شادی کوردیلەکانمان .. شادی گەلەکەمانە

شادی کوردیلەکانمان .. شادی گەلەکەمانە
بێگومان ھەموو دایکان و باوکان ، لە ناخی دڵیانەوە ، ھیواخوازی ئەوەن ، کە جگەرگۆشەکانیان بە ئەوپەڕی شادی و کامەرانییەوە بژین .. ژیانیان پڕبێت لە خۆشی و لە خۆشەویستی .. لە ھیوا و لە خەونی شیرین و سەوز ، لە خەندە و لە پێکەنین .
دایکان و باوکان ، بێ ئەوەی بیر لە ژیانی خۆیان بکەنەوە ، بێ ئەوەی ژیانی سەختی رابردووی خۆیان بێنەوە بەرچاو .. بە ئەوپەڕی توانایانەوە ھەوڵی ئەوە دەدەن ، کە منداڵەکانیان بەختەوەر و شاد بکەن .. بە باشی و دروستی گەورەیان بکەن .. تا بتوانن ببن بە کەسانێکی ئاسایی و ، لەگەڵ دەوروبەرەکانیاندا بسازێن و ، بە باشی و دروستی و سەردەمیانە رەفتاربکەن .. بێ ئەوەی ھیچ گرێ و گرفتێکی دەروونی و ، رق و کینە و بوغز لە دڵە پاک و قنجەکانیاندا شوێنیان ھەبێت .. دایکان و باوکان بۆ ھێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەیان .. ئامادەی ئەوەن ، لە پێناوی شادی و کامەرانی و خۆشگوزەرانی منداڵەکانیان .. قوربانی بە خۆشی و بە ژیانی خۆشیان بدەن .
ھەموومان ئەوە دەزانین ، کە کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن ، کە دەبنە تاک و بە کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردیمان .. تا زیاتر بە دروستی و شیاوی رەفتاریان لەگەڵدا بکەین .. تا زیاتر پێویستی و پێداویستییەکانی گەشەکردنیان جێبەجێ بکەین .. تا زیاتر ھۆکانی شادی و خۆشیان بۆ دابین بکەین .. تا زیاتر ھاوکار و پاڵپشتی گەشەکردنی بەھرە و خولیاکانیان ببین .. تا زیاتر رێز لە بیر و را و لە بۆچوونەکانیان بگرین .. تا زیاتریش ئازادی و سەرفرازیان پێببەخشین ، زیاتر بە نەرم و نیانی و ، رووخۆشی و بزە و پێکەنینەوە لە ئامێزیان بگرین .. ئەگەر سۆز و خۆشەویستیی زیاتریان پێ ببەخشین .. زەمینەیەکی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنین ، کە زیاتر بە ھێمنی و ئاشتی و بە ئاسوودەیی و دڵنیاییەوە بژین .. تا زیاتر .. و .. زیاتر ... ھتد . منداڵەکانمان زیاتر بڕوا و متمانەمان پێدەکەن و .. زیاتریش دڵنیا دەبن لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستیمان بۆیان .. ئێمەش دڵنیا دەبین ، کە لە داھاتوودا ، دەبنە تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگایەکی کوردیی دروست و تەبا .. کەواتە چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن ، چۆنییەتی رەفتارکردن لەگەڵ منداڵانی ئەمڕۆدا .. بە باشی و دروستی ، یا بە خراپی و سەقەتی ، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ئەمڕی کوردیلەکانمان و .. لە داھاتووی گەل و نیشتمانەکەمان دەبێت .. لەم روانگەیەوە ، چارەنووس و داھاتووی کورد و کوردستان .. بەندە بە رادەی چۆنییەتی پەروەردەکرن و رێنمایی و ئاراستەکردن و ئامادەکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانەوە .. کورد وتەنیش : " چی بچێنین .. ئەوە دەدوورینەوە "
تا زیاتریش دایکان و باوکان ، وریا و شارەزابن ، تا لەسەرخۆتر و دڵفراوانتربن .. بە خۆشەویستی و دروستییەوە ، مامەڵە و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەڵەکانی منداڵەکانیاندا بکەن ، تا زیاتر لە سروشت و لە سیماکانی قۆناغەکانی ژیانی منداڵێتی بگەن .. ئەوەش بزانن کە خواست و پێویستییەکانی منداڵانی ئەمڕۆ .. ھەمان خواست و پێداویستییەکانی نەوەی پێشتریان نین .. یا بڵێین وەکو ئێمەی گەورە نین .. منداڵانی ئەمڕۆمان منداڵانی سەردەمی تەکنۆلۆژیای تازە و داھێنانی سەیر و سەمەرە و جیھانگیرین .. بۆیە خەون و خواست و پێویستییەکانیان لەگەڵ منداڵانی پێش خۆیاندا جیاوازن .. پێویستە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمان ئەو راستییانە لەبەرچاوبگرن ، نابێ کۆنەپەرست و رابردووخواز بن .. نابێت شیوازی پەروەردە و گۆشکردنی کلیشەداری رابردوو دووبارە بکەنەوە .
