شکستی دەسەڵات و بەزمی شکستخواردووان

شکستی دەسەڵات و بەزمی شکستخواردووان
هەموو ئەوانەی لە لوتکەی دەسەڵات شکست دەهێنن، یان لە بەرژەوەندیە کەسی و تایبەتیەکانیان دەدرێ، یا ئەوەتا لە حزبەکانیان دەردەکرێن، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران خۆیان دەتەکێنن و هەندێ کەسی بەزیو و بەرژەوەند پەرستی هاوشێوەی خۆیان لە دەوری خۆیان کۆدەنەنەوە و بە فۆرمێکی تازەی پڕ لە چەواشەکاری و موزایەدەوە خۆیان نمایش دەکەن و دەڵێن: ئەم دەسەڵاتە شکستی هێناوە و ئەوەندە ساڵەیە نەیانتوانیوە فۆرمێکی جوان پێشکەش بکات، ئیتر وەک لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبن دەکەونە رشتنی فرمێسکی ساختە بۆ هەژاران و سۆزی خەڵک دەکەنە مەزەی بانگەشەی درووشمە چەواشەکارەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش بە راست و چەپدا دەکەونە تۆمەت دەبەشنەوە و بۆ شاردنەوەی شکستەکانیشیان ئامادەن هەموو جۆرە هاوپەیمانی و هاوسەنگەریەک لەگەڵ دوژمنان درووست بکەن، هەڵوێستی ئەو چەند ساڵەی رابردوویان و بە تایبەتیش بێدەنگ بوون یان بەشدار بوون لە رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر باشترین بەڵگەی ئەو راستییەی سەرەوەن.
پێش هەموو شتێک من پارێزەری دەسەڵات نیم وەک ئەوەی ئەوانە پێشتر پارێزەری دەسەڵات بوون و دوای شکست خواردن یان دەرکردن لە حزبەکانیان ئامادەن ببنە پارێزەری دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیش، هەرکەسێکیش بڵێ گەندەڵی نییە مل لە تیخی مێژوو دەسوێ، بەڵام بوون و نەوبوونی گەندەڵی ئەوەندە گرفت نییە کە گەندەڵکاران پێناسە بۆ گەندەڵی بکەن، چونکە ئەوکات گەندەڵکاران دەتوانن بە ئاسانی خۆیان لە گەندەڵی بێبەری بکەن و لە فۆرمێکی تردا گەندەڵی بکەنەوە شوێنگەرەوەی چاکسازی.
گەندەڵکار و شکستخواردووان چۆن دیموکراتیان کردۆتە بەرەڵایی و خیانەت و وڵاتفرۆشیان کردۆتە شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی، بۆ ئەوەی خۆیان وەک گەندەڵکار نەناسرێن گەندەڵیشیان بە لاڕێدا بردووە، بۆیە دەبێ هەموومان ئەو راستییە بزانین کە گەورەترین شکست و گەندەڵی راکردنە لە بەرپرسیارێتی و حاشا کردنە لەو مێژووەی کە خۆی رۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە و تا ساتی پێش شکست خواردنی یان دەرکردنی لە حزبەکەی شانازی پێوە کردووە و بە سەروەتی خۆی زانیوە.
لێرەوە باسەکە کۆتایی نایات، دوای ئەوەی گەندەڵکار و شکستخواردووەکان یان دەرکراوەکان جیا دەبنەوە و بە درووشمی بریقەدار و هاتوهاواری تازەوە دەکەونە شەڕ لەگەڵ مێژووی دوێنێی خۆیان، هەر ئەو دەستە و گرووپە بەرژەوەند خوازانەی پێشتر بە دەسڵاتیان هەڵدەگوت، بۆ پارووی چەورتر گێڕی سیاسی دەگۆڕن و دەکەونە پیاهەڵدانی ئەو دەرکراو و شکستخواردووانە و درووشم و هاتوهاوارە تازەکەیان دەکەنە وێردی سەر زمانیان، جا بۆیە ئەگەر بمانەوێ لە گەندەڵی و گەندەڵکاران رزگارمان ببێ، دەبێ ئەو گەندەڵکارانە لەقاو بدرێن کە لە بەرپرسیارێتی رادەکەن و سواری شەپۆلی سەرکەوتنەکانیش دەبن.
Top