بەرپرسیاری .. لە زەمەنی ونی پرسیارەکاندا

بەرپرسیاری .. لە زەمەنی ونی پرسیارەکاندا

بەرپرسیاری( یان بەرپرسیاریەتی): ھەستکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان، پرسێکی مرۆیی و سایکۆلۆژی خودیە و بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و ژیانی و ژیاریە، چونکە بە بێ ئەو ھەستە ژیان بێتام دەبێت و شەریعەتی دارستانی ئاژەڵان بڵاوە دەبێت. ئیتر رەفتاری ھاوکاری و ھەماھەنگی و بەدەمەوەھاتنی مرۆڤەکان وون دەبێت، ئەنانیەت و ھەربۆخۆیی دەبێتە نەریت و بەھێز تیایدا باڵادەس و بێھیز بەشخوراو پلیشاوە.
ھەستکردن بە بەرپرسیاریتی روەو ئەرک وەرگرتن و روەو خۆ بە بەرپرسیار زانین بەرامبەر بەخۆو دەوروبەرو کۆمەڵگەو چواردەور دەتبات، ھەروەھا پابەندبوونی مرۆ بە نۆرمە کۆمەڵایەتی و یاساو داب و بنەما ئینسانی وئاینیەکانی کۆمەڵگا تۆختر دەکاتەوە، وەھا ئاراستەت دەکات کەلەگەڵ کۆمەڵ و خەڵک بی و لەخەمی کۆمەڵگاو بەرژەوەندی و مانەوەیدا بیت.
بەرپرسیارێتی ئەوەندە پرسێکی ئەخلاقی و ئینسانیە ئەوەندە پرسێکی رۆتینی و فەرمی و ئیداری و سیاسی نیە، چونکە بەرپرسیارێتی پێش ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەوە یان دەزگایەکی فەرمی و ئیداریەوە یان نافەرمی و کۆمەڵایەتیەوە بخرێتە سەرشانی تاکێک بەوەی پێگەیەکی پێ دەدرێ ، کەپێویستە ئەوتاکە رۆڵ و ئەرکی پێویست بەپێی ئەو شوێنگەیە بگێرێت !! ئەوا زیاتر بەرپرسیارێتی ماناو تامی بریاردانی تاک دەدات و لەو تاکە دەرکەوتەو ئاماژەو رەفتارو گوتەو ھەرجوڵەیەکی خۆویست یان خۆنەویستی وەھای لێ دەوەشێتەوە و دەکەوێتەوە کە تام بەژیانی کۆمەڵایەتی دەدات و مرۆڤ وەک بونەوەرێکی راستەقینەی کۆمەڵایەتی دەناسێنێت.
بەو پێیەی بەرپرسیاری مرۆیی دواجار دەبێت بە پراکتیکی لەکۆمەڵگەدا و بەرەفتاری مرۆیی خۆی بەرچاو بخات، کەئەوەش تاکی مرۆیی پابەند دەکات لەسەر سێ ئاست بچێتە ژێر پرسیارەکانەوە، ئەو پرسیارانەی کە ئیمرۆ وون لەلای بەرپرسانی ئێمە ئەوانیش:
یەک : پرسیارە روخساریەکان: کە پرسیاری (چۆن و بۆو ؟)ە بەمانا(چۆن؟؟!) وەک وەستانێکی بیرمەندانەی تاک لەسەر ئەو دەرکەوتە رەفتاریانەی کە لەمرۆڤەوە دەکەونەوەو پرسیار لەسەر چۆنیەتیەکەیان دەکرێت،وینای ئەو فۆرمەی پێیان دەدرێت لەلایەن تاکەوە و ئەو فۆرمەی لەکاتی نومایانی رەفتاردا خۆی نمایش دەکا دەیخوازێ.
(بۆ؟؟!) پیشاندانی ھۆکاری بنچینەییو ھێنانە بەرچاوی تاکە پێش ئەوەی ھەر رەفتارێک لەلایەن بکەرەوە ئەنجام بدرێت.کە مەبەست و ئامانج بەرچاوو رۆشن بێت.!
دوو: پرسیارە شوێنکاتیەکان: (کەی و کوێ؟؟!) شوێنکاتی رەفتارەو بەشداری ھەمیشەیی ھەموو کردەو روداوێکی مرۆڤە، وەک چۆن بەشداری ھەر روداوێکی گەردونییش دەبن. وەڵامی ئەم پرسیارە روخساریانە ئیمرۆ بەسانایی دەتوانرێت بدرێنە پاڵ کردەی مرۆڤەکان و تەنانەت ئەگەر کردەی نەگریسیش بن پێیان خەڵکان فریو بدرێت.
سێ: پرسیارە جەوھەریەکان کە لەسەر چیەتی کارو کردەکە دەوەستێت، بەمانا رەفتارەکە چیە.؟ و وەک چۆن پرسیار لەسەر ماھیەتی دادەنێت.!
لێرەوە ھەرپابەندی و ئیلتیزاماتێکی خودی و ئاکاری مرۆڤ لە ئاست ئەوانی تر دەگرێتەوە، لەگەڵ دان نان بەدەرەنجامی ئەوەی کە لەھەرکردەو گوتەو ئاماژەوە جوڵەیەکی ئەو مرۆڤە، لەکاتی مامەڵەی لەگەڵ ئەوانی تردا دەکەوێتەوە .
لێرەوەیە کە بابەتی بەرپرسیارێتی پرسێکی ئینسانی ئەخڵاقیە، پێویستە لەسەر ھەڵگری بەو چاوەوە تەماشەی بکات، جا ئەو ھەڵگرە تاکێکی مرۆڤ بێت یان گروپێک یان کۆمەڵ و دەستەو تاقمێک بێت یان کەسێکی مەعنەوی بێت چ وەک رێکخراو حیزب و دەسەڵات و دەوڵەتێک لە ئەستۆی بگرێت.
لێرەدا پێم باشە رەگەزە بنچینەییەکانی بەرپرسیارێتی لە سێ خاڵدا چڕ بکەمەوە:
یەکەم: بایەخ و گرنگیپێدان: مەبەست پێی ئەو پەیوەندیە سۆزداریەی کە ئەو کەسە دەبێت بینوێنێت لە ئاست ئەوانی تری دەوروبەری چ لەسەر ئاستی زۆر و چ لەسەر ئاستی کەم چ گەورەو چ بچووک، ئەو پەیوەندی و پەیوەستیەی کە تێکەڵە بەھەستی بەردەوامی و سووربوون لەسەرپێشکەوتن و پەیوەستی ئەم پێوەیەو گەیشتن و گەیاندنی بە ئامانجە باڵاکانی، لەھەمانکاتدا ترس لە ھەرشتێک کەلە ھەر بارودۆخێکدا بە خراپی لەسەر ئەوانی تر بکەوێتەوە یان بێ ھێزیان بکات یاخود لێکیان بکات.