دایکانی میھرەبان و باوکانی دڵسۆز ، وا تێ مەگەن کە شادی منداڵەکانتان ، تەنھا بە پارە و سامان و ، بە جلوبەرگی ئاڵاواڵای جوان و ، بە خواردنی خۆش و ، بە پاک و تەمیزی و ، بە دابین کردنی بابەتی سەیر و سەمەرەی یاری کردن و ، بە رازانەوەی ژووری جوان .. دێتە دی . شادی شتێکی ماددی نییە ، کە وەکو دیارییەکی قەشەنگی جوان پێچراوە پێشکەشی منداڵەکانتانی بکەن .. شادی پێویستییەکی دەروونی و رووحی منداڵانە .. شادی کلیلی ژیانێکی خۆشە .. شادی بە پارە و بە ھەموو زێڕ و زیوی دنیا نایەتە دی .. چونکە لە زێڕ و زیویش زۆر گرنگتر و بەنرخترە .. دەبێ ئەوەش بزانین کە شادی لە ئاسمانەوە نابارێت .. بەڵکو ئێمە لە زەویدا دەیڕوێنین و بەرھەمی دێنین .. ( جیان پاول ) دەڵێ : " شادی باڵەکانمانن .. ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن .. "
رووخۆشی و کرانەوە و زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵان .. گرژی و گریان و تۆران و گۆشەگیریی منداڵان .. ئەم دیاردانە رەنگدانەوەی شتە شاراوەکانی ناخی دڵ و دەروونی منداڵانن .. دەشێ منداڵان بە زەردەخەنەی ناسکیان ، بە رووخۆشیان ، بە چاوەکانیان ، بەچەپڵەلێدان .. بە ھەڵبەزینەوەیان .. گوزارشت لە شادی و خۆشیی خۆیان بکەن .
چۆن دەتوانین منداڵەکانمان شاد بکەین ؟
( یەکەم ) : گرنگترین ھۆی شادی کردنی منداڵەکانمان ، ئەوەیە کە پێویستە ئەوپەڕی خۆشەویستییان پی ببەخشین .. بە تایبەتیش خۆشەویستی لە لایەن دایکان و باوکانەوە .. ھەر ئەوەش بەس نییە ، کە لە ناخی دڵمانەوە خۆشیانمان بوێت .. بەڵکو پیویستە بە وشەی باش وجوان و ، بە رستەی شیرین ، بە لە ئامێزگرتنیان ، بە ماچکردنیان ، بە دەستھێنان بە سەریاندا .. خۆشەویستی و دڵسۆزی و سۆزی خۆمانیان بۆ دەربڕین و ئاشکرای بکەین .. دەربڕینی رووبەڕووی سۆز و خۆشەویستیمان ، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر منداڵەکانمان ھەیە .. منداڵەکانمان ھەست بەوە دەکەن ، کە بە راستی خۆشیانمان دەوێن و .. شیرینن لەدڵماندا .. ئەم گوزارشتکردنەمان ، وا لە منداڵەکانمان دەکات خۆیان و کەسانی تریشیان خۆشبوێ .. ئەم خۆشەویستییەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت . ( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : " گەر کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەم خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت پێدەگات .. "
