بەڵی بۆ گفتوگۆیەكی راستەقینە

بەڵی بۆ گفتوگۆیەكی راستەقینە
دیاردەكانی گەندەڵی ژیانی سیاسی و ئابوری كۆمەڵگا كەكۆمەڵگەی ئێمە پێوەی دەناڵێنێت، بە تەنهابا نەدەینە پاڵ گیانی پاوانخوازی هةنديَ لة كەسانی حوكمرانی مەڕخۆمان !! چونكە دواجار ئەوانیش رۆڵەی ئەم كۆمەڵگەیەن ! لەدەرەوەی كۆمەڵگەوە نەهاتوون ؟! پەنجەی خەتا زیاتر بۆ هوشیاری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەمان رابكێشین، كە ئەوەش دەبێت و ئەركی هەموانەو پێویستیەكی هەنوكەییە هەوڵی چارەسەری گشت لایەنەی بۆبدرێت گشت توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری بكەن و پشكیان هەبێت لەوپرسەدا.
ریفۆرم و چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەت لە بیركردنەوەی سیاسی ئێمە روەو ئاستێكی باڵاتر لە حیزب، پرسێكە هەر لە رۆشنبیرێك و تێگەیشتویەكی سیاسیەوە بیگرە تاهەرتاكێكی تری ئەم كۆمەڵگایە لەهەرپێگەو پیشەو ئاین ورەگەزێك.. لەبۆ گەیشتن پێی ودەست بردن بۆی دەبێت شەقاوی بەپەلەی ڕوەو بهاون! من قسەم لەسەر كەمكردنەوەی خەم وبەرنامەی چاكسازی پارتە سیاسیەكان و كەسە رۆشنبیرەكان نیە كەئەوان بۆخۆیان دەستیان خستوەتە سەرزۆربرین و دیاردەی نەگونجاو بۆ ئەم قۆناغەی ئەمرۆی میللەتەكەمان، لەهەمانكاتدا لەئاسانەی دەسەلاتیشەوە بەتایبەت وتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆچاكسازی تێگەیشتن و پەی بردنی چارەسەرە بەواقیعەكە.! كە پێشم وایە ئەمە تەنهاش بەس نیە، بۆ گێرانەوەی ئاشتی و ئارامی و نەهێشتنی دڵەراوكێ لە كۆمەڵگەی كوردەواری...سەرفروویی زیاتری گەرەكە..
دیارە پرسی چاكسازی و گەراندنەوەی متمانە بۆ لایەنەكان دەزانین وەها كارێكی سانانیە تەنها بەقسەو هەندێ‌ هەوڵی عەمەلی بچووك یاخود تەنها بە بەڵیندان و تەصریح ئیتر چڵكی ئەو بارە نائارامە بەدەمو چاوی فەزای سیاسی كوردەواریەوە نیشتوە بشۆینەوە.خۆ ئەوەی لای راگەیاندنی پارتەكانیشەوە قسەی لەبارەوە دەكرێت وەك چارەسەر وقەباڵەی ئاساییكردنەوەو چاكسازی.. پاراسیتۆڵ و ئەنتی بایۆتیك یان شفابەخشێكی فەوری نابێت بۆگرانەتای خودپەرستی و خۆتەنها ویستی كەلەرزی قۆرخكاری هەمەچەشنەی خستوەتە جەستەی كۆمەڵگاوە كە لەئەنجامدا سەرچاوەكانی ئابوری و دەسەڵات ومەعریفەی لەكوردوستان لەم زۆن و لەو زۆن بۆحیزب قۆرخكردوە.! بەڵكو هوشیاری دیموكراسی زیاترمان پێویستە و دابەزاندنی ئەوهوشیاریە كاری زیاتری هەمەلایەنەی دەوێت تاكاریگەریە نەگەتیڤەكانی عەقڵی جەمعی ئاخێنراو لەخودپەرستی هیچ نا بایی ئەوەندە كاڵ بكاتەوە تاسەرەتاكانی گیانی دیموكراتیزەبوون پەخشانی نێو دامو دەزگاكانی كۆمەڵگابن! چونكە ئەم بابەتانە وەك دیموكراسی وسەروەری یاساو تەماشای هاوڵاتیان بەپێناسی هاوڵاتیبوون و زۆربابەتی تر لەمشێوە كەبابەتی چارەسەری واقعی كۆمەڵگان هێشتا وێنەكانیان گواستراوەتە سەرزاری كۆمەڵگای ئێمە، گەرنا ئاماژەو ویست و داواكاری تاكی ئیمەن هێشتا پەنجەیان لەگەڵ واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەدا تەنها وەك لاساییەكانی دەورووبەركەمێ‌ زیاتر نەرمكردوە.گومان دەبەم كە هەندێ‌ كەس وا لەم سیستمو دەزگا كۆمەڵایەتی و كەسانی سیاسیەی ئێمە گەیشتوون كە پاڵتۆیەكە ئەگەر لاببرێت راستەوخۆ ئیتر سەرماو رەشەبای هەرچوارلا لاشەمان تووشی كۆڵنج پەسیوی دەخات ، لای هەندێ‌ كەسی تریش وادەزانن كراسێكە و دەتوانن بەسانایی لەبەری دایكەنن وبەسابوناوێكی ووشەئامێز هیچ چڵكو چەپەڵیەكی پێوەنەهێڵن! بۆیە خەڵكی ئەمرۆ كوردوستان دەزانێت كەئەم دو بۆچونە لەهەڵەدان !!
