خوێندنەوەیەک، بۆ مێژووی سەرھەڵدانی دەروێشایەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا

خوێندنەوەیەک، بۆ مێژووی سەرھەڵدانی دەروێشایەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا

جێی خۆیەتی مرۆڤ قسە لەسەر ھەرشتێ بکا سەرەتا ئەو شتە بناسێنێت، بۆیە دەپرسین دەروێش کێیە؟
وشەی(دەروێش) وشەیەکی ماچۆگۆیە-ھەورامی ئیستا- لە (دەیرواچ= گوتەی دەیری )عەرەبەکان بە(دەیرواچ= دەیر ویتش) بۆیەکەم جار نوسیویانەتەوە، دواتر بووە بەدەرویش، واتە وشەیەکی لێکدراوی کۆنە کە(گۆرانەکان-ماچۆگۆ)ەکان بەوانەیان گوتوە کە لە (دەیر- معبد- خەڵوەت-چلانە) دا ماونەتەوەو خواپەرستیان کردووە، ئەوەندە ماونەتەوە لە خەڵوەتدا رەفتارو ھەڵسوکەوتیان گۆراوە بەبەراورد ھەڵسوکەوتی عامەی خەڵکی، ھەر بۆیە بەھەندێ لەدەروێشەکانیش وتراوە دێوانە، واتە ئەوانەی کە دێو و خێو دەستی لێوەشاندوون وھەڵسوکەوت گۆراون بەبەراورد رەفتاری عامەی حەڵکی!! یان بەواتایەکی تر (دەیروێش) ئەوانەی کە لە دەیردا دەمێننەوە کە ھاتنەدەرەوە قسەکانیان ھی دەیرو مەعبەدە، یان ئەوانەی کە لەناو کۆمەڵدان و قسەو مامەڵەیان وەک ھی کەسانی ناو پەرستگاو دەیرەکان وایە.
لە فۆلکلۆری ھەورامیدا ھاتووە:
(چی خودای نەکەردا دێوانە، دەیری... تو بەینە پەی لایم، عاقیبەت خەیری).
مەحوی شاعیر لە دێڕە شیعرێکیدا ئاماژەی بە (دەیر) کردووەو (دەیر) لای مەحویش ھەمان واتای ھەورامی ھەیە، وەکو ئەڵێت:
دیارم دەیری عیشقە، جێ بە سوتن بێ لەوێ دەگرم.
کە من مشتێ چڵ و چێوم، بەچی بم، کەڵکی کێ دەگرم
لێرەدا دەروێش کەسی عاشق و ڕوو لەخواو یەکلابووەوەیە بۆ ئەو زاتەی کە دەیپەرستێ و عیشقبازی لەگەڵ دەکات، ئەمەش نەریتێکی کۆنی مرۆییە، کەمرۆڤ کاتێک دەری ژیانی راستەقینەی دەس نەکەوتووەو، بینیویەتی رووخسار گەراییو مادە باڵی بەسەر جەوھەرو مەعنەویەتدا کێشاوە، مرۆڤەکان چەقیوی دونیای شەڕو ململانێکانیان بوون و شەڕەکانی مرۆڤ ھەموویان چوونەتە دەرەوەی خۆو لەگەڵ دەرەوەیان، بەمەش گیانی خۆپەسەندی گەورەترو زاڵتر بووە، ئەمەش بووەتە نەریت و سەراپای پیگەیاندنی کۆمەلایەتی وەک نەریت تەنیوە، ئەوەش وایکردووە کەئازادی لەگیانەڵادا بێت و، قریوەی کۆیلایەتی ھەموو کونج و قوژبنەکانی کۆمەڵگەی بگرێتەوە ، مرۆڤی ھوشیار بەو دۆخەش وێڵو دەیری کردووە و بەشوێن ئازادی و شکۆی خۆی گەڕاوە، لەکۆمەڵگەی وەھا یان گۆشەگیر یان تەرابووەو دوورکەوتووەتەوە، بەمەش دەروێشی و ژیانی دەیری بووەتە دەرچەیەک بۆ خۆپەنادان لەو دۆخە نەخوازراوە... سەرەتا ئەمە لەسەر ئاستی تاک بووە، بەڵام کاتێ کەسی دەیری و دەروێش ھەوڵی رزگارکردنی ئەوانی تری داوە ئیتر شوێنکەوتەو مونتەمی بۆ درووست بووە، رچەو رێچکەکەی بوەتە ڕووگەی وەلائو دۆستی بۆ مونتەمی و لایەنگرو شوێنکەوتەی بۆ درووستبووە.
