مه‌رگه‌ساتی هه‌له‌بجه و یه‌ك دوو وشه بۆ گوتن
March 29, 2021
وتار و بیروڕا
یه‌كه‌م: ٣٣ساڵ له‌مه‌و به‌رو له‌وه‌ها رۆژێكدا (١٦/٣/١٩٨٨زاینی) رژێمی به‌عسی دیكتاتۆری فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وكاتی به‌غداد هه‌ستا بهكیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه، به‌وكاره‌ی مه‌رگه‌ساتێكی ئینسانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵك‌و دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كه‌یدا هێنا، زیاتر له پێنج هه‌زار رۆڵه‌ی ئه‌م شاره‌ی به‌پیرو گه‌نج و ژن و كچ و پیاوو مناڵه‌وه شه‌هید كرد. ئیمرۆ له‌یادی ئه‌و رۆژه شوومه‌دا كوردهواری له‌مه‌راسیمێكی ماته‌م ئامێزدایه، پاش ئه‌وه‌ی كه رژێمی به‌عس به‌كۆتا گه‌یشتوه‌و به‌كوێرایی چاوی دوژمنانی ئه‌و شاره بهرۆڵهكانی خۆی شاده‌و به‌روه ئاوه‌دانی تر بوونه‌وه‌ش ده‌چێت.
دووه‌م: یادی مه‌رگه‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌وێته مانگی ئازاری هه‌موو ساڵێكه‌وه، مانگێك كه لێوانه له كۆمه‌ڵێك یادی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و تیایدا مه‌راسیم و ئاهه‌نگ و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ بهرزراگرتنیان ئه‌نجام ده‌درێت. كه تیایاندا باسكردن و هێنانه‌وه یادو زانیاری له‌سه‌ردان و كردنه‌وه‌یان به گوێی جیلی نوێ‌دا لای گه‌لی كورد گرنگی پێده‌درێت، به‌تایبه‌ت له لایه‌ن دهسهبژێرو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه به شێوه‌یه‌كی چڕ و پڕ وه‌ك نه‌ریتێكی لێكراوه‌و رۆژه‌كانی مه‌راسیم وه‌ك پشووی فه‌رمی ناسێنراون. دیاره ئه‌م مه‌راسیم و یادانه زۆربه‌یان مه‌راسیمی سیاسین و ڕووداوی سیاسی بوون چ راپه‌رین وچ كیمیاباران و چ نه‌ورۆز چ له‌دایك بوون ومردنی سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی. بۆیه ده‌بینین مه‌راسیمه‌كانی ئێمه كه زیاترینیان ده‌كه‌ونه مانگی سێ و سه‌ره‌تای به‌هار سیاسی و ریشه‌یه‌كی سیاسیان هه‌یه.
دیاره ئه‌م یاد و مه‌راسیم بۆنه گێڕانانه ئه‌گه‌ر بۆخۆی بریتی نه‌بن له ساباتێك بۆ ئه‌زموون و هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و واتایه‌ك بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ژیان، ده‌بێت چ مه‌غزایه‌كی تر له‌خۆبگرن؟.. خۆده‌زانین مێژووی كوردهواری مێژوویه‌كی سیاسی ڕووته، مه‌خابن به‌شی دۆڕاوی و كهلهلابوون هه‌رده‌م به باڵای گه‌له‌كه‌یدا كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بووه‌ته به‌شێك له یاده‌وه‌ری و چوه‌ته نێو خانه‌ی نۆرمه كۆمهڵایهتیهكانیهوه، له مه‌راسیم و جه‌ژن و بۆنه‌كاندا خۆی هه‌ڵواسیوه به باڵای كلتوور‌و ژیانیدا.
