باخچەی (گوڵان)
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
سەرەتا بەشێوەی رۆژنامە دەردەچوو، دواتر پێشنیار هاتە پێش تا پاشكۆی ئەدەبی و رۆشنبیریی هەبێ، تا شێوەی گۆڤاری وەرگرت.
بەشێوەی سادە و چاپی سادە دەستی پێكرد.
رۆژنامەنووسانی گەنج، لەو سات و وەختە تێكچڕژاوانەدا گۆڤارەكەیان خستە سەر رێگایەكی دروست.. ئەویش زەمانێك بوو، گۆڤاری ئەدەبی و هونەری دەگمەن بوون.
جوانی بابەت و دەربڕینەكان وەهای كرد، لە ماوەیەكی كەمدا ناوی گۆڤاری(گوڵان) بكەوێتە سەر زاران.
دواتر، كە دەرفەت رەخسا تا لە هەولێر دەربچێت و لە چایخانەی زیاد تاكە گۆڤاری خوێندراوی كوردستان بوو، ئێستاش پێگەی خۆی پاراستووە.
بە سوپاسەوە، یەك دوو ساڵ لە (گوڵان) دەرفەتی نووسینی گۆشەی هەفتانەم هەبوو، كە كەمتر دەربارەی كاروباری راستەوخۆی رامیاری بوون، زۆربەی ئەدەبی و كولتووری بوون.
لەبەر سەرقاڵی ئەركی زیاد كە لە 2006 بەدواوە كەوتە ئەستۆم، دەرفەتی نووسینم بۆ(گوڵان) نەما، ئەم دابڕانەم پێ ناخۆشبوو، بەناچاری لەلایەنی خۆمەوە.. چونكە خوێنەران لێیان دەپرسیم : بۆچی نانووسی؟ هەر ئەوەبوو كە دەمگووت: سەرم قاڵە و ناپەرژێمە نووسین بۆ هەموو گۆڤارێك.
بێگومان لە نووسین رانەوەستامەوە...لەیەك دوو هەفتەنامە و رۆژنامە دەنووسم، لێ ئەو بابەتانەی بۆ (گوڵان) دەمنووسی شێوە و ناوەڕۆكی تایبەتییان هەبوو، ناتوانم هەموو وەختێك زانیارییەكانم لە وتارێكی كورتدا(چڕ) بكەمەوە، من حەزم لە نووسنی كورت و چڕ و ئازادە.
بەهەرحاڵ، بەڵكو رۆژێك بێ جارێكی تر لە(گوڵان) بنووسم، كە بە گۆڤاری خۆمی دەزانم.. مەبەستم (خۆم) ئەوەیە پەیدابوونی دوور نەبوو لە ئاگاداری و هاوكاریان وەكو چالاكێك لە بواری ئەدەب و رۆشنبیری دا.
هەر بەبۆنەی ساڵڕۆژی(گوڵان) ەوە، ئارەزوومە چەند تێبینی بخەمە بەردەست:
1- لە رووی وتاری بەپێزی وەرگێردراودا ، گۆڤارەكە بەرەوپێش چووە، بەتایبەتی كە جیهانبینی و وتاری گەورە پسپۆڕانی دنیا لە بوارە جیاجیاكاندا وەردەگێڕێت و بڵاودەكاتەوە، كە زۆربەیانی سەبارەت بە مەسەلەی كورد و كوردستانن و گرنگن بەباشی دەزانم ئەگەر ناوی وەرگێڕان لە تەك وتارەكاندا بنووسرێت.. كە بێگومان كەسانێك هەن وەردەگێڕن، دووەمیش ئەوەیە بنووسرێت كە ئایا وتارەكان راستەوخۆ لەو پسپۆڕ و زانایانە وەرگیراوە، یا لە سایت و گۆڤار و رۆژنامەكان؟ ناویان چییە؟
2- تێبینی دیكەم: لاپەڕەی كۆمەڵایەتی و هونەر و كولتوورییە، كە ماوەیەك لەسەرەتادا سەركەوتوو بوون، لە كاتێكدا ئێستا چالاكی هونەری و رۆشنبیری زۆر زیادبووە، چ لەلایەنی دەزگا حكومییەكانەوە یا لەلایەنی رێكخراوی مەدەنی و كۆڕ و كۆمەڵەی رۆشنبیری بێلایەنەوە، كاتی خۆیشی پێشنیارم وەهابوو كە پاشكۆی هەبێ، تایبەت بە هەواڵ و چالاكی هونەری و رۆشنبیری و میدیاكان و سەنتەرە بیانی و ئەهلییەكان.
3- دوا تێبینیم ئەوەیە كە پێنووس و دەنگی گەنجان، بەچاكی نایەتەبەرگوێ،(گوڵان) لەسەرەتادا بۆ لاوان و گەنجان دامەزرا، ئێستاش دەتوانن جێگەی بەرهەم و چالاكی قوتابی و لاوان بكەنەوە.
(گوڵان) ئێستا بووە بە باخچەیەك لە گوڵی جوانی بۆنخۆش... جێگەی چین و توێژەكانی دیكەشی لێدەبێتەوە.
پیرۆزبایی لە دامەزرێنەرانی (گوڵان) و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە كە تا ئەمڕۆی دەرچوونی بە جوانی پاراستووە و، خوێنەرانی، ئاواتی سەركەوتنی بەرزتریان دەخوازم.
شادو سەرفراز بن.