مێژووی ئەدەبی منداڵان ــ بەشی چوارەم

مێژووی ئەدەبی منداڵان ــ بەشی چوارەم
لەم بەشەدا ، زۆر بە کورتی باس لە ( مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد ) دەکەین .
داگیرکەرانی رەگەزپەرست ، لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا ، لە داگیرکردنی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ، لە قوتابخانەکاندا بە تۆبزی منداڵانی کوردمان فێری زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی دەکەن .. بۆیان نییە بە زمانی کوردیمان بخوێنن ، تەنھا لە باشووری کوردستاندا نەبێت .. داگیرکەرانی کوردستان ھەوڵی ئەوە دەدەن کە منداڵانی کوردمان ، زمانی شیرینی کوردیمان لەیاد بکەن ، فریویان دەدەن بۆ ئەوەی پشت لە داب و لە نەریتە رەسەنەکانی گەلەکەمان بکەن .. بە ھەڕەشە و بە چاولێسوورکردنەوە دەیانەوێ منداڵانی کوردمان ھەڵگەڕێننەوە و ، ھەست و نەستی کوردایەتی و ، سۆز و خۆشەویستیان بۆ کوردستان کاڵ بکەنەوە .. دەیانەوێت منداڵانی کوردمان بە زمان و بە کولتوورێک ئاشنایان بکەن ، کە بەلای منداڵانی کوردەوە نامۆن و دوورن لە کولتووری رەسەنی کوردیمانەوە .
بەڵام لەگەڵ ئەم ھەموو ھەوڵە گڵاوانەیاندا ، نەیان تووانیوە منداڵانی کوردمان لە خشتە بەرن .. نەیان توانیوە ھەستی قووڵی کوردایەتی و ، سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و ئینتیمابوون بۆ کوردستان لە دڵی منداڵانی کوردماندا دەربکەن .. نەیان توانیوە بەر لە خەبات و کۆڵنەدان و پێداگرتن و خۆڕاگریمان بگرن و ، بێ ھیوامان بکەن .
ئێمە لەژێر بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپ و تانکدا ، لە ناو ئەشکەوت و لە پەنای شاخە سەرکەشەکانی کوردستاندا ، لەشۆڕشدا بووین و ، بە دەستێکمان چەکمان ھەڵگرتبوو ، سەرسەختانە بەرگریمان لە کوردستان دەکرد و .. بە دەستەکەی کەشمان پێنووس و کتێبمان ھەڵگرتبوو .. بە زمانی شیرینی کوردیمان ، منداڵانی کوردمان فێری نووسین و خوێندنەوە و زانیاریی گشتی دەکرد .. بە کوردایەتی و کوردستان پەروەری گوشیانمان کردوون .. رۆژانەش پێکەوە سروودی ( ئەی رەقیب ) مان دەچڕی .
لە شاخیشدا ، بایەخمان بە ئەدەب و ھونەری منداڵانی کورد دەدا .. گۆڤاری منداڵانمان دەردەکرد و ، منداڵانی کوردمان شانۆگەرییان پێشکەش دەکرد .. ئەم قسانە پەیامێکە بۆ داگیرکەرانی کوردستان ، تا ئەوە بزانن کە خەیاڵیان خاوە ، کە بتوانن خولانەوەی بۆ پێشەوەچوونی رەوڕەوەی کوردایەتی و کوردستان پەروەریمان بوەستێنن .
دڵنیام و گەشبینم ، کە لە سایەی تێکۆشان و بەرخودانیدا ، زووبێت یا درەنگ مافە رەواکانمان وەردەگرین و ، بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین .. ئەمەش خەون و وڕینە نییە و ، خواست و ھیوای ھەموو کوردێکی کوردستان پەروەرە .
لەگەڵ ئەو ھەموو نەھامەتییانەی کە بەسەر گەلی کوردماندا ھاتوون ، لەگەڵ ئەو بێ نازییەی منداڵانی کوردمانی تێدان .. دەتوانم ئەوە بڵێم کە لە رووی زیرەکی و بلێمەتی و دانایی و ھزر و بەھرە و زەینتیژییەوە ، منداڵانی کوردمان ، لە منداڵانی گەلانی تری جیھان ئەگەر زیاتر نەبن ئەوا کەمتر نین .. ئێمە نابێت ئەدەبی منداڵانی کورد ، لەگەڵ ئەدەبی منداڵانی ئەو گەلانەدا بەراورد بکەین کە چەندین ساڵە ئازادن و ، خاوەنی بڕیار و دەسەڵات و دەوڵەتی خۆیانن .