( دووەم ) ھۆیەکی گرنگی تری شادی منداڵان .. تەبایی و پێکەوسازانی ئەندامانی خێزانە .. بە تایبەتیش خۆشەویستی و پەیوەندی باشی نیوان دایکان و باوکان .. خێزان بەردی بناغە و بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە .. ماڵیش یەکەمین ژینگە و یەکەمین قوتابخانەی منداڵانە .. بۆیە چۆنییەتی پەیوەندی و رەفتار و دوان و ھەڵسوکەوتی نێوان ئەندامانی خێزان ، بە باشی یا خراپی کاریگەریان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و ، لە داھاتووی منداڵان دەبێت .. کاریگەرییان لەسەر شادی و ناشادییان دەبێت .. تا دایکان و باوکان زیاتر تەبابن و یەکتریان خۆشبوێ و ، رێز لەیەکتری بگرن .. بە رووخۆشی و گەشی و زەدەخەنەوە پێشوازی لە یەکتری بکەن .. دوو ھێندەش منداڵەکانیان ھەست بە شادی و خۆشی و کامەرانی دەکەن ، ھەست بە ئارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی دەکەن .. ھەست بەوە دەکەن ، کە لە سایەی خۆشەویستی و نازی دایکان و باوکانێکی رێک و تەبادا بە شادی دەژین .. کەواتە دایکان و باوکان ، پێویستە ئەم ھۆیە گرنگە لە بەرچاو بگرن .
( نووسەری ئەم بابەتە : لە ساڵی ـ ١٩٨٥ـ دا ، کە مامۆستا بووم ، لە قوتــــابخانەی ( عائیشە) ی تێکەڵاو ، لە گەڕەکی رەحیماوە لە شاری کەرکوک ی کوردستان ، وانەی بیرکاریم بە پۆلی شەشەم دەوتەوە و ، ڕابەری ئەو پۆلەش بووم .. یەکێک لە کچە قوتابییەکانم کە ناوی ( نیان ) بوو ، تا بڵێی کچێکی جوان و ژیر و سەلار و زیرەک و ھێمن بوو ، بەڵام ھەمیشە کز و مات و مەلوول و گۆشەگیر بوو ، لە دەموچاویدا ، لە قووڵی ھەناسەکانیدا ، لە کەم دووییدا ، بۆ ئەوە دەچووم کە نیان خەمێکی گەورە لە ناخی دڵیدا پەنگاوەتەوە و دەری نابڕێت .. رۆژێ لە پۆلدا پسوولەی قوتابخانە ـ البگاقە المدرسیە ـ ی قوتابییەکانی پۆلەکەم پڕ دەکردەوە کە ساڵانە ، لە نزیک کۆتایی ساڵی خوێندندا پڕ دەکرایەوە ، بێجگە لە کۆمەڵێک زانیاری و سەرنج و تێبینی مامۆستای رابەر دەربارەی ھەر قوتابییەک ، کە بە نھێنی پڕمان دەکردەوە ، ھەچ گۆڕانێکیش لە باری خێزانیدا لەو ساڵەدا گۆڕانیان بەسەر بھاتایە ، بە ئاشکرایی لە قوتابییەکانمان دەپرسی و تۆمار دەکرد .. ئەوانەی کە ـ مامۆستان ـ دەزانن ئەو زانیاریان چی بوون لە ( پسوولەی قوتابخانە ) دا ھەبوون ، ئێستا نەماوە .. ( نیان) لە سەرەتای ساڵەوە لە بەغداوە گەرابوونەوە بۆ کەرکوک ، کە گەیشتمە سەر پڕکردنەوەی پسوولەکەی ئەو ، لێم پرسی : باوکت لە ژیاندایە ؟ نیان وەڵامی دامەوە : " باوکم مردووە " کە لەوە پێشتر نووسرابوو ( زیندووە ) منیش رەشم کردووە و نووسیم ( مردووە ) کە زەنگی کۆتایی وانە لێدرا و پۆلم بەجێھێشت ، نیان بە دوامدا ھات .. رەنگی زەرد ببوو .. پێی گوتم : " مامۆستا ئەگەر کاتت ھەیە حەزدەکەم ، دووبەدوو کەمێ قسەت بۆ بکەم "
