عاشقی مێژوو، كە بەر لە نزیكەی هەزار ساڵ لە شاری بەغدا، لە سیدارەیاندا و لەت و پەتیان كرد و تەرمەكەیان سووتاند، چونكە لە ڕازی عەشقی یەزدانی ئەو تێنگەیشتن، بەڵكو بە كافر و خوانەناسیان لە قەڵەمدا و ئەو سزا قوڕسەیان بەسەریانە سەپاند... ئێستاش هەلاج سومبولی شەهیدانی عەشقی یەزدانییە.
(2) شەپاڵ: جوان، شۆخ و شەنگ.
(3) هەستی : وجود.
(4) پشكدار: بەشدار، پشك(كرمانجی ژوورو): بەش.
(5) جاندار: گیاندار، جان و گیان لەیەك سەرچاوەن... كە ژیانە لە ئاڤێستا دا گیان بە شێوەی(گیئان) هاتووە.
(6) نەفام: نەزان و گێژ و تێنەگەیشتوو.
- قورباقە: قوڵباقە= بۆق.
Top