نەوشیروان و بەرهەم لە کۆڵانێ یەکتریان گرتەوە
March 6, 2018
وتار و بیروڕا
نەوشیروان مستەفا بە بیانووی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گێرانەوەی داهاتی گشتی و قووتی خەڵک و دادگایی کردنی گەندەڵکاران لە حزبە کۆنەکەی هاتە دەرێ، پشتی لە کوردایەتی کرد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی هەراج کردن و عرووبە و عێراقچێتی کردە دوا ئامانج، بۆ ئەو مەبەستەش گۆڕانخوازو هەڵسووڕاوان چ لە پەرلەمان و چ لە شەقام کەوتنە ئاژاوەگێڕی و پشێوی نانەوە، لە بەغداش فراکسیۆنەکەیان کردە کلکی فراکسیۆنە عەرەبیەکان و عەبادی عەبادیان کردە وێردی سەر زمانی گەورەو بچوکی لایەنگرانیان.
ئەوەی جێگای پرسیارە و وەڵامەکەشی لای گۆڕانخواز و هەڵسووڕاوانە، لەگەڵ ئەو هەموو هاتوهاوارەی دژی گەندەڵی و بۆ چاکسازی کردی، چۆن لە بەرنامە و ستراتیجی کۆنی پەشیمان بۆوە و عێراقچێتی کردە خەونێک و هەموو خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و بەری رەنجی خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی کوردیشی لە بەدیهێنانی خەونی عێرقچێتیدا چڕ کردنەوە، ئەوهاش لە گۆڕانخوازی و چاکسازی پەشیمان بۆوە و گردەکە و چی سەروەت و سامانی بزووتنەوەى گۆڕان بوو لەسەر جووتە کوڕکەی تاپۆ کردن،
بەرهەم ساڵحیش بە دیوێکی تردا هەمان رێچکەی نەوشیروان مستەفای گرتووە، تا لە یەکێتیدا بوو دەیگوت: یەکێتی هەم دیموکراتییە و هەم دادپەروەریشە، ئێشتاش هاوپەمانی بۆ دیموکراتی دادپەروەری پێکهێناوە، بەوەش بەرهەم ساڵح پێمان دەڵێ: یەکێتی نە دیموکرات بووە و نە دادپەروەرو ئەوەی لە رابردوودا لەسەر دیموکراتی و دادپەروەری یەکێتی گوتوومە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک بووە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم و جێگای گومانە و پێویستە خەڵکی کوردستان بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەو دوو سەرکردە باڵا و بڕیار بەدەستەی ناو یەکێتی، ئەوەی لە رابردوودا گوتوویانە فێڵ کردن بووە لە خەڵک بە گشتی و شوێنکەوتووانیان بە تایبەتی، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە ستراتیجی مافی چارەی خۆنووسینیان بە عێراقچێتی گۆڕیوەتەوە و بوونە پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراق و روون و ئاشکرا شەڕی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.