پێکەوە چووین لە ژووری وێنەکێشان دانیشتین ، نیان زۆر بەکۆڵ دەستی بە گریان کرد و چاوە گەشەکانی لە فرمێسکدا نوقم بوون .. لێتانی ناشارمەوە منیش بەبێ ئەوەی بزانم کە کێشەی نیان چییە ، چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک ، زانیم کە نیان کێشەیەکی گەورەی ھەیە .. پێیم گوت نیان : " من بە برا گەورەی خۆت دانێ ، تۆ ھەر قوتابیم نیت ، بە خوشکی خۆمت دەزانم .. کێشەکەت چییە ؟ بۆ دەگری .. ؟ بەڵێن بێ ، بە ئەو پەڕی توانامەوە یارمەتیت دەدەم ، نھێنییەکەشت دەپارێزم .. مەگری و قسەم بۆ بکە ؟ " فرمێسکەکانی نیانم سڕی .. دوای ماوەیەکی گریان ، بەدەم ھەنیسک دانەوە .. نیان گوتی : " مامۆستا .. منیش نەک ھەر مامۆستامی .. لە برایەک زیاتر خۆشتم دەوێی .. من درۆم کرد و ، باوکم نەمردووە .. خۆزگە بمردایە .. باوکم پیاوێکی شەڕانی ، دڵڕەق ، بێ بەزەیی ، گۆماناوی ، ئیش نەکەر .. دڵپیس ، جوێنپیس ، ماڵمانی کردبوو بە دۆزەخ .. رۆژ نەبوو تێر و پڕ لە دایکم نەدات ، ھەر رۆژەی بیانوویەکی پێ دەگرت .. بڕوا ناکەم لە دنیادا ژنێک ھەبێت .. ھێندە دایکم دڵی گەورە بێت و ، بەرگەی ئەو ھەموو ناھەقی و ستەمە بگرێت .... رۆژێک ھاوڕێیەکی باوکم ھات بۆ ماڵمان ، بۆ لای باوکم ھاتبوو ، ھاوڕێی خواردنەوەی بوو ، لەوەپێشیش چەند جارێک ، لەگەڵ باوکمدا ھاتبوو بۆ ماڵمان ، کورد بوو ، دایکیشم فەرمووی لێکرد .. دانیشە لەوانەیە پاش کەمێکی تر بێتەوە .. کە باوکم ھاتەوە و چاوی بە ھاوڕێکەی کەوت .. دڵی لە دایکم پیس کرد .. ھێندەی تر ماڵمان بوو بە ئاگر و دۆزەخ .. کەس وەکو دایکم و منی بەسەر نەیات .. زۆر جار بەبێ ھۆ لەگەڵ دایکمدا تێر لە منیشی دەدا .. تا ساڵی پار باوکم ھاوڕێکەی کوشت ، دادگا بڕیاری بیست ساڵ بەندکردنی دا ، ئێمەش ھاتینەوە بۆ کەرکوک ، من و دایکم لەگەڵ نەنکم لە ماڵی خاڵمدا دەژین .. جا مامۆستا ، باوکێ وا بێت .. کەی باوکە .. بە شەرمەزارییەوە بە باوکم ناوی دەبەم ؟ تاوانباری وا قەت بە باوکمی نازانم .. بۆیە بە تۆم گوت مردووە .. ببوورە مامۆستا .. ئەگەر زیانی بۆم نییە .. ھەر بنووسە مردووە .. " نیان دیسان دەستی بە گریان و فرمێسک رشتن کرد .. ئەگەرچی مانگێک مابوو بۆ کۆتایی ساڵی خوێندن .. بەڵام ھەموو رۆژێک چاوم بە نیان دەکەوت و ، زۆر دڵیم دەدایەوە و ، قسەم بۆ دەکرد و ئامۆژگاریم دەکرد و .. تا ورەی بەرز بکەمەوە .. چەند چیرۆکێک و سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێتی پڕ لە نا خۆشی و کوێرەوەری و و خۆڕاگرتن و کۆڵنەدان و ھیوانەبڕان و تێکۆشانی ، ھەندێ لە کەڵە ناودارانی جیھانم بۆ کرد .. کە لە سایەی بڕوابەخۆبوون و تێکۆشاندا توانیان زاڵبن و ژیان دروست بکەن .. توانیم تا رادەیەکی باش ھیوا و ئومید بخەمە دڵی نیانەوە .. لە ھەفتەی کۆتایی ئەو مانگەدا ، دایکی نیان ھات بۆ لام و زۆر سوپاسی کردم و .. گوتی : " بە راستی نیانت لە خەم و لە بێ ئومید رزگارکرد ، ئێستا ئەو دڵی من دەداتەوە " ئ نازانم ئێستا نیان کەوتۆتە کوێوە و ، چی لێ ھاتووە .. بەڵام ھەرگیز ئەو رۆژە و دیمەنی نیان و گریان و فرمێسکەکانیم لە یاد ناچن .. ( تێبینی : نیان ناوێکی خوازراوە بۆ ناوە راستییەکەی ئەو قوتابییەم ) ئەمەی بۆم گێڕانەوە .. چیرۆکێکی ھەڵبەستراو نییە ، بەڵکو راستییەکە .. بۆ ئەوەش باسم کرد .. تا بزانن کە ئاژاوەی نێوان دایک و باوک ، چ کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و جەستەیی لەسەر ژیانی منداڵان ھەیە .. پەندێکی کوردیشمان دەڵێ : " نە پێڵاوی تەنگ .. نە ماڵی بە جەنگ "
( سێیەم ) رەخنە و سەرزەنشت و تەریقکردنەوە و لۆمەی زیاد لە پێویست و ، بە شێوازێکی زەق و رەق و زمانێکی زبر .. وا لە منداڵان دەکات متمانە و بڕوایان بە خۆیان نەبێت و ، خۆیان بە کەسانێکی بێدەسەڵاتی شکستخواردوو بزانن .. لە جیاتی رەخنە و لۆمە .. پێویستە ھەڵەکانیان بە شێوەیەک بۆ روون بکەینەوە ، کە ھەستیان بریندار نەکەین و ، سەرکوێریان نەکەین .. لە شیوەی خۆشەویستی و رێزگرتن .. بۆ نموونە بە منداڵی ھەڵەکردوو بڵێین : تۆ خۆشەویست و بەڕێز و راستگۆی ، ژیر و باش و دلۆڤانی .. لەو بڕوایەدا نەبووین ، کە دووچاری ئەم ھەڵەیە ببیت .. یا کارێکی وات بکردایە ، ھەموومان ھەڵەدەکەین ، بەڵام پێویستە ھەڵەکانمان راست بکەینەوە .
( چوارەم ) پێویستە ، کەشوھەوایەکی وا بێنینە کایەوە، کە منداڵەکانمان ھەست بە ئاسوودەیی بکەن .. شێوازی مامەڵەکردنمان لە گەڵیاندا دووربێت لە زمانی ھەڕەشە و گوڕەشە .. زۆر لە دایکان و باوکان ، دەیانەوێ بە توند و تیژی و چاوسوورکردنەوە و لێدان ، منداڵەکانیان ناچاری فەرماییشەکانیان بکەن ، یا بە شێوازێکی ھەڵە و نادروست ئازاری دەروونییان دەدەن .. بۆ نموونە : ئەگەر ئەوە بکەیت خۆشتم ناوێیت ، ئەگەر بە قسەم نەکەیت .. قسەت لەگەڵ ناکەم .. بچیتە دەرەوە خوێڕی دەبیت ، لەوە زیاتر چەنە بازی مەکە و دەمت داخە .. بۆیە ( یۆنامات ) دەڵێ : " تا تەمەنی سیازە ساڵیم ، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخە ـ یە .. " ئەو قسە نەشیاوانە و شیوە ھەڵانە ، منداڵان تووشی رەشبینی دەکات .. فێری ترس و دڵەڕاوکێیان دەکات ، فێری کەلەڕەقی و دڵڕەقی و یاخی بوون و لاساریان دەکات .. ھەست بە خۆشی و خۆشەویستی و شادی ناکەن .