ئەمرۆ سیاسیەكانی ئێمە بەدەر لەوەی زۆر بەدەستو بردن بۆ قسەوبریارو بەڵێن هەڵڕشتن ! كە جاران واعیزەكان هەوڵی هەمیشەییان كۆكردنەوەو هەڵرشتنی كۆمەڵێك ئامۆژگاری بوون، پیێان وابوو كۆمەڵگا بەئامۆژگاری ( دەبێتە شامی شەریف!!) ئەگەر كرداری دەستو بردی بەدوودانەیەت ئەمانەبە تورێك ناژین بۆكۆمەڵگا! تاك دەبینێت دادی كۆمەڵایەتی بەقەد سەدفلسیەكی جاران بەدەموچاوی كردەكۆمەڵایەتی و پێگەكۆمەڵایەتیەكانەوە رۆشنایی نادات هەربۆیە ئەگەر دەسەڵات لەناخی خۆیەوەهەست بەم واقیعە نەكات و گیانی خودپەسەندی بەركەنارنەكات و مانایەك بۆ رێزو بون وشكۆی ئەوانی ترلەبیركردنەوەكانیدا جێنەكاتەوە ، ئەوە گۆمی متمانە لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا لێڵتر دەكات، فەزای كێشەكان فراوانتر دەكات.
ئاخر شتێك لای تاكە سادە سیاسیەكانی ئێمە باوەو حاڵی حازر دەیبینین كە سیاسەتكردن تەنها بریتی بێت لە لاف و گەزافی سەر شاشەكان و راگەیاندنەكان و تۆمەت چینەنەوە و حورمەت و رێزی یەكتر شكاندن، یاخود بریتیە لەپاشقول وهەوڵی زیاتری خۆبردنەپێشەوە و نزیككەوتنەوەی چەند حیزب و كۆكردنەوەی هێز بۆ نزیككەوتنەوە لەكورسی دەسەڵات و دواجار لەسەرنیشتنی بەڵام ئەوەیان لەبیرچوە كە سیاسەتی سەركەوتوو لەدێرو لەئەمرۆشدا (( زیاتركارزانی بووە نەك شتی تر!!)، سیاسەتی راستەقینە ئیدارەدان و دابینكردنی ئارامبەخشی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بووە..
