پارتی وبارزانیی ، رێبازی كوردایەتی ،سەربەخۆیخوازی ورٍەتكردنەوەی داگیركارییە ..

پارتی وبارزانیی ، رێبازی كوردایەتی ،سەربەخۆیخوازی ورٍەتكردنەوەی داگیركارییە ..
نابێ‌ ئیتر نەتەوەیەك كە بە زۆرداری خاك و نیشتیمانی داگیركراوە بە دەوڵەت و لە ژێر هەرٍەشەی داگیركران و رژێمە ستەمكارەكاندا بمێنێتەوە . پارتی دیموكراتیی كوردستان ئەو رێبازەیە كە لە ماوەی 72 ساڵی رابردوو توانیی رووبەرووی ناحەزان و دوژمنانی كوردستان ببێتەوە . لەوەتەی میللەتی كورد ، دەستی بەخەبات و بەرخۆدانە كردووە ، دوژمنان و داگیركەرانیش رانەوەستاون و لە هەر شوێنك كورد تێكۆشانی بۆ گەرٍاندنەوەی خاك و نیشتیمانی داگیركراویی كردبێ‌ ئەوانیش بە هەمان هەشێوە و توندتریش و بەهەموو هێز و چەكێكەوە رووبەرووی بوونەتەوە . بۆیە كاتێ‌ سەرۆك بارزانیی هەموو مەترسیی و هەرٍەشەكانی داگیركەرانی قبوڵكرد و ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە نێو جەرگەی داگیركەران ئەنجامدا ،ئەوا بینیمان لە هەموو لایەكەوە درٍندە ئاسا رووبەروومان وەستانەوە . بەڵام ئەو پەیام و ئامانجەی كە دەیان ساڵ بوو چاوەروان بووین گەیشتە گوێی هەموو جیهان كە ئیتر كورد لە ژێر هیچ گوشارێك ئامادە نییە زوڵمی داگیركەران قبوڵ بكات .رۆژهەڵاتی ناوەرٍاست لە ڕەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری تری گرنگ دایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەوەش پێویستە کادیرانی پارتیمان كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بە گشتی بكەن و خوێندنەوەی واقیعبینانە بۆ کۆی ڕووداو پێشهاتەکان و ناوەخۆیی لایەنە سیاسیەکان بکرێت، بۆ ئەوەی روداوێکی تری وەک خیانەتی 16ئۆکتۆبەرمان نەیێتە پێش و تاقمێکی تری خیانەتکارو خاکفرۆشمان لێ پەیدا نەبێتەوە ، بەدیلی دووهەمان بۆ جێگرەوەی سازو ئامادە بێت. كوردبوون شوناس مانە ، كوردستانیش وڵات و نیشتیمانمانە ، ئێمەی كورد بە بێ‌ ویستی خۆمان خاكمان داگیر ودابەشكراوە ، زیاتر لە سەدەیەك خەباتی چەكداری و سیاسی دەكەین نەك لە بەر ئەوەی حەزمان لە شەرٍو چەكە ،بەڵكو بۆ ئەوەیە تا بە هەموو دونیا بڵێین دەبێ‌ خاكی داگیركراوەمان بگەرێتەوە بۆ خاوەنە راستییەكەی.
داگیركەران و دوژمنانی كورد، لە هەر بەشێكی لكێنراو بە وڵاتێكی داگیركەر بە شێوازێك مامەڵە دەكەن كە گوایە كوردستانی خاكی ئەوانە و ئێمەی خاوەن ماڵ بە زۆر دەمانهەوێت جیایی بكەینەوە ،بۆیە درٍندەترین شێواز وپیلانگێری دژی ئێمە بەكار دەهێنن .
گەر هەڵوەستەیەك لە سەر گۆرانكارییەكانی 4 ساڵی رابردوویی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین ،دەبینن كە بە هۆی هەڵوەشانەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ و سیاسەتە هەڵەكانی دەسەڵاتی بەغدا و گرتنەبەری سیاسەتی تاكرٍەویی مەزهەبیی ، هیچی تر شتێك بەناوی عێراقی یەكگرتوو بوونی نەماوە ،چونكە لەلایەك مافیی نەتەوەیەكی وەك گەلی كورد پێشێڵ و پەراوێز خراوە لەلایەن ئەو وڵاتە بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی تووشی شڵەژان و دارٍمان لە هەموو روویكەوە بۆتەوە .
بۆیە كاتێ‌ گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان كە ماوەی 27 ساڵە بە شێوەی نیمچە سەربەخۆیی خۆی بەرێوەدەبات ،هیچ ئومێد و هیوایەكی نەما بوو نەك بەو رژێمەی ئێستا ،بەڵكو رژێمەكانی رابردووش بەهەمان شێوە مافەكانی كوردیان پاشگوێ‌ خستووە و لە بەڵێنەكانیان پاشگەز بوونەتەوە تا بە ئەمرٍۆ. بریارێكی دیموكراسیانە و ئاشتیخوازانەی جێبەجێی كرد تا لەو رێگەیەوە بانگی رٍەتكردنەوەی ستەمكاری و ئازادیخوازی خۆی بگەێنێتە هەموو جیهان . ئەمەش برٍوا و ئامانجێكی رٍەوایە كە هەر گەلێكی مەزڵومی وەك میللەتی كورد دەتوانێ‌ داوای مافەرەواكانی بكات .