مێژووی سەرھەڵدانی ئەدەبی منداڵانی کورد ، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کورد لەسەر خاکی کوردستانی پیرۆزدا .. رەگ و ریشەی لە ئەفسانە و داستان و لە حیکایەت و چیرۆکە ئەندێشەیی و میللییەکاندا ھەیە .. کورد خاوەنی بە سەدان ئەفسانە و داستان و چیرۆک و حیکایەت و مەتەڵ و ، خاوەنی بە ھەزاران بەیت و بالۆرە و گۆرانیی فۆلکلۆرییە .. ئەم ئەفسانە و داستان و چیرۆکانەش ، دایکان و باپیران و داپیران ، لە گوێی کوانگ و ئاگرداندا ، بە تایبەتیش لە شەوارەکانی شەوانی درێژی زستاندا ، بۆ جگەرگۆشەکانیان گێراونەتەوە .. نەوە لە دوای نەوەشمان دەماودەم بە زاری بۆ یەکتریان گێڕاونەتەوە .. ھەندێ لەو داستان و مەتەڵ و چیرۆکە ئەندێشەیی و ئەفسانەییانەمان ، تا ئەمڕۆش منداڵانی کوردمان ، تام و چێژێکی زۆریان لێ وەردەگرن .. بۆ نموونە :
( تیتلە و بیبلە ، مریشکە قوندە و مام ھۆمەر ، دەنکەھەنارە ، ئەژدیھا و کوڕە ئازاکە ، قەڵای دمدم ، دوانگزە سوارەی مەریوان ، مشکە خان دەچێت بۆ شاری شووکردن ، پیرێژنی جادووکەر و چەرخ و فەلەک ، گۆڕنەتەڵە ، سیمرخ ، بەختیار و بەدبەخت ، پاڵەوانی بازیبەند لە قۆڵ ، ... ھتد )
بە دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی و خەیاڵئامێزیشمان ھەن ، کە پاڵەوانەکانیان ، شتی خەیاڵین یا جەستەیی و سرووشتین ، یا ئاژەڵ و باڵندەن .. وەکو : خێو ، دیۆودرنج ، لۆژەند ، ئەرژەنگ ، سیمرخ ، پیرێژنی جادوکەر ، ئەسپی باڵدار ، ئەژدیھا ، حەزیای حەوت سەر ، بووکی دەریا ، جنۆکە ، چەتەوڵ ، شومقار ، چەقەڵی دز ، رێویی فێڵباز ، فریشتەی خێران ، ... ھتد . ھەموو ئەو داستان و مەتەڵ و چیرۆکە ئەفسانەیی و خەیاڵێیانەش ، بەشێکی گرنگن لە کەلەپوور و لە کولتووری رەسەنی گەلەکەمان .
زۆربەی کەڵەنووسەرانی جیھانی لە ئەدەبی منداڵاندا ، وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ سوودیان لە ئەفسانە و لە داستان و لە چیرۆکە خەیاڵی و فۆلکلۆرییەکانی گەلەکانیان وەرگرتوون و ، ئیلھامی پێ بەخشیون و ، کردوویانن بە ھەوێنی چیرۆک و شیعر و شانۆگەرییەکانیان .. لەوانەش : ھانز ئەندەرسن کریستیان ، برایانی گریم ، لافۆنتین ، زەکەریا تامر ، لەتیف ھەڵمەت ، ... ھتد ..
