جینۆسایدی كورد و ئازادكردنی شنگال.. سیمبوڵی بەرخۆدان و ئازایەتی نەتەوەیەك
August 3, 2016
وتار و بیروڕا
رۆژی 3-8-2014 قەزای شنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیركراو كوردانی ئێزیدی لە دەڤەری شەنگال روبەڕوی بەجینۆسایدكردن و نەهامەتی و ئاوارە وكارەساتی مرۆیی بوون، تیرۆرستانی داعش لەگەڵ داگیركردنی ئەو قەزایە دەستیانكرد بە كوشتن و رفاندنی كچان و ژنانی ئێزیدی، كردەوەكانی ئەو گروپە تیرۆرستیە لە جیهاندا دەنگیداوەتەوە لە دڕندەیی و ئەو وەحشیگەریانەی ئەنجامەی دەدەن.
هەر لەگەڵ داگیركردنی شنگال بەشێكی، زۆر لە دانیشتوانی قەزاكە بە ژن و پیرو مناڵەوە ئاوارەی چیای شنگال بوون ئەو چیایەی كە هیچ شتێكی لێنیەو تەنها وشكانییە، هەر لەسەرەتای ئاوارەبونی ئەو هاووڵاتیانە نزیكەی چەندین مناڵ بەهۆی برسێتی و توێنێتییەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها چەندین ژن و پیاوی بەتەمەن كە توانای ئەو ماندوبونو برسێتییەیان نەدەكرد گیانیان لەدەستدا.. ئەمە سەرەتای ئەو تراژیدیایانە بوو كە ئاوارە كوردە ئێزیدیەكان روبەڕووی بوونەوە بەڵام ئەوان نەیاندەزانی چەندین نەهامەتی تر رووبەڕوویان دەبێتەوەو لەو كاتەدا داعش سەرقاڵی رفاندنی كچ و ژنانی كوردی ئێزیدی ناو شەنگال بوو. ئەمەش بە تاوانێكی درٍندانە و بەربەرییانە بوو كە لە سەدەی بیست و یەكەم دا دەرحەق بە گەلی كورد ئەنجام درا.
ئەگەر كۆڕەوە میلیۆنییەكەی 1991 لە رووی مرۆڤایەتییەوە گەلی كوردی بە دونیا ناساندبێت، ئەوە كارەساتی جینۆساید و قڕكردن و ئاوارەبوونی كوردانی شنگالی لە دۆخێكی مرۆیەوە گۆڕی بە كۆدەنگیەكی سیاسی و سەربازی جیهان بۆ داكۆكیكردن و پاڵپشتیكردنی كورد لەسەر مستەوای گێتیەوە. دیارە هۆكارەكەش دەركەوتەی داعشە، كە جگە لەوەی ئەو تاقمە مەترسییە بۆ سەر كورد لە هەمانكاتیشدا ئاماژەیەكی مەترسیانەتریشە بۆ تەواوی وڵاتان، بۆیە دەتوانین بڵێن دەركەوتەی داعش بە كۆی مووكەسەراتەكانیەوە هەلومەرجێكی تازەی لە ناوچەكە دروستكرد، لە حاڵی حازردا وادەردەكەوێت بە هۆی دەركەوتەی ئەو گروپە تیرۆریستە نەخشەی سیاسی و جوگرافی ناوچەكەش گۆڕانی بەسەردابێت بەتایبەتی لە نێوان وڵاتە زڵهێز و هاوپەیمانەكانیان. بە تایبەتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، كە وایكردووە كورد لە رووی سەربازیەوە ببێتە بە بەشێك لەو هاوپەیمانیە تازەیە، ئەگەری زۆریش هەیە بە هۆیەوە گێرفی كورد لە مەحفەلی نێودەوڵەتیدا بەرزبێتەوە و بچێتە قۆناغێكی تازەوە. هەرچەندە هیچ كاتێك جەنگ نەبۆتە مایەی گەشە و پێشكەوتنی میللەتان، بەڵام بۆ كورد ئەو دەرفەتە دواجار یارمەتی ئەوەی دەدات لە هەرێمێكی دوورە پەرێزی سیاسی و حیساب بۆنەكرا و ببێتە مایەی حیساب بۆكردن و رۆڵبینن لە رووداوە گەورەكاندا، چونكە ئەمڕۆكە دونیا لە شەڕێكی چارەنووسازدایە لەگەڵ تیرۆر، كە مەترسیەكی كوشندەیە لەسەر ئاییندەی دیموكراسی و پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، نەك بەس لە ناوچەكەدا، بەڵكو ئەمڕۆكە دونیا بە شێوەیەگی گشتی كۆكە لەسەر ئەوەی دەبێ سنوورێك بۆ تیرۆر و ئەو هێزە توندڕەوانە دابندرێت، كە مەترسین بۆسەر ئاسایشی جیهان. دیارە كورد چ لە هەرێمی كوردستان چ لە رۆژئاوای كوردستان دەورێكی كاریگەر دەگێڕێت لە رێگریكردنی دەسەڵاتی داعش.
راستە كوردانی ئێزیدیی قوربانی گەورەیان پێشكەشی گەل و نەتەوەكەیان كرد ، هەزاران مرۆڤیان گیانیانیان لەدەستدا، بە كوشتن، مردن لە برسان، بە خنكان لە تینوێتی و هەڵپڕوكانی جەستەیان لەبەر سووری هەتاوی ئەو گەرمەسێرە، لەپێكەوتن و ئەژنۆ شكان و خۆكوشتن، بەدیلگیران، سوكایەتی پێكردن و فرۆشتنیان لەبازاڕەكانی دیل فرۆشان ، بەڵام هەر وەكو سەرۆك بارزانی فەرموویان ، ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆییشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە..
ئازادكردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تۆمار كرا. ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆییشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە.لەدوای داگیركردنی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر شنگال و كوردانی ئیزیدی هات ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی ماوەی زیاتر لە 220 رۆژ هەموو رێگەیەكی گرتەبەر تا بە هەر نرخێك بێت شنگال لە دەستی داگیركەرانی داعش ئازاد بكات و بۆ ئەوەی بڕوابەخۆبوون بۆ گەلی كوردستان و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەربكرێن. هەر بۆیە وانەیەكی وەهایان پێدرا كە بۆ هەتا هەتایە بیر لە دەستدرێژی بۆ سەر خاكی پیرۆزی كوردستان نەكەنەوە .