( پێنجەم ) ستایش و پیاھەڵدان و دەستخۆشی و ئافرین و سوپاس کردنیان لەو کارانەی کە ئەنجامیان دەدەن ، ھۆیەکی گرنگی تری شادی و خۆشیی منداڵانن .. دەستخۆشی لێکردنیان دەبێتە ھاندەر بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون لە کارە پوخت و جوانەکانیاندا . شەکسپیر دەڵێ : " ھیچ شتێک ھێندەی ستایش و پیاھەڵدان ، کار لە منداڵان ناکات "
( شەشەم ) پیویستە دایکان و باوکان کاتی گونجاویان ھەبێت ، کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەسەری بەرن ، کاتی یاری کردن ، کاتی گەڕان و پیاسەکردن ، چون بۆ باخچەیەک ، چون بۆ شاری یاری ، بۆ پارکێکی گشتی ، بۆ سەیران لە سەیرانگایەکدا ، بۆ ئاھەنگێک ، بۆ ـ بەشی منداڵان ـ لە کتێبخانەیەکی گشتیدا ... ھتد . ( جاکسۆن براون ) دەڵێ : " کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ منداڵەکانتدا دوامەخە .. ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن ، بۆ ئەوانیش ئەوھا گرنگن .. "
( حەوتەم ) پیویستە رێ بە منداڵەکانمان بدەین ، کە بە ئازادی و راشکاوی گوزارشت لە را و بیر و بۆچوونی خۆیان بکەن .. یا بە دڵی خۆیان ھەڵبژێرن .. چونکە ئەگەر بە تۆبزی و زۆر را و ھەڵبژاردنی خۆمانیان بە سەریاندا بسەپێنین .. لە رووڕووماندا ھەڵدەگەڕێنەوە و ، سەرپێچی و رقەبەرایەتیمان لەگەڵدا دەکەن و ، گوێ بە قسەکانمان نادەن ، با لە دانانی نەخشە و پلان و پرۆژەکانیاندا ، لە ھەڵبژاردنی پێویستییەکانیاندا .. ھاوڕێ و ھاوکاریان بین ، نەک خۆسەپێن و زۆرداریان بین .
( ھەشتەم ) گیڕانەوەی چیرۆک و مەتەڵ و نوکتە و سوعبەتی خۆش بۆ منداڵەکانمان ، بە تایبەتیش لە شەواندا ، پێش نووستنیان ، بە مەرجێ ئەو چیرۆک و مەتەڵانەیان بۆ بگێڕینەوە کە دوورن لە ترس باشتریش وایە ئەو چیرۆک و مەتەڵانە بن کە پێکەنین و ھەڵویستی خۆش و قسەی شیرینیان تێدایە ، دەکرێت کە لە کتێبێکی چیرۆکی وێنەداری رەنگاوڕەنگدا ، بە شیوازێکی خۆش ، چیرۆکێک یا چیرۆکەشیعرێکیان بۆ بخوێنینەوە .. باشتر وایە بە شادی و دڵخۆشییەوە منداڵەکانمان بکەینە خەو .. ( رووبارد کبلنک ) دەڵێ : " جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا .. دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ .. "
( نۆیەم ) ئەو منداڵانەی کە شاد و دڵخۆشن ، دەتوانن گەشە بە بەھرە و تواناکانیان بدەن و ، کەسایەتی خۆیان دەربخەن و ، لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانەی دێنە رێیان و ئەنجامیان دەدەن ، کەسایەتی خۆیان بنیات دەنێن .. دەشتوانن بە دروستی مامەڵە و ھەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەیاندا بکەن .. خووگرتنیان بە ئەم رەفتار و رەوتە باشانەی ئەمڕۆیانەوە ، لە گەورەییشیدا رەنگدانەوەی باش و دروستیان دەبێت.