دیاره مه‌راسیمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌ر له‌دایك بوونی مناڵێك و كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند كه‌س له‌خزمان بۆ ناولینانی بیگره تا یادو مه‌راسیمه ساڵانه‌ییه دووبارهوهبوهكانی نموونه، له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌رانه‌وه (چ عیسی و چ موحه‌مه‌د و چ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و چ جه‌ژنی له‌دایك بوونی هه‌ركه‌سێك..هتد) پاشان مه‌راسیمه‌كانی هاوسه‌رگیری و(زه‌ماوه‌ند وبووك گواستنه‌وه تاوه‌كو جه‌ژنه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان). زۆربه‌یان به ئاهه‌نگ و خۆشی ده‌ربڕین ده‌ست پێده‌كه‌ن و واتای فراوانكردنی پانتایی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و فه‌زای خۆشه‌ویستی و هاوكاری و ته‌بایی و پێكه‌وه‌بوون و یه‌ك ئامانج بوون و به‌ره‌و یه‌ك ئاراسته شه‌قاو هه‌ڵگرتن ده‌ده‌ن له بۆنه‌و مه‌راسیمه‌كاندا شته جوانه‌كان ده‌هێنرێنه‌وه یادی هه‌موان و سووربوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پێدانیان ده‌كرێته‌وه..
هه‌رچی مه‌راسیم و یاده كارهساتبارهكانیشه هه‌ر لهتهعزیهو كۆچی دوایی كه‌سێك و چله‌ی ماته‌مینیه‌وه بیگره تا یاده كاره‌ساته جهرگبرهكانی وه‌ك كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و نسكۆكانی شۆڕش و هتد كه تیایدا نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كان ده‌گێردرێنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و نه‌وه‌ی نوێ به‌رگری له ئاستیاندا په‌یدا بكات و ئه‌و رێ‌و شوێنانه كوێر بكه‌نه‌وه، كه ده‌یانباته‌وه سه‌ر ئه‌و چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌هامه‌تیانه. به‌مانا ئه‌زموون وه‌رگرتن وزانیاری دانه به‌خۆو جیلی دواتر له هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی رۆشنتر و به بێ ئه‌وه‌ی بچنه‌وه به‌و رێگه‌یه‌دا كه زیانی به گه‌ل داوه‌و و ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خستوه‌ته به‌ر مه‌ترسیه‌وه.
له‌مه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو كه‌ش و هه‌وایه‌كی گونجاو دروستده‌كات فه‌زای ساز ده‌دۆزێته‌وه، بۆ درووستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌رێنی، ئه‌وه‌ش به هێنانه‌وه یادی ئامانجی هاوبه‌ش و مێژووی هاوبه‌ش و خه‌می هاوبه‌ش و مه‌ینه‌ت و ئازاری هاوبه‌ش ودوژمنی هاوبه‌ش و یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و كۆبوونه‌وه له بۆ یه‌ك مه‌به‌ستی هاوبه‌ش پێكه‌وه به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی هاوبه‌ش ئیتر فه‌زایه‌كی تری سایكۆسۆسیۆلۆجی ده‌خولقێ، كه هاوسوزی و خۆشه‌ویستی هاوبه‌ش له نێو رۆڵه‌كانی گه‌لدا درووست بێـت. بواری پێكه‌وه‌بوون و پێكه‌وه‌كاركردن و پێكه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵگرتن وپێكه‌وه خه‌می داهاتوو لهههگبهنان دروست ده‌بێت. ئه‌مه‌ش وه‌ك نۆرمێك له خوو داب و نه‌ریت و نۆرم و به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا به پێی قه‌باره‌ی خۆیان جێگه‌یان گرتووه‌و له كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌قڵی جهمعیدا جێیان گرتوه‌و شوێنگه‌ی ئه‌رێنیان داناوه، به شێوه‌یه‌ك دهچۆرێنه ناو ره‌فتاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه. به ئه‌نجامدانیان رێز و ئه‌رزشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به ئه‌نجامده‌رانی دهیهخشن.
به‌ڵام دهسهبژێری سیاسی كوردی یان ئه‌وه‌یه له‌م یادانه ئه‌مه‌ی هێنامان هه‌ست پێناكه‌ن؟ یان نه‌خێر ده‌زانن وخۆیانی لێ گێلدهكهن و ده‌یانه‌وێت به‌وئاقاره‌دا نه‌روات؟! گه‌رنا ئێمه چ له جه‌ژن و چ له یاد و چ له‌مه‌راسیمێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بكه‌ین ئه‌گه‌ر فه‌زای په‌یوه‌ندی ئه‌رێنی درووست نه‌كات ئهومهغزا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ئه‌و ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا له پشت مهراسیمانهوه هه‌یه درووست نه‌كات؟