دووەم: تێگەیشتن و ناسین
ئەمەش دەکرێ سێ لایەن بگرێتەوە..
یەک : ناسین و تێگەیشتنی تاک بۆ کۆمەڵەکەی، دوو: ناسین و تێگەیشتنی تاک لەمەغزاو کرۆکی کۆمەڵایەتی کردەکانی، سێ: ناسین و تێگەیشتن لەو خەون و خولیا بنچینەییانەی کە کۆمەڵگەو خەڵکەکەی دارایەتی و لەخەیاڵدانیدایەو کاری بۆ دەکات.
دیارە مەبەست لە(ناسین و تێگەیشتنی تاک بۆ کۆمەڵەکەی) واتە تێگەیشتنی ئەو لەو کاتە ھەنوکەییانەی کە کۆمەڵگەکەی تیایەتی و تێگەیشتن لەو دەزگاو سیستمەی کەدارایەتی و ھەروەھا داب و نەریت و بەھاو باری شارستانی و مێژووەی کۆمەڵگەکەی خاوەنیەتی.
ھەرچی (ناسین و تێگەیشتنی تاک لەمەغزاو کرۆکی کۆمەڵایەتی کردەکانی) مەبەست لێی ئەوەیە کەتاک یان کەس پەی بەو تواناو کاریگەری دانانەی کردەکانی ببات کە ئەنجامی دەدات بزانێ چیەو چەندە کاریگەری دانەرەو چەندە کردەو بریارەکانی شوێندانەرن و دەرکەوتەی جیاجیایان دەبێت، بەمانا بەھای کۆمەڵایەتی کردەکان (چ کردە چ گوتە چ ئاماژە چ بریارو فەرمان و ھتد..)ی کەلەوەوە دەردەچێت، لەوێوە پەسەندی و رەزامەندی دەبێت لە بەرچاو بگرێت نەوەک پێچەوانەکەیان وەربگرێ، چونکە ئەوە لە سەپاندن و ملھوری نزیکی دەکاتەوە .
ھەرچی مەبەستی سێیەمە: تێگەیشتنە لەو خەون و خولیاو ھەوڵە مێژووی و ئاکاری و ئایینی و بەھایی ونەتەوەییانەی کە کۆمەڵ و خەڵکەکەی ھەڵگریەتی لەنێو ھزری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەیدا رەگیان داکوتاوە، بیانزانێت و لێیان تێبگات و ھەنگاوەکانی تەریب بکات پێیان، ئەمیش بۆ بەدیھێنان و گەیشتن پێیان بە جورئەتەوە کاریان بۆ بکات.
سێیەم رەگەزی بەرپرسیاریەتیش بریتیە لە بەشداری..
مەبەست لەمە ھاوبەشی تاک یان کەسە لەکەڵ ئەوانی تر لەو کردەوجوڵانەی کەجێگەی بایەخ و گرنگی پێدانن و دەبنە بەشێکی سەرەکی لەپرکردنەوەی پێداویستیە ھەمەچەشنەکانی کۆمەڵو خەڵک، ھەماھەنگی نواندن بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەو چارەسەری کێشەکانی و دەرکردنی لەقەیرانەکان و گەیشت بە ئامانجە رەواکانی، نەک دەسبگرێ بەکڵاوەکەی خۆیەوە با با نەیبات!.نەک خۆی تێر بێ و بیری بەلای ئەوانی ترەوە نەبێت!!
لێرەوە ھەرکەسەو ھەر پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری ھەیە، ئەوکات واتای بەرپرسیاریەتی دەزانێت و جێبەجێی دەکات کەلەم روانگەوە کار لەگەڵ کۆمەڵگەو گەل و خەڵکەکەی بکات، نەک وەک ئەوەی خۆی ئامانجیەتی و خەون و خولیای کەسی و گروپی لەپشت جوڵەو کردەکانیەتی و ھەرچی جوڵەیەتی بۆ لادانی شەڕە لەبەردەم خواستەکانی و تەماشەی ناڕەزایی و قسەو رەخنەی کۆمەڵگەکەی وەک بەردو دڕک و داڵ لەبەردەم پێگەکەی ببینێ و بیرچوونەوەی خواست و خەون و خەم وداوای کۆمەڵگەکەی لەبەر خۆی لەلادروست بێـت.
Top