با..بێ ..باران بێ.. یان کۆرۆنا بێ ..ھەر لەبەفر دەچێتەوە.

با..بێ ..باران بێ.. یان کۆرۆنا بێ ..ھەر لەبەفر دەچێتەوە.

گومانی تیا نییە کە کۆرۆنا دوژمنێکی سەرسەختی مرۆڤەو لە سەر ئاستی جیھان (( کوردستانی ئیمەش وەک مشتێ لەو خەروارە!!)) ئیمرۆ لە سێ لاوە خەریکی چەقۆ وەشاندنە لە بەرۆکی مرۆڤایەتی. یەکەم: خەریکی بنکۆڵی ھەوڵ و رەنج و کاری مرۆڤ و وەستاندنی دەسکەوت و داراو ژیاری کۆمەڵگەیە دووەم: خەریکی کرمۆڵکردنی متمانە بە ئەزموون و تواناو دەسکەوتی زانست و مەعریفەی تەندروستی و بەرگری دەسکەوتووی مانی مرۆڤایەتیە.. سێیەم : خەریکی دروستکردن و تۆخکردنەوەی جیاوازی چینایەتیە لەڕووی مان و پاشەرۆژ و ژیانی کۆمەڵگەوە..
لێرەوە تەماشەکردنی ئەم دوژمنە بەو دیدە نارۆشنبیریەی ئیمرۆ لەکوردەواریدا ( بەوەی فشەیە- کۆرۆنا نییە- کۆرۆنا ریکلام و ھەرایەکی دەسەڵاتە بۆ مەبەستی تر..ھتد)) ئەمەش وەک دەرەنجامی بێمتمانەیی خەڵک و دەسەڵات بەیەکترو بە ھۆی شەرٍی ئایدیۆلۆژیاو بەسیاسیکردنی ئەم پرسە !!! دەمی ئەو چەقۆیە بۆ سەر سینگی کوردەواری تیژترو برەر تر دەکات. بۆیە بەرای من دەبێ لاکردنەوەیەکی ھوشیارانە لەم پرسە بەگرنگ و ھەنووکەیی بزانرێت و لەسەر سێ ئاست مامەڵەی جیددی لەگەڵ بکرێ:
یەکەم: ئاستی حکومەت و دەسەڵات ..
دەبێت حکومەت ئەخلاقیانە مامەڵە بکات، کە ئەمەش ویستێکی ئینسانی و داچۆاوی ویژدان و پاڵپشت بە بەھا باڵاو گەردونیەکانە کەویستێکی ھۆشمەندانەیەو ئامانج تیایدا (دەستخستنی بەرژەوەندی گشتی و دورخستنەوەی زیان و مەترسیە لەسەر گشت) و باڵابوونی (چاکەی گشتی و بەلاخستن و تۆراندنی خەمە نەرجسی و حەزە خودایییەکانی چینی دەسەڵاتدار کە کۆمەڵگەی بەرەو چڵکاوی رەزالەت و بێ متمانەیی تەواو بردووە) فەراھەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی گشتی چونکە سیاسەت دواجار ئەگەر چاکەی گشتی بێت کەواتە رێگەو شێوازێکی ئەخلاقیانەش دەبێ لە بەرچاودانێ بۆ کەناردانی ئەو کێشەو گرفتانەی کە دەرەنجامی سیاسەتی ناحەکیمانەوە کەوتونەتەوە..
لێرەوە حکومەت دەبێ بیسەلمێنی کە لەبەر خاتری خەڵکەکەی شەری کۆرۆنا دەکات.. نەک لەبەرخاتری زیاتری مانەوەی خۆی و پەردەپۆشی ناتەواویەکانی ..یان ئەوەی باوەو شایعە کە( حکومەت بەکۆرۆنا شەری خەڵک دەکات و دەیکاتە دیوارێ بۆ مانەوەی لەسەر ستەیجی گەندەڵی خۆی و زیاتر ملکەچ پێکردنی ئەوانی تر!!) ھەرچی زوتریشە دەبێ دەسەڵات ئەو زەنگانەی کە لەرێگەی نارەزاییەکان و ئەو مەسیجانەی کە لە ھەڵوەشاندنەوەی بریارەکانی حکومەت و (نەتوانینی جێبەجێکردنیان وەکو خۆی نمونە: ھەڵوەشانەوەی قەدەغەی ھاتوچۆی ئەم دواییەی وەزارەتی ناوخۆ!!) لەگوێیان بگرێ. خواستی ھەنووکەیی خەڵکەکەی کوردەواری ھەرچۆن بوە لەبەرچاو بگرێت. ھەنگاوەکانی روبەروبونەوەی زیاتر کۆرۆناش گەورەتر بکات.