ئەوانەی كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە هۆكاری هێرشی داگیركەری بەغدا و ئابڵوقەدانی كوردستان دەزانن ، ئەوانە لە بنەرٍەتدا یان باوەریان بە كوردایەتیی و مافەزەوتكراوەكانی كورد نییە یانیش كۆیڵە و بەكرێگیراویی داگیركەرانن . هەروەها ئەوانەی لە چەند كاتژمێرێكدا رووبەرێكی خاكی كوردستانیان بە ساویڵكەیی و كاڵفامی رٍادەستی دوژمنان كرد ، خیانەتیان لە خوێنی شەهیدان و ماندبوونی پێشمەرگە و خەباتی دەیان ساڵەی كورد و كوردستان كرد . ئێستا زیاتر لە سەدەیەکە بەسەر خەباتی بزافی ڕزگاریخوازی کورد تێدەپەڕێ و لەبەر دەستێوەردانەکانی دووژمن و نەبوونی یەکڕیزی نیشتیمانی نەتوانراوە کۆدەنگییەک بۆ ماوەیەک بهێتە ئاراوە بۆ ئەوەی گەلی کورد بگات بە ماف و خواستەکانی؛ لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەیەک ڕیزی و بە بوێری و سیاسەتی حەکیمانەیی جەنابی سەرۆک بارزانی توانیمان بەسەر دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش زاڵبین و هەل و ڕووداواکان لەبەرژەوەندی گەلی کورد بقۆزرێنەوەو ئاراستەی ڕووەو ڕاپرسی و سەربەخۆیی وەربگرێ. دوای سوربوونی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدان و سەرکەوتنی ڕێفراندۆم و وەدەستهێنانی سەنەدو تاپۆی خاکی پیرۆزی کوردستان، وەڵاتانی داگیرکار تاقەی خۆیان خستەگەڕ، بە پلانێکی ناوچەیی و بەکارهێنانی چەند كالفامێکی ناوەخۆیی بۆ شکست پێهێنانی ئەو دەرفەتە مێژووییە.. 16ی ئۆکتۆبەری 2017 نەتەنها بووە هۆکاری لەدەست چوونی ٥۰٪ی خاکی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە پرسی سەربەخۆیی، بەڵکو هەوڵێکیش بوو بۆ تێکدانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەلی کوردستان جارێکی تر توشی شەڕی ناوەخۆیی بکەن، ئەگەر چی بە سیاسەتی لێزانانەی جەنابی سەرۆک بارزانی ڕێگری کرا لە زیانی گەورەو دەرچوون لە ژێر ئەو بارە قوڕسەی کە بۆمان سازکرابوو.. دیسان ئەوە وای کرد لایه‌نه‌کان دوچاری لێکدابڕان و په‌رته‌وازه‌یی ببن؛ دەرفەتێکیش درا بە ئێران و تورکیاو عێراق کە بڕوبیانووی تازەتر به‌ گەلی کورد بگرن، پلانەکانیان بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ هەوڵ و وتاری ڕۆژانه‌یان بێئه‌وه‌ی بیرێک له‌ ڕابردوو بکەنەوە، کە سەدەیەکە نەیان توانیوە نەتەوەی کورد لە ناوچەکە بە چۆکدابەن، لەمەودواش ناتوانن ئەو کارە بکەن.چونكە لە راستیدا ، كوردایەتیی راستەقینە باوەر بوونە بە ریٍفراندۆمی سەربەخۆیی و خۆشەویستنی نیشیتیمان و خاك نەفرۆشتنە ..بۆئەوەی لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری گەلی کورد بسەلمێنین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە ڕەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە دواڕۆژێكی گەش و هەبوونی کیانێکی ئازادو سەربەخۆ بەهێزی پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوکراوەیی و لێهاتوویی کادیرەکانیەتی.ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی و داگیرکاری و دیكتاتۆرییەت، لە سەددەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ‌ نەتەوەی چەوساوەو ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان.لە سەددەی بیست و یەک دا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە دەیەی ڕابردوودا و لە ئێستاش ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران لە دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت دەستی پێكردووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت جارێکی تر بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوەی ژێردەستەی کوردستانی مەزن بە گشتی و بزاڤی سەربەخۆی خوازی كوردستان بە تایبەتی دەتواندرێت سوود لەو هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە چەترێكی نیشتیمانی هاوبەشە, بوونی چەترێكی نیشتیمانی بۆ بزاڤی سەربەخۆی خوازی گەلی كوردستان، تەنانەت لەسەر ئاستی كوردستانی مەزنیش پێویستییەكی بابەتی و دیرۆكییە.پێویستە کادیرانی پارتی دیموكراتیی كوردستان چاڵاكانەتر بەشداری کارایان هەبێت لە گەنگەشەکردنی ڕووداو و گۆڕانکاریەکان و تەواوی هێزو توانستی سییاسی و رێكخراوەیی مەدەنی بخەنەگەڕ بە خاتری باشترکردنی پرسگەلی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان کە ئامانجی مەزنی ڕێبازی پیرۆزی مستەفا بارزانییە ، كە رێبازی كوردایەتی كۆڵنەدانە.
Top