( دەیەم ) رۆڵی تایبەتی دایک لە شادی و دڵخۆشی منداڵاندا .. منداڵ لە باوەشی دایکیدا چاو ھەڵدێنێت و ، بە شیری دایکی گۆش دەکرێت ، بۆیە بەھێزترین خۆشەویستی ، خۆشەویستی نێوان دایکان و جگەرگۆشەکانیانە .. ھەر دایکانن قوربانی بە خۆشی و شادی و ژیانی خۆشیان دەدەن ، لە پێناوی شادی و خۆشیی منداڵەکانیاندا .. دایکان یەکەمین و دڵسۆزترین مامۆستان .. دایکان بە سۆزترین و میھرەبانترین مرۆڤن .. دایکان بەرخودانترین کەسن . ( تۆماس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " دایکم دروستی کردم "
( شەکسپیر ) دەڵێ : " لە جیھاندا سەرینێک نییە .. کە لە باوەشی دایک نەرمتر بێت "
دایکانی دڵسۆز و پیرۆز ، قسە زۆر زۆرن دەربارەی میھرەبانی و شکۆداری و سۆز و خۆشەویستیی بێ سنووری ئێوە .. بۆیە پێویستە ئەم رۆڵە گرنگەی خۆتان لە بەرچاو بێت .. چونکە ھەموو کەڵەپیاو و ئافرەتە ناودار و ھەڵکەوتووەکانی جیان قوتابی ی باوەشی تۆن و ، دەرچووی قوتابخانەکەی تۆن .. ( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێ : " ئەگەر جیھان لە چنگێکدا بێت و ، دایکم لە چنگەکەی تریدا بێت ، دایکم ھەڵدەبژێرم " .. دایکان ، ئێوە زۆر زیاتر لەم وتە و قسە و پیاھەڵدانانەش ، شایستەتر و مەزنترن .. ئەی ھەر دایک نەبوو ، کە بەستەڵەکی رق و کینەی دڵی ( تەیمور لەنگ )ی دڵڕەق و خوێنرێژی توانەوە و ، سەری پێ نەنواند .
( یانگزەیەم ) رۆڵ و کاری حکومەت لە شادی و کامەرانی منداڵاندا ، لەسەر حکومەت پێویستە ، بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی ، ھۆ و پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەھرە و ئارەزووەکانی منداڵان دابین بکەن ، ھاوکار و پاڵپشت و زەمینەخۆشکەری ھێنانەدیی خەون و خولیا و حەز و خۆزگە و ئارەزووەکانیان بن .. پیوستە ئاوڕێکی جیدیش لە منداڵانی خێزانە ھەژار و کەمدرامەتەکان بدەنەوە و مووچەیان بۆ ببڕنەوە .. بایەخێکی تایبەتیش بە ـ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ـ بدەن .. پێویستە حکومەتی کوردستان منداڵەکانمان ھەر بە منداڵانی ئێمە نەزانن .. بەڵکو بە منداڵانی حکومەت و بە گرنگترین سامانی کوردستانیان بزانن .. پێویستە مافە رەواکانی منداڵانمان فەرامۆش نەکەن و لە پێشەوەی ھەموو مافەکانی تری بزانن .. چی تریش توندوتیژی بەرانبەر منداڵان نەکرێن و ، کاری قورس و مەترسیداریان پێ نەکەن .. تا تەواکردنی پۆلی دەی بنەڕەتیش ئەرێنی بێت خسێندن بە زۆر بێ .. جێ بەجێکردنی ئەم پێویستییانە ، دەبنە مایەی شادی و خۆشی منداڵەکانمان و ، بە دروستی گەورە دەبن و خێردەدەنەوە.
( دوانگزە ) نووسەران و ھۆنەرمەندانیش رۆڵێکی گرنگیان ھەیە ، لە شادی و خۆشی منداڵاندا .. چ بە نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە و ئۆپەرێتی خۆش و مەبەستدار بۆ منداڵان ، کە لە کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی جواندا پێشکەشیانی بکەن .. یا بە کردنەوەی پێشانگای وێنەی منداڵان .. یا پێشکەش کردنی شانۆگەری ، کە ئەکتەرەکان منداڵان خۆیان بن .. ھەموو ئەمانە ھۆیەکی گرنگن بۆ شادی و خۆشنوودی منداڵان .