لای لایە و گۆرانیی دایکان بۆ کۆرپەکانیان ، بەشێکی گرنگن لە ئەدەبی منداڵانی کورد .. دایکانی دڵسۆز و میھرەبانی کوردمان ، لەگەڵ راژەنینی لانکی ساواکانیاندا .. لەگەڵ زڕەزڕی موتومووروو و پۆیلە و زەرتکە و پەتکەی ھەڵواسراوی قەد کەمەری لانک و بێشکەکانی ساواکانیاندا .. لەگەڵ خڕوھۆڕی بازنگەکانی قۆڵە ناسکەکانیاندا .. لەگەڵ زرینگەی پلپلەی خڕخاڵی پێیە قنجەکانیاندا .. بە لای لایەی شیرین و بە گۆرانی خۆش بە لاواندنەوە ی پڕ لە سۆز ، بە سەدا و سۆزێکی خۆشتر لە خۆشترین موزیک و ئاواز بەیتی کوردی و گۆرگانە شەوێیان بۆ دەڵێن .. گوزارشت لە سۆز و لە خۆشەویستییان بۆ جگەرگۆشەکانیان دەکەن .. ھەر بە لای لایە ژیریان دەکەنەوە و ، بە خۆشییەوە دەیانکەنە خەو .. بە ھەموو شێوە زارەکانی زمانی کوردی و ، لە ھەموو ناوچەکانی کوردستانی بەریندا ، بە سەدان لای لایە و بەیت و کۆپلە ھۆنراوەی فۆلکلۆری و شیعری ناسکی تازەشمان ھەن .. کە بەسەر زاری دایکانەوەن یا دایکان خۆیان دایان دەنێن و بە ئاوزەوە بۆ منداڵەکانیان دەیان ڵێن .. گەلی کوردمان ، لە ریزبەندیی ھەرە پێشەوەی گەلە دەوڵەمەندەکانی جیھاندایە لە بواری لای لایە و گۆرانی بۆ مندڵان .. ھەندێ لەم لای لایانەمان نیشتمانین ، یا توانج و تانە و پەلاری سیاسین .. ئەم دێڕانە چەند نموونەیەکن ، لە لای لایە و گورگانە شەوێی کوردیمان بۆ منداڵان :
لای لایــــــــــە ، رۆڵـــــــــە لای لایــــــــە
شەوگـــار درەنــگە بۆ خــــەوت نایــــــــە
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
لای لایــــــــــە ، رۆڵــــــــە لای لایـــــــــە
ھیــوای دواڕۆژم ، لە دەست تۆدایـــــــــە
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
لای لایــــەت بۆ ئەکەم لە ئێــــــــــوارەوە
سەبەبـــــــکارت بـــێ بە ســـــــــێدارەوە
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
لای لایـــــــــە کۆرپـــــــــەکەم بخــــــەفێ
خــەو خـــێر وەبـان دیـــــدەی بکــــــەفێ
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
گورگــــانە شــەوێ ، گورگــــانە شــەوێ
بەرخــە بچـکۆلەم ، خــەوی لێ بــکەوێ
لـوورەی تۆێ نـاوێ ، لای لایــەی ئەوێ
ئــەڵێ لە مــــــاڵی ئێــــــــمە دوور کەوێ
چەندین گۆرانیی فۆلکلۆریشمان بۆ منداڵان ھەن ، کە منداڵانی کوردمان بە تاک یا بە کۆمەڵ ، لەگەڵ یاری کردندا بە ئاوازەوە دەیان ڵێن .. ئەمانەش چەند نموونەیەکی ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییانەمانن :

ھـەیــــــــاران و مەیــــــــاران
یاخــوا داکـــــــاتە بــــــــــاران
بۆ فەقیـــــر و ھــــــــــەژاران
ـ ـ ـ ـ ـ
ھـــە ، وازی ، وازی ، وازی
ئـــــەوەی نەیـــــــات بۆ وازی
خوشـکی بــــدەن بە قــــــازی
ـ ـ ـ ـ ـ
ھـەللــور ، بللــور تـەکــــــامە
زەرد و ســوور و شەمـــــامە
ئــــاوە بــەرە ، دەنـــکە زەرە
مێـخم کـوتی ، مێـخ ھەڵبەزی
تیکەی راستم ، ئەمەی گەزی
ـ ـ ـ ـ ـ
بـــــــــووکە بە بـــــــــــارانێ
سەعـــــــاتی جــــــــــــــارانێ
ئـــــــــاوی بـن دەغـــــــــڵانێ
لە شەوانی جەژنی نەورۆزیشدا ، بە تایبەتیش لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا ، منداڵان بە کۆمەڵ دەگەڕێن و ، لە دەرگای ماڵان دەدەن و ، داوای نەورۆزانە و شیرینی دەکەن :
ھەتــــــــەرێ و مەتـــــــەرێ
نـــــــەورۆزە وەرنــــە دەرێ
نـــــــــــــەورۆزانەمان دەرێ
ـ ـ ـ ـ ـ
ھەلاتـــــــران و مەلاتــــــران
دایــک و بــاوکی جنۆکـــــان
دایـکم نـاردمی بۆ ھێلکـــــان
ئەمانە و بە دەیان دێر و کۆپلە ھۆنراوە و گۆرانیی منداڵانمان ھەن ، کە بە ئاوازەوە بوونەتە وێردی سەر زمانی منداڵانی کوردمان .. بە دڵنیاییشەوە ، لە لای دایکانی کوردیشمان ، بە دەیان دێڕ و بەیتی لای لایە و ، گورگانە شەوێ و ، کەمتیاری سمپان و ، چەندین گۆرانیی رەسەنی خۆشی کوردیمان بۆ منداڵان ھەن .. پێویستە کۆبکرێنەوە و بخرێنە بەر باس و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە .. پێش ئەوەی لە یاد بچنەوە ، چونکە لای لایە بەشێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵان و لە فۆلکلۆر و لە کەلەپووری گەلەکەمان .