دووەم: لە سەر ئاستی خەڵک.
پێویستە خەڵکەکەی کوردەواری ئەوەی باش لەبەرچاو بێت، بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە بێزراو قورسە، شێوازی مامەڵەی ناتەواوو ناھاوسەنگە.! چونکە خەریکە رقی دروستکراوی لەدەسەڵات، وایلێکردوە بیری بەلای مەترسیەکانی کۆرۆناوە نامێنێ!! راستە دۆخەکە بێزارکەرە، دەبینێ کە حکومەت ئەوی قەدەغەی دەکات کارو کەسابەت و جموجوڵی خەڵکی رەشوروتەو خزاندنیانە لەماڵ و بێ بەدیل، ئەوەی رێگەی پێدراوە ھاتوچو بکات مامەڵەی بازرگانی و قۆرخی بەردەوامی ریگاو بان و سنورەکانە بۆ کۆمپانیا حیزبیەکانی خۆیان، ئەوەی فرکان فرکانی ھەمیشەییەتی و خەریکی ساغکردنەوەی کالای ئەم و ئەوی بیگانەیە بی گویدانە کۆرۆنا؟!! ئەوە چاوساغەکانی حیزب و بەردەسەکانی دەسەڵاتن!! لەمەش خەڵکی کوردەواری کورد واتەنی ئەو ئیدیۆمەی بەسەردا سەپاوە (بابێ باران بێ ھەر لەبەفر دەچێتەوە!!). بۆیە لەم دۆخەدا خەڵکی کوردەواری خەریکە شەری خۆکوژی دەکات، ئەم دیدو تەماشەیە مەترسی کۆرۆنای بیر بردوەتەوە، کەئەمەش کردەیەکی نا ئەخلاقیەو پێچەوانەی چاکەی گشتی لێدەکەوێتەوە پانتایی بۆ مەترسی خۆکوژی فراوان دەکات.
سێیەم: راگەیاندنەکان..
لەراستیدا راگەیاندنی کوردەواری ئەرکێکی ھەنوکەیی و گەورەو چارەنوسسازی لەسەرشانە، پێویستە ئیمرۆ ئەوانیش زیاتر ئاکاریانەو مامەڵە بکەن و ئیتیکی رۆژنامەوانی بە ئەندازی قورسی و نالەباری دۆخەکە جێ بەجێبکەن. ئیمرۆ ئەوەی زیاتر چاکەی گشتی لێدەکەوێتەوەو رادانی مەترسی گەورەیە لەسەر خەڵکی کوردەواری ئەوە لەبەرچاو بگرن، کە من پێم وایە ھەندێ لەراگەیاندنەکان وەک پێویست لەم روەوە کاریان کردوە، نە ئەوەیە وەک ھەندێ تیڤی پارتی دەسەڵات کە خەم و پێویستی رۆژانەی خەڵکیان لە بیر چووبێت و حیزبیانە مامەڵە بکەن و تەنھا شاشەکە پربکەن لە بریارەکانی حکومەت و گەورەکردنی ژمارەی توشوبوانی کۆرۆنا، لەولاوە بەرپرسیاریەتیە یاسایی و ئەخلاقیەکانی حکومەت و کەمتەرخەمیەکانی وون بکەن ، یان بەپێچەوانەوە وەک ھەندێ تیڤی بەناو ئۆپۆزسیۆن تەنیا چاویان لەسەر ھەڵەو پەڵەو کەمتەرخەمی حکومەتەو خەریکە مەترسی کۆرۆنا لەبیر خەڵکی دەبەنەوەو کۆمەڵگا لە ئافاتە گەورەکە نزیک دەکەنەوە.
دواجار کۆرۆنا پرسێکی تەندروستی گەورەیە، بەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقی لە سەرتاک بەتاکی کوردەواری داناوە، کەھەوڵی خۆپارێزی و رەواندنەوەی ئەو مەترسیەیە کردوە بە ئەرک لەسەرشانمان، چونکە کۆرۆنا ھەرەشە لەمان و نوکی خامە لەسەر ژیان و مێژوومان و پرسیار لەسەر مرۆڤ بوونمان دادەنێت.
• ماستەر لە کۆمەڵناسی
Top