( سیانزەیەم ) رۆڵی یانە وەرزشییەکان لە شادی خستنە دڵی منداڵانەوە .. منداڵان بەبێ جیاوازی ھەموویان حەز لە یاری دەکەن و ، یاری پێویستییەکی زۆر گرنگی منداڵانە و بەشێکە لە ژیانیان ، منداڵان لە رێی یاری کردنەوە توانا و حەزی خۆیان دەردەخەن و ، گوزارشت لە شادی و لە خۆشی خۆیان دەکەن .. خۆزگە تیپە وەرزشییە فوتبۆڵەکانی ئێمەش لە کوردستاندا ، لە کاتی یاریی کێبڕکێی نێوان دوو تیپی باڵادا .. وەکو تیپەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان .. ھەر یاریزانێک دەستی خونچە گوڵێک یا کاکەلەیەکی دەگرت و دەچوونە ناو گۆڕەپانی یارییەوە .
( چواردەیەم ) رۆڵی میدیا و تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و سەتەلایتەکانی کوردستان ، لە شادی و دڵخۆشکردنی کوردیلەکانماندا ، کە پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ماوەی بەرنامەکانی منداڵانمان بدەن و ، بابەتی گاڵتەجاڕی و پێکەنین و خۆشیش فەرامۆش نەکەن .. تا بتوانن پێکەنین و خەنە بخەنە سەر لێوی منداڵانی کوردمان .
( پانزەیەم ) جیابوونەوەی دایک و باوک لە یەکتری ، کە بە زۆری منداڵان دەبنە قوربانی و ، باجی ئەم جیابوونەوەیان دەدەن و .. لێیان دەشێوی و ، دووجاری گرێ و ئازاری دەروونی و بێ نازی دەبن .. شادی وخۆشی و گەشی لە روخساریاندا بەدی ناکرێن .. ھەروەھا مردنی دایک یا باوک ، ھۆیەکە بۆ بێ نازی و ناشادی منداڵان .
( شانزەیەم ) رۆڵی قوتابخانە و مامۆستاکان ، پێویستە ھەر قوتابخانەیەک ساڵانە چەند ئاھەنگ و چالاکییەکی خۆشی و ھونەری سازبکەن ، بۆ نموونە : ئاھەنگ گێران بە بۆنەی ساڵی خوێندنی تازەوە ، ئاھەنگ گێڕان بە بۆنەی جەژنی جیھانی منداڵانەوە ، سیمینارێک بۆ ئەدەبی منداڵان ( شیعر ـ چیرۆک ـ پەخشان ) کە لە لایەن منداڵانەوە پێشکەش بکرێن .. ساڵانە چەند شانۆگەرییەکی منداڵان پێشکەش بکەن .. سازدانی ئاھەنگێک بە بۆنەی یادی رۆژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان .. سازدانی ئاھەنگێک بە بۆنەی کۆتایی ساڵی خوێندن و دەرچوونی قوتابیان .. ئاھەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی دایکانەوە .. چەندین بۆن و یاد و رۆژی تر ھەن ، کە قوتابخانەکان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن ، ئاھەنگی شایستەی تیا بگێڕن و .. منداڵانیش توانا و بەھرەکانی خۆیان بنوێنن و ، بە ئازادی گۆزارشت لە خۆشی و شادی خۆیان بکەن .. لەرێی ئەم چۆست و چالاکییانەوە .. جگە لەوەی خۆشی و شادی دەخەنە دڵی منداڵەکانمانەوە و .. گیانی خۆشەویستی و رێز و کوردستان پەروەری و ھاوکاری و قبوڵکردنی یەکتریش لە دڵە پاکەکانیاندا دەڕوێنین .. لە ھەمان کاتیشدا گەلێ ئامانجی پەروەردەیی و دەروونی و زانیاری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی دێنە دی .
دڵنیام کە ئێوەی خوێنەری دڵسۆزیش ، کۆمەڵێک را و بۆچوون و پێشنیار و سەرنج و تێبینی ترتان ھەیە ، بۆ شادی و خۆشی و کامەرانی و بەختەوەریی جگەرگۆشەکانمان .. پێویستە درێغی نەکەین و ، بە ئەوپەڕی توانامانەوە ھاوکاربین بۆ دابینکردنی شادی بۆ کوردیلەکـانمان .. ئەمەش بە ئەرکـێکی پێـویست و پیـرۆزی ئەستۆمانی بـزانین .
Top