ئەدەبی منداڵانی کورد ، لە قۆناغی نوێدا ، لەم شێوە مۆدێرنەی ئێستادا ، ئەدەبێکی تازەیە لە ئەدەبی کوردیماندا ، لە قۆناغی تاقیکردنەوە و دەق گرتندایە ، لە دەستپێکی رێگادایە و بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێت .. ئەگەرچی لە رووی چەندێتی و چۆنێتیەوە بێ بەرنامە و بێ پلانە و بە شێوەیەکی کارناسی نییە .. تا ئێستا رەخنەگرمان لە بواری ئەدەبی منداڵانی کورد دا نییە ، گەر ھەشبن زۆر کەمن و ، رەخنەگرانێکی ئەکادیمی و پیشەیی و پسپۆر نیین .. ئەو کتێب و کتێبۆکانەی کە وەکو لێکۆڵێنەوە لە بارەی ئەدەبی منداڵانی کوردەوە چاپکراون .. لە پەنجەکانی دەستەکانمان تێ ناپەڕن ، زۆریشیان تەنھا گوزارشت لە را و بۆچوونی خودی نووسەر دەکەن .. ئەمڕۆ پێویستیمان بە نووسەرانی ئەکادیمی و رەخنەگرانی شارەزای بۆاری بەشەکانی ئەدەبی منداڵان ھەیە .. پێویستە نووسینەکانیشمان بۆ منداڵانی کورد ( ھۆنراوە ، چیرۆک ، شانۆگەری ، پەخشان ، ...) بەپێی پێوەر و بنەما و پرانسیپ و خواست و خولیای منداڵانی کورد و ، ئینتیمابوون بۆ کوردستان و بۆ مرۆڤایەتی بن .. پێویستە لە ئەدەبی ئامۆژگاری تەڵقین ئاسایی و لە پەروەردەی کلیشەدار و رێنمایی وشک و سنوورداری داب و نەریتە نەشیاوەکانی سەردەمیانە و جیھانگیری لابدەین .. چونکە لە ئەمڕۆدا تەکنۆلۆژیای نوێ داھێنانی سەیر و سەمەرە ھێناوەتە کایەوە .. ھزر و بیر و ھۆشی منداڵانیش گەشتر و فراوانتر بوونە .. بێگومان نە منداڵانی ئەمڕۆمان وەکو دوێنێن نە خواست و پێویستییەکانیشیان ھەمان پێویستی و خواست و ھیوای نەوەی پێش خۆیانن .. منداڵانی ئەمڕۆمان نەوەی تەلەفزیۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێتن ، چاوکراوەتر و زۆرزاتر و ھزر بڵاوترن و ھیواخواسترن ، بۆیە پێویستە ئاوڕێکی جیدی لە منداڵان بە گشتی و ، بواری ئەدەبی ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی بدەینەوە .. چونکە ئەوانەی تا ئێستا کراون و ھەن ، لە ئاستی گرنگی و ھەستیاریی رۆڵی منداڵانماندا نین ، ئەوە لەبەرچاو نەگیڕاوە ، کە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان نەوەی داھاتوون و ، دەبنە دەسەڵاتدار و بڕیار لە چارەنووسی کورد وکوردستان دەدەن .. کەواتە پێویستە ئەم ئامانجە لەبەرچاو بگرین .. لە پێناوی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان .. لە رێی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵانەوە ، کوردیلەکانمان بە راستی و درووستی گۆش و پەروەردە بکەین .