ھەر ئەم دەروێشایەتیە بووەتە رێگەیەکی چاکسازی و ھەوڵێک بۆ گێڕانەوەی دادو شکۆی مرۆیی. سەرەتا ئەم رێگەیە وەسیتی تیا نەبووە، بەمانا مرۆڤ و خودا لەنێو خەڵوەت ومەعبەد (دوور لەکۆمەڵگەی چەقیو لەرووخسارگەرایی و موزەیەفدا!!) خەریکی خۆناسین و خوا ناسین و چنینی تەونی خۆشەویستی و عیشق بووە، تەنھا خۆی و خودا خودا وەک تاکە نورو رۆشناییەک کەلێیەوە واتای بوونی مرۆیی و سەرچاوەیەک بۆ رۆشنایی و تەجەلایی رۆحی و گەوزانی لەنێو میھرو دۆستایەتیدا دەسکەوتووە.
نموونەی ئەمانەش پێغەمبەران و پیاوچاکان و چاکسازان وخەڵوەکێشانی رای حەقیقەت لە دەروێشان و پیاوانی تەسەوف بوون، پاشان بەگەرانەوەی ئەمانە بۆ ناو کۆمەڵگە ئیتر ئەمانە بوونەتە وەسیت ونێوەندێک کە خەڵکانی تر لە رێگەی ئەمانەوە پەییان بەو رۆشنایی و راستەقینەیە بردووە، سەرەتا پەیوەندی خەلکی بەم وەسیتانەوە تەنھا خۆشەویستی بۆ ئەو حەقیقەتە بووە کەلە ریگەی ئەمانە پێی گەیشتوون!!، نەوەک ئەمان سەرچاوەکە بن و وەلائیان بۆ ئەمانە بێت.
بەڵام مانەوەی زیاتری ئەمانە تێکەلبوونی نەریت و خواستی خودپەسەندی سەرچاوەکەیان لێڵکردووە جاری واھەبووە کە وەسیتەکە یان بکرێتە بەشێک لە سەرچاوە راستەقینەکە وەک ئەوەی مەسیح کرایە کوری خوا، یان وەسیتەکان خۆیان ببنە جێگرەوەی سەرچاوەی راستەقینەکە وەک ئەوەی لەزەمەنی فیرعەونەکاندا روویدا.. ئەم لێ تێکەڵ بوونەو ئەم شێوانی پەیوەندی وەسیت و سەرچاوە راستەقینەیە لای شوێنکەوتووان ئەو مۆتەکەیە بووە کە دواجار بوەتە ھۆکاری کوێربوونەوەی کانی راستەقینەی حەقیقەتەکە.
دواجار لەمەوە دەتوانین بڵیێن کە دەروێشایەتی ھەوڵێکی جوانی مرۆیی بووە، بۆ گەران بە شوێن راستەقینەداو خەمێکی ئینسانی و ئازادی لەپشت ھەنگاوەکانیەوە ھەبووە، ئیتر تاچەندە توانیویەتی لەکوردەواری ئێمەدا خۆی بچەسپێنێی و بەدەم خواست و خەمی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریەوە بێ؟! چەند لەمپەرو بەرگر لەبەردەمیدا بووە تاچەند توانیویەتی ئەوەی لەھەگبەیدایە ئەنجامی بدات و ئەو میکانیزمانەی چەندە گونجاو ئەرینی بوون کە لەگەڵ واقیعدا بێنەوە؟ چەندە ئاسایش و ماناکانی ئازادی بۆ رۆحی کۆمەڵگە لە رێگەیەوە گەڕاوەتەوە؟ ھەروەھا چەندە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بووە ئەوە زەمەن و مێژوو خەڵکەکەی با وەڵام بدەنەوە.