خۆ ئێمە ئەوە بالەبەرچاومان بێت كە كاتێ‌ هەندێك لە لایەنەكان " گلەیی لە حوكمدارەكانمان دەكەن بەوەی تەنها لاسایی نزیكەكانمان و دەوروبەرماندەكەنەوە بەگەیشتنیان بەدەسەڵات هەوڵی بەخواییكردنی سەرۆكەكان و زەلیلكردنی كۆمەڵگادەدەن" بەهەمانشێوە ئەبێت ئەو گلەییەش بۆ خۆیان راست بێت كە بۆرزگاربوون لەو پەتایە هەمان رێچكە و رێبازی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بەهەمان شێوەدەدەن! یانی چۆن دەسەڵات لای ئێمە پرۆژەی نوێ‌ و شیاوی بۆ حوكمرانی نیە! تەنهائیستهلاكی و لاسایی چواردەور و مەنتیقی هێزە!! لەهەمانكاتدا ئەو لایەنانەش ئەگەر بۆیان بلوایە بۆبەرەنگاری ئەم دۆخانە تەنها ئەوەیان دەخستە بەرنامەی كاریانەوە! سا ئیتر بۆناسازێن و بۆ مل بۆ یەكتری نادەن؟ مەگەر بیریان چووە بۆخۆی نەسازانەكانی مێژووی رابردوویان لە گەڵ خۆدا و نەرمی نەنواندن لەگەڵ خۆدا، سەری لایەنەكانی ناسازی جارانی ( بێ جیاوازی) كرد بەماڵی نامەرداو ئەوكات نەرمی نواندنیان بۆ ئەوان سەدباری ئەم كلۆلیەیان بوو كە ئەوان بەكڵۆلیان دەزانی و كە دیارە بۆ ئیمرۆش ئەمە هەر راستە، پێویستە ئەوەیان لەبەرچاو بێت.
ئای ئیمرۆ چەندە خەڵكی كوردوستان پێی خۆشدەبوو!! سیاسیەكانیان رێگەی نوێیان دوورلەلاسایی چواردەور گوایە لەهەگبەناوەو بۆچارەسەرو گرفتەكانی ماڵی خۆیان ئەویش رێگەی دیالۆك و پرۆژە خستنەكارەوە بوو لای خۆیانەوە، بەڵام مەخابن كارگەیشتە ئەوەی كەبەرامبەر پرۆژە ئەوانیش شەرەپرۆژە بهێننە ئاراوە، ئەمان وتیان زۆرترینی كورسیمان هەیەو ئەحەقیەتی بریار لای ئیمەیەو ئەوانیش هەوڵی كۆكردنەوەو خركردنەوەی كورسی زیاتریاندا، بەمانا ئەمان چی بڵێن و ئەوانیش هەمان شت و هەمان قەوان لێدان كاربكەن و بەڕووی یەكدا هەڵبشاخێن!! كەئەمە كۆمەڵگەی ئێمە ناتوانێت بەم شێوازە بباتە پێشەوەو هیواداردەبووین كەعەقڵی سیاسی ئێمە هەنگاوێك پێشتر بوایەو بەدیالۆگ بۆ سەرفرازی وچاكسازی و دیموكراتیزەبوون شەقاوی هەڵگرتایە.!! بۆیە گفتوگۆ بەدەرلەوەی گێرانەوەی متمانەیە، ئەوا ئەوخوانەیە كەسفرەی ژیانی سیاسی ئەمرۆی كوردوستانی پێدەرازێتەوە. بەرەو ئەو خەونە مێژینە نەتەوەییەی میللەتەكەمان كەسەدەیەكە خوێنی بۆ دەرێژرێت نزیكترمان دەخاتەوە، با دژی گفتوگۆنەبین و مەرج بۆ گفتوگۆكان دانەنێین، بەدەنگی بەرز بڵێین " بەڵێ بۆ گفتوگۆی راستەقینە" واتە گفتو گۆ لەپێناو گەیشتن بە بنبەست نا؟ بەڵكو گفتوگۆ بۆ بەردەوامی بەگفتوگۆ روەو ئەو ئامانجەی كەبۆی سازدەدرێت، پێشینە ترینیان چاكسازی لەبیركردنەوەی سیاسی گشتی و گەراندنەوەی متمانەى لایەنەكان بەیەكتری، كەتیایدا پشكی زیاتری خێر بۆكۆمەڵگە مسەوگەر بكات ، لەوێوە پێكەوە هەنگاو هەڵگرتن بۆ ئامانجە مەزنەكە...كەمن پێم وایە گەر هەمولا بەرژەوەندی خۆیان كەمێك بكەنەقوربانی بەرژەوەندی گشتی! ئەوەهەنگاوێكی باشتر هەڵگیراوە.چونكە باوەرم وایە گفتوگۆی راستەقینە ناگاتە بنبەست! و خەونی سەدەیەكی نەتەوەیەك و خوێن و ماندووبون و رەنجی گەلێك بە ئامانج دەگات.
Top