مێژووی نوێی ئەدەبی منداڵانی کورد ، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەمی رابردوو ، بە تایبەتیش بۆ نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو .. کۆمەڵێک لە شاعیرە ناسراوەکانی کوردمان، لە پاڵ نووسینی شیعر بۆ گەورەکان ، منداڵانی کوردیشیان فەرامۆش نەکردوون و ، بە شیعری ناسک و ئاسان ، دڵی منداڵانیشیان خۆش کردووە .. بەڵام تا ئەمڕۆش ھەندێ لە شاعیر و نووسەرانی ئێمە ، وا بیر دەکەنەوە کە نووسین بۆ منداڵان ، پایە و ناوبا گیان دێنێتە خوارەوە .. ئەمانە ناوی ھەندێ لە شاعیرە نەمرەکانی کوردن ، کە بە شیعرە ناسک و خۆشەکانیان بۆ منداڵان ، خویان لای منداڵانی کوردمان شیرین کردوون : ( پیرەمێرد ، فایق بێ کەس ، گۆران ، ھەژار موکریانی ، زێوەر ، موفتی پێنجوێنی ، جگەرخوێن ، قانیع ، کامەران موکری ، نەجمەدین مەلا ، یونس دڵدار ، نووری شێخ ساڵح ، کامەران بەدرخان ، عوسمان سەبری ، دڵزار ، تیرێژ ، قەدری جان ، ... ھتد )
لەبەر نەبوونی سەرچاوەی پێویست لەبەر دەستمدا لەم کاتەدا ، بە باشم زانی پەلە نەکەم و ، پۆلین کردنی قۆناغەکانی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد بۆ دەرفەتێکی تر دوابخەم ، تا زانیاری بە ھەڵە بڵاونەکەمەوە .
کۆنترین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵانی کورد ، کتێبی ( نووبەھارا بچووکان ـ نەوبەھاری بچووکان ) ـە ، لە دانانی شاعیری نەمری کورد ( ئەحمەدی خانی : ١٦٥٠ ـ ١٧٠٧) کە لە ساڵی ( ١٦٨٢) دا ، چاپکراوە .. نەوبەھاری بچووکان بریتییە لە فەرھەنگۆکێکی شیعری ، وشەی عەرەبی و ماناکەی بە کوردی ( عەرەبی ـ کوردی ) یە ، کە ئەحمەدی خانی بە شیعرەوە دایناوە .. بۆ ئەو منداڵە کوردانەی کە ئارەزووی فێربوونی زمانی عەرەبییان ھەبووە ، کە زما ی ئایین بووە . ھەر لەم شێوەیەش ، ناوداری کوردمان ( شێخ مارفی نۆدێ : ١٧٥٢ـ ١٨٣٧) ، لە سلێمانی فەرھەنگۆکێکی شیعری ( کوردی ـ عەرەبی ) بە ناوی ( ئەحمەدی ) یەوە ، بۆ ( کاک شێخ ئەحمەد ـ سلێمانی ) ی کوڕی دادەنێت تا فێری زمانی عەرەبی ببێت .. ئەم کتێبە جاران فەقێکان لە مزگەوتەکاندا دەیان خوێند .. ھەروەھا شەھیدی نەمرمان مامۆستا ( شاکیر فەتاح : ١٩١٤ ـ ١٩٨٨) فەرھەنگۆکە شیعرێکی بۆ مندانی کورد داناوە ( ئینگلیزی ـ کوردی ) .. ئێستاش چەند فەرھەنگۆکێکی تری فێرکردن بۆ مندڵان دانراون و چاپکراون ، کە وشەی کوردی و وشەی زمانەکانی تریان لەخۆ گرتووە .
( نەوبەھاری بچووکان ) و ( ئەحمەدی ) .. لە چەندین شاری کوردستان و دەرەوەدا ، دووبارە و دەبارە جوانتر چاپکراونەتەوە .. دوو کتێبی شیعری فێرکردنن بۆ منداڵانی کورد .. بەشێکن لە ئەدەبی منداڵانی کورد و لە کەلەپووری گەلەکەمان . زوریش لە شاعیرانی کورد و جیھانی ، لە کۆن و لە ئەمڕۆشدا .. شیعری زانیاری و فێرکردنیان بۆ منداڵان نووسیوە .