دووەم: پرسی دەروێشی پرسێکی ئینتیماییە یان وەلائیە؟
(ئینتیما) ئەگەر چی ئەم چەمکە لە کوردیدا بەواتای (لایەنگر) خستوویانەتە ناو بازاڕی وشەو نووسینەوە، بەڵام لەراستیدا ئەم کارە لاسەنگەو واتای لایەنگر پڕ بەپێستی چەمکی ئینتیما نییە، چونکە لە ئینتیمادا جۆرێک لە وابەستەیی ئەرکەکی و کەتواری و یاسایی بوونی ھەیە، واتە وشەی وابەستە گەر لەکوردیدا واتاکەی بدەین بەدەستەوە، دەکرێت بڵێین کە زیاتر وابەستەیی تاکە بەلای ئەوەدا کەدەیەوێت و ھەیە لەناویدا چ مادی و چ مەعنەوی کە ئایا تاقمێکە یان لایەنێکە یان دەزگایەکی سیاسیە یان رۆشنبیری و ھزریە. دەکرێت وابەستەیی (ئینتیما) بوونیش بۆ خێزان بۆ بنەماڵەو خێڵ و ھۆز لەسەر بنەمای خوێن ھەبێت. بۆیە لایەنگیری دەکرێت لایەنێکی سایکۆلۆژی و عەمەلی بێت وەک دەرکەوتەی وابەستەیی (ئینتیما) دەربکەوێت و شوێنەواری ھەبێت بەڵام لایەنگیری بریتی نییە لەمانای پربەپێستی ئینیتما، بۆیە ئێمە لێرەدا لەبری ئینتیما چەمکی وابەستەیی، بەکاردەھێنین نەک لایەنگیری.
بەڵام ھەرچی چەمکی (ولاء- دۆستی) بەمانای نزیکی و خۆشەویستی و ھاورێیەتی و پشتیوان و مەیل و سۆزداریی دێت، کەئەمانەش ئاماژەن بۆ بوونی پەیوەندیەکی رۆحی و دەروونی و سۆزی کە تاک پەیوەست دەکات بە دەستەیەکەوە یان دەزگایەکەوە یان پرۆژەیەکەوە یان بیرۆکەو ئایدیایەکەوە یان ھەرشتێکەوە .. دیارە بەو پێیەش کەئەمە پەیوەندیەکی سۆزی و رۆحی و مەعنەویە لەسەر بنەمای رەزامەندیی و خودبژاریدایە. ئاماژەکانیشی دەرناکەون مەگەر لەرێگەی شوێنەوارو داکەوتەکانیەوە نەبێت، بەپێچەوانەی وابەستەیی (ئینتیما) کە لەسەر کۆمەڵێک ھۆکارو ڕووداوی دیاریکراو زانراو دەوەستێت.
دەروێشایەتی پرسێکی وەلائی ھەیە، دەکرێت چەندان کەسی چەند ئینتیمایی جیاواز کۆبکاتەوە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەوەی دەروێشی راستەقینە دەبەستێتەوە بە رێچکەو شێخەکەیەوە وەک وەسیت پرسی ئینتیما نیە بۆ شێخەکەی بەڵکو عیشق و خۆشەویستی نواندنێکی دەروێشە بۆ ئەو سەرچاوە ئیلھام و ئاسودەبەخشە رۆحیەی کە پێیگەیشتووە لەوێوە. ھەر بۆیە ئەوەی بۆ شێخێک دەکرێت خۆشەویستی و وەلاء بۆ شێخەکە نییە لە راستیدا بەڵکو بۆ ئەو شوێنەیە کە شێخ توانیویەتی دەروێش بگەیەنێتە سەری و دەروونی تیا جێگیر بکات و تەونی وەڵائی بۆ بچنێ لە ھەست و شعووریدا.
سێیەم: کورد لەکوێدا پێویستە دەروێش بێت و پێویستە دەروێش بێت؟
ئەگەر بریار بێ دەروێشایەتی لە بنچینەدا وەسیلەیەک بێت بۆ تێکشکاندنی بتی خۆپەسەندی و جەھل و ستەم و نادادی و کوێرانە مونتەمی بوون و تەنھا بەرژەوەندی خوازی ؟!! و ھەوڵیک بێت کە لە رێگەی ھەست و شعوری مرۆڤ ویستەوە داکەوتەو شوێنەواری پراکتیکی ھەبێت، ئەوا نا ھەژمارو نەناسراوە تاوەکو لە واقیع و کرداردا خۆی نومایان ئەکات وئافرێنەری دۆستایەتی دەبێ.
دەروێشایەتی ئەگەر ئەو دڵسۆزی و مەیلداریە بێ بۆ ئەوشتانەی کە ویستی خۆشەویستین و بەدووی چاکەی گشتیوەن، ئەوە شتێکی خۆرسک و خۆویستەو رەزامەندی وەرگرتوە لای خودەوەو نەسەپێنراوەو کەسیش ناتوانێت بیسەپێنێت و ھەرکات بیەوێ دەرکەوتەی سەرسامکەری دەبێت!.
دەروێشایەتی ئەگەر دلسۆزی و سۆزداریەکی بێ مەرج بێت، .بەومانایە بەھایەک بێت مرۆڤ بۆ خۆی و وەک ھەستێکی خۆشەویستی و دۆستی لەپێناویدا بونیادی نابێ، ئەوا ھەر گیز لەپێناو بەرژەوەندیەکدا ناچەمێت.
دواجار دەروێشایەتی راستەقینە ھەستێکی دۆستایەتی تایبەتە بۆ سەرچاوەیەکی مەعنەوی (کەلای دەرویشەکانی ئێمە –خودا-یە) کە ئارامبەخشی دڵ و سوکنادەری ئازارو مەینەتەکانیانە، دەکرێ لەدەرەوەی دەروێشیشەوە ئەم ھەستەھەر کەس بە ئاراستەیەکی دیایکراو جڵەوی بکات بۆ بابەتێک ھەیبێ و ببێتە خاوەنی، وەک ئەوەی مرۆڤێک دۆستی و وەلائی بۆ نیشتمان یان بۆ نەتەوە، یان بۆ تاقم و پێڕێکی دیاریکراو یان بۆ کەسێک یان دامەزراوەیەک یان پرۆژەیەکی دیاریکراو یان پیشەیە یان بیرو ئایدیایەک. بۆیە تاکی کوردی دەکرێت دەروێشی راستەقینە بێت و عەوداڵی دۆزینەوەی حەقیقەت بێت، وابەستەی نەریـتێکی دیاریکراو نەبێت، وەلائی بۆ بنەما مرۆییەکان بێت و چوارچێوە ئینتیماییەکانی کۆت و دیلی نەکەن، ئازادی و شکۆ مرۆییەکەی نەیبەستنەوە بە بتی ئایدیۆلۆژیاو پارت ورەنگ و تاقم و بنەماڵەو بەرژەوەندی کەسی و ھتد ....
بۆیە کورد دەبێت دەروێشی راستەقینە بێت، بۆ ئەوەی ئەو روخسارگەرایی و موزەییەف و درۆو دەلەسەیەی ئەمرۆی بۆ خولقاندووە کەناتوانێت تام لەو بەھەشتە پرخەیرو جوانەی کوردستان بکات، رزگاری بکات و دووری بخاتەوە لەکۆیلایەتی حیزب و دەستەو تاقمی بەرژەوەندی خوازی تەنھا بۆخۆوە. دواجار کورد لەوجۆرە دەروێشایەتیە موزەیەفە دەبێ رزگاری بێ کە دەبێتەوە کۆیلە بۆ وەسیت و ئەوانەی ئایین و رێچکە دەکەنە خزمەت خۆیان و ئەوانی دەروێشیش مەقاش.!!
• ماستەر لەکۆمەڵناسی

Top