خۆشبەختی خەونێکی سەرمەدی مرۆڤ

خۆشبەختی خەونێکی سەرمەدی مرۆڤ

چەمکی خۆشبەختی ئەو چەمک و زاراوە بەھەشتی وجوانەیە کە شێلراوی ئومێدو حەزی مرۆڤەکانە، بەرامبەر چەمکی بەدبەختی دەوەستێتەوە. خامەبەدەستان ھەرلە فەیلەسوف و کۆمەڵناسەکانەوە بیگرە تا شاعیرەکان، ھەریەکەیان بەھۆی فراوانی ئەم چەمکەوە نەیانتوانیوە لە دووکەوانی یەک پێناسەدا کۆی بکەنەوە، بۆیە سەدان پێناسەی و تێگەیشتن "لەمێژووی نووسین و گەران بەشوێن راستی و تێگەیشتنی تەواوی ئەو چەمکەدا " دەبینرێت و بەردەست دەکەوێت. دیارە نووسراوەکانی فەیلەسوفان و دەقە ئایینییەکان، لەپێشەنگی ئەو مرۆڤانە بوون، کە داوای ئەم چەمکەیان کردووە بۆ خەڵکان و خۆیان، وەھەریەکەو ھەرئایینەو ھەر تێگەیشتنێکی فەلسەفی تێروانینی بۆ خۆش بەختی خۆی ھەیەو رێگەو شێوازی دەستەبەرکردنی خۆش بەختی لای خۆیەو پرنسیپ و جۆری دەست کەوتن و گەیشتنی مرۆڤەکان پێی بۆ داناوە.
خۆشبەختی بۆ خۆی بەدەر لەوەی کە ئاواتێکی ھەمیشەیی و خۆزگەیەکی بەرزبوویەوەی زمانی و رۆحی تاکەکانی مرۆڤە، لەھەمان کاتدا بۆ خۆی ئامانجێکی تاسەر نەبووی مرۆڤ و گشت مرۆڤەکانە لەم سەرزەویە.بۆیە خەسڵەتی ھەبوونی رێژەیی ھەیەو وەک ئامادەبوویەکی میوان ئاساو کاتی، کەناو بەناو خۆی بەدەرگاو ماڵی جەستەو رۆحی مرۆڤەکان دەکات . ئەوە تواناو شێوازی بیرکردنەوەو جۆری پێشوازی ناخ و ژینگەی مرۆڤە "جا ژینگە سروشتیەکە بێت یان ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی"، بڕیاری چەندو چۆن مانەوەی زیاتری دەدات.
خۆشبەختی لای ئایینەکان وەک کۆتا ئامانج بۆ مرۆڤەکان، ھەردەم سەودای بیرو ئەندێشەو شێلراوی خەم و داواکانیان بووە، بۆ مرۆڤەکان. مژدەی ئەوەڵ و ئەخیری نێو پەڕاوە ئاسمانییەکان بووە. لە خۆشبەختی ئاسوودەیی رۆحی و جەستەیی و بۆ خۆشبەختی جیھانێکی ئارام و بێ فرت و فێڵ و بەردەوام کە زیاتر لە جیھانی دوای ئەم جیھانیەی ئادەمیان، واتە پاش مردن باسیان لێکردووەو رێو شوێن و رێنمایی و شەرع و شەعائری جۆر بە جۆریان لەپێناودا ئامادەکردووەو بڵاو کردووەتەوە.
زیادە رۆیی ناکەین کە ئایینەکان پێش ھەمووان حەلوەلای ئەم چەمکەیان بووەو داواو جۆری بەدەست گەیشتنی مرۆڤەکانیان بۆ داپچراندنی زیاتری ئەم (خۆشبەخت) یە، خستوەتەروو. ئەو حەزو ناخەی مرۆڤیش بۆ ئەم چەمکە بەھەشتی و داواکراوی ھەمیشەیی رۆحی و جەستەییەی مرۆڤ وایکردووە، ھەردەم وێڵی دۆزینەوەی رێگەو شێوازی دەست بردن بۆی و چۆنیەتی دەسکەوتنی لە خەیاڵدانی و بیرکردنەوەو تێفکرینەکانیدا، زۆرترین جێگە بگرێت. لای ئاینەکان بەتێکرا گەیشتن بە (خۆش بەختی) بەشێوازی ھەمیشەیی و رەھا لەم سەرزەمینەی مرۆڤدا شتێکی مەحاڵە و ئەوە جیھانی دوای مردنە وەک مژدەیەک دەدرێتە دەستی مرۆڤەوە کەبۆ ھەمیشەیی و بێ برانەوە، بکەوێتە دامێنی خۆشبەختیەوەو بۆ ھەمیشەیی ئامێزانی ژیانی نەمری بێت. وەشێوازی ھەرچی چنگکەوتنی زیاتری خۆشبەختی لەم دونیایەدا، بەشوێن کەوتنی زیاتری ئایین و ھاتنەوە لەگەڵ ئاسودەیی و بەرژەوەندی گشتیدا و زاڵکردنی بەھا بەرزەکان و رەنگدانەوەی لەکارو کردەوەی رۆژانەی ژیانیدا، دوورکەوتنەوە لە بابەتەکانی خراپەو دژە بەھا بەرزەکان و پەیوەست بوونی رۆحی و ملکەچی زیاتری خوا (خواکان لەئایینە جۆربەجۆرەکاندا).
ھەرچی فەیلەسوف و زاناکانیشن وەک مرۆڤێک و حەزی ناخی خۆیان بۆ ئەم چەمکە نەشاردوەتەوە، ئەمانیش وێڵ و سەوداسەری ئەم چەمکە بوون ھەمیشە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەم چەمکە وەک بەھایەکی بەرزی ئینسانی، شێلراوی مانا ئینسانییەکانەو بابەت و خەمێکی ھەمیشەیی ئینسانییە، تێگەیشتن وپێناسەو جۆری دەستەبەرکردنی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر ولە قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵایەتی جیاوازدا "واتە شوێن کات و بیری کۆمەڵگاو خەون و کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان" دەستیان لە جۆرو رێژەی خۆشبەختی و پێناسی خۆشبەختی ھەبووەو تا دوا مرۆڤیش لەسەر ئەم زەویە ھەردەبێت. جابۆیە خۆشبەختی وەک چەمکێکی رامنەکراوی ھەمیشەیی و رامنەبوو دەست بەسەرکراوی ھەمیشەیی لە لایەن مرۆڤەوە ھەردەمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ تا ئەمرۆ ھەموو رێگەو شێوازەکانی تاقیکردوەتەوە، بۆ ئەوەی پێی بگات. بەڵام ململانێ و خەونی جیاوازی مرۆڤەکان و داواو خواستی تاکەکانی کۆمەڵگەکان وگۆرانکارییە بەردەوامەکانی ژیان و کۆمەڵگەکان وایکردووە. خۆشبەختی وەک ئاوات و حەزێکی مرۆڤ ھەربمێنێتەوە.
• ماستەر لە کۆمەڵناسی

Top