شەھید مامۆستا ( شاکیر فەتـاح ) ، ھەشت چیرۆکی بۆ منداڵان ، لە زمانی عەرەبییەوە گۆڕیون بۆ سەر زمانی کوردی و ، لە ساڵی (١٩٣٥) دا ، لە کتێبێکدا لە شاری بەغدا چاپی کردووە ، چیرۆکەکانی بە کوردییەکی پەتی و ئاسان داڕشتوون . دیزاین و وێنەکانی ناوەوەی کتێبەکە رەنگاوڕەنگن .. ھەندێک لەم چیرۆکانە کرابوون بە بابەتی کتێبی خوێندنەوەی کوردی ، بۆ پۆلەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی .. ھەر مامۆستا شاکیر فەتاح ، لە ساڵی ( ١٩٤٨) دا ، کتێبی ( ھاوڕێ ی مناڵ ) ی بە چاپ گەیاندووە . شایانی باسیشە مامۆستا شاکیر فەتاح ، لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا ، پرۆژەی گۆڕینی ( سەد کتێب بۆ منداڵان ) بۆ سەر زمانی کوردی ئامادە کردبوو ، کتێبەکانیش بابەت ھەمەجۆرە بوون ، چەند کتێبێکی لێ چاپ کردن .. بە داخەوە رژێمی بەعسی شۆڤێنی بواریان نەدا پرۆژەکەی تەواو بکات و ، لەسەر رووبەڕووبوونەوە و ھەڵویستی کوردایەتی و ، را دەربڕیینی بە راشکاوی و ئازایەتی شەھیدیان کرد .
مامۆستای کۆچکردوو ( عەبدولواحید نووری ) ش کتێبێکی بە ناوی ( پیرۆزی مناڵ ) لە ساڵی ( ١٩٤٠) دا ، لە چاپخانەی ( ژین) لە سلێمانی چاپ کردووە .. بە کوردییەکی جوان دایڕشتووە .. بابەتی کتێبەکەش دەربارەی منداڵانە .
بزووتنەوەی ئەدەبی ھاوچەرخی منداڵانی کورد لە باشووری کوردستاندا ، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا ، بەرەو پێشەوە ھەنگاوی نا و خۆی سەلماند .. ھەر لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ، دەتوانین ئەوە بڵێین کە قۆناغی زێڕینی ئەدەبی نوێی منداڵانی کورد سەری ھەڵدا و ، کۆمەڵێک لە نووسەر و شاعیر و شانۆنووس و ھۆنەرمەندی وێنەکێشی بە توانی بواری منداڵان ، خویان بە نووسینی ئەدەبی منداڵان و وێنەی منداڵان و شانۆی منداڵانەوە سەرقاڵ کرد .. شوێن پەنجەیان ، لە لەدایک بوونی ئەم بزووتنەوەیەدا دیارە .. لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ( ١٩٩١) کەوە ، تا ئەمڕۆ ، ئەدەبی منداڵانی کورد ، وەکو بوارێکی ئەدەبی سەربەخۆ و گرنگ و ھەستیار .. بایەخێکی زیاتری پێدرا و ، نووسەرانی باشیش ھاتوونەتە کایەوە .. چەندین کتێب و گۆڤاری منداڵان ، دیزایین رەنگاوڕەنگی جوان چاپکران و چاپ دەکرێن .. ئەمەو دامەزراندنی بەڕیوەبەرێتی رۆشنبیری منداڵان ـ سەربە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و، خانەی رۆشنبیریی منداڵان ، ماوەی منداڵان لە ھەندێ لە تەلەفزیۆنییە لۆکاڵییەکان و سەتەلایتەکانی کوردستاندا .. بوون بە ھاندەر بۆ نووسەرانی ئەم بوارە .. ئەگەرچی ھێشتا پشتگیری و ھاندان و یارمەتیدانی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان وەکو پێویست نین و ، ھاوکاری مادی ناکرێن بۆ چاپکردنی نووسینەکانیان .. بەڵام من گەشبینم کە ئەم بزووتنەوەیە ھەر بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێت .. تابێت ھەموو بەشەکانی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵانی کورد لە رووی چۆنی و چەندایەتییەوە زیاتر و زیاتر گەشەدەکات و رەسەنایەتی خۆی دەسەلمێنێت .
لێرەدا دەمەوێت ناوی ئەو شاعیر و نووسەرانەی باشووری کوردستان بھێنم ، کە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، بەرھەمی چاپکراویان پێشکەش بە منداڵانی کوردمان کردوون ( ھۆنراوە ، چیرۆک ، شانۆنامە ، ئۆپەرێت ، ... ھتد ) ، ھەندێکیان کۆچی دواییان کردووە و ، زۆربەشیان لە ژیاندان و بەردەوامن لە نووسین بۆ منداڵان .. ناوەکان :
( فