پرسی کەم ئەندامان پرسێکی ئینسانییە

پرسی کەم ئەندامان پرسێکی ئینسانییە

پرسی کەم ئەندامان پرسێکە پەیوەستە بەمرۆڤ و کۆمەڵگەوە، بەدەر لەوەی بۆ خۆی لە نێو جەرگەی کۆمەڵگەوە کەم ئەندامان وەک توێژێکی کۆمەڵگە خۆیان نومای دەکەن، خودی کۆمەڵگە بەدەر لەوەی کە ھۆکاری سەرەکی کەمئەندام بوونیانە، لە ھەمانکاتدا کارکردن بۆیان و لە ئەستۆگرتنی پێداویستییەکانیان و بەدەمەوەچوونی خواست و خەم و گوزەرانیان لەسەر کۆمەڵگاو دەزگا کۆمەڵایەتییەکانیەتی، کە رەچاوی کەمئەندام بوونیان بکات و ھاوکارو دەسگیرۆیی کەری ژیان و گوزەران و باری دەروونی کۆمەڵایەتییان بێت.
کەم ئەندامان لە دێر زەمانەوە بەدەر لەوەی بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەو بەشداری ژیان و واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان بوون، لە ھەمانکاتدا بەشداری بزاڤ و جوولەو چالاکی و رەوت و کێشەو چارەسەرو کاری کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەکانیش بوون.
بەڵام بەردەوام و تا بە ئیمرۆش دەگات لەو کۆمەڵگانەی کە ھێز و باڵادەستی و چینی کۆمەڵایەتی باڵادەست بووە، ھەمیشەو ھەردەم ماف و داوا و خواست و ژیان و گوزەرانیان خراوەتە بەرنەشتەری نادادی و نائینسانییەتەوە، ھەمیشە وەک توێژێکی بەشخوراو کەنارکەوتە و بێنازو سووک تەماشەکراون، ئەگەرچی ئایین و بەھاو عورف و نەریتەکان زۆرجار خواستیان بووەو ھەڵگری ھەنگاوی مرۆیی و ویژدانی بوون، ئەویش بۆ ئەوەی ئەم توێژە لەلایەن کۆمەڵگەوە نەچەوسێنرێنەوە ژیان و گوزەران و کەرامەتیان پارێزراو بێت. تا ئەوە بوو ئەم ھەوڵانەش دواجار خرانە نێو دەستوورو یاسا دەوڵەتی و نێو دەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بەندو میساقە نێو نەتەوەییەکانەوە، کە ھەوڵی پاراستنی ژیان و گوزەران و کەمکردنەوەی ئەو جیایی و نادادیەی کە لە ئاستیان دەکرێت بەرگیری لێبکرێت ! بۆیە ئەم ئەرکە بەپێی دەستوور لەنێو دەقی یاساییدا ماف و گوزەران و ژیانی و مامەڵەی ئینسانی لەگەڵ ئەو توێژە جێگەی کرایەوە، ئەرکی پاراستن و جێبەجێکردنیشی خرایە سەر دەوڵەت ودەزگاکانی. لێرەوە دەوڵەت وەک گەورەترین دەزگای کۆمەڵایەتی ئەو ئەرکەی لەسەرشانە، دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانەو پاراستنی ماف و ژیان وکەرامەتیان. جێگیرکردنی چاودێری و بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی لەسەر دەزگا پەیوەندارەکانی حکومەت. ھەر بۆیە ئەو خواستەی کە کەمئەندامان ھەیانە ئیمڕۆ پێم وایە وەک بابەتێکی مافی ئینسانی و ویژدانی شایەن بەدەمەوە چوون و جێبەجێکردنی لە مافە سەرەتاییەکانە کەپێویستە بۆیان جێبەجێبکرێت.
Top