له‌ په‌راوێزى ساڵهاتى کیمیابارانکردنی شێخ وەسان و دۆڵی بالیسان

له‌ په‌راوێزى ساڵهاتى کیمیابارانکردنی شێخ وەسان و دۆڵی بالیسان

٣٤ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ئێوارەی ١٩٨٧/٤/١٦ ڕژێمی لەناوچووی بەعس بۆ یەكەمجار چەكی كۆكوژی لە ناوچەكانی خۆشناوەتی و بەتایبەت ھەردوو گوندی (شێخ وەسان) شارۆچکەی بالیسان بەكار ھێنا و، بەھۆیەوە نزیكەی (۲٦۱) كەس شەھید بوون و(۳٥۰)کەسیش بریندار بوون. ژمارەی شەھیدانی ئەم كارەساتە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان نزیكەی ٥٠% ی خەڵكەكە بوو، ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە ڕژێمی لەناوچووی بەعس زۆر بە چڕی بۆردومانی ناوچەكەی كردوورە، لەم بۆردوومانەدا تەنھا مرۆڤەكان زەرەرمەند نەبوون، بەڵكو زیانێكی زۆر بەر ژینگەی ناوچەكە كەوت و زیانێکی زۆر بەر ڕەز و باخی ئەم ناوچەیە كەوت، بگرە ژمارەیەكی زۆر لە باڵندە و ئاژەڵیش مردار بوونەوە بەهۆی بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆکوژە، هەر بۆیەش پەرلەمانی کوردستان ١٦ی ٤ى هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان ناساند، تا ئێستاش كاریگەری ئەم چەكە كۆكوژە ھەر ماوە، دياره‌ ئەو گازانەی كە بەكار ھاتوون لە بۆمبه‌كاندا له‌ جۆرى (خەردەل و سارین) بوون.
-خەردەل- ئاوێتەیەكی كیمیاییه‌ كە لە پۆلێنی ئاوێتە ئەندامیيەكانە كە پێیان دەوترێت (سیۆلەكان) بە پێی توێژینەوەی زانایانی بواری كیمیا ئەم مادەیە دەبێتە ھۆی سووتان لە پێست و سكچوون لە كاتی ھەڵمژینی و زیان بە چاو و سیيەكان و پێستیش دەگەینێت، ھەروەھا زیان بە خانەكانی دروستكردنی خوێن دەگەینێت .
-سارین- ئەم ماددە كیمیایيە ڕاددە ژەھراویيەكەی زۆر بەرزە لە دۆخی شلیو گازیدا، ئەم ماددەیە بە پێی توێژینەوەی زانایان ھێرش دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار و دەبێتە ھۆی مردن لەماوەی چەند خولەكێك و پاش بەركەوتن توانای چوونە ناو لەشی ھەیە لە ڕێگای كۆئەندامی ھەناسە و ھەرس و چاو و پێست. ڕژێمى به‌عسى فه‌تاو ئەم دوو ماددەیەی لەگەڵ بۆنی سێو تێكەڵ كردبوو، بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی لە ساتەوەختی بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆکوژە باران باریوە، کاریگەری ئەوتۆی نەبووە لەسەر زیادبوونی ژمارەی قوربانیان.
لە لایەکی تریشەوە ئەوانەی دەستیان هەبووە لەم تاوانە قێزە نەدا لە بڕی بڕیاری دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنیان کە بووە هۆی بریندار بوون و شەهیدبوونی سه‌دان کەس، لە هەمانکادا لە ناو لایەنێکی سیاسيی دیاریکراو پلە و ئیمتیازاتی باشیان پێ داراوە!!
هيوادارين له‌ ساڵهاتى کیمیابارانکردنی شێخ وەسان و دۆڵی بالیسان تاوانبارانى ئه‌و تاوانه‌ جه‌نگييه‌ په‌لكێشى به‌رده‌م دادگاكان بكرێن.
Top