حەشدی شەعبی شوێن پێی سوپای پاسدارانی هەڵگرتووە
March 10, 2018
وتار و بیروڕا
حەشدی شەعبیش بە بیانووی شەڕی داعش و بە فتوای مەرجەع و پشت ئەستوور بە هاوکاری سوپای پاسداران دامەزرا، هەر بە پلانی ئێران لە پەرلەمانیش بە پشتیوانی چەند فراکسیۆنێکی کوردی دەنگی بۆ درا و بە یاسایی کرا، ئێستا کە شەڕی داعش بەرەو کۆتایی چووە و حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربازی کار لەسەر ئەوە دەکات خۆی بخزێنێتە ناو بڕیارە سیاسیەکان و بۆ خۆی قۆرغیان بکات، ئەوەتا لە دەرەوەی یاسای هەڵبژاردن کە نابێ هیچ هێزێکی چەکدار بۆ هەڵبژاردنەکان لیستی خۆی هەبێ، بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات و وەک بانگەشەش دەستی کردووە بە ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەت گوزاری، ئەوانە و لێدوانە ئاگرینەکانی بەرپرس و فەرماندە باڵاکانیان و پشتیوانی سوپای پاسداران لێیان، ئاماژەی روونن کە حەشدی شەعبی شوێن پێی سوپای پاسدارانیان هەڵگرتووە و کار بۆ ئەوە دەکەن وەک سوپای پاسداران دەست بەسەر بڕیارە سیاسی و سەربازیەکاندا بگرن و داڕشتنی نەخشە رێگای دیبلۆماسی و پەوەندیە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش بخەنە ژێر فەرمان و هەیمەنەی خۆیان.
بە هەموو پێوەر و پێشهاتەکان حەشدی شەعبی چیرۆکی درووست بوونی سوپای پاسداران دەنووسنەوە، جا ئەگەر لە نووسینەوەی ئەو چیرۆکە سەرکەوتوو بن و بگەنە ئەنجام، ئەوا لە عێراقیش رژێمێکی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی دادەمەزرێ و فتوای مەرجەع دەبێتە باڵاترین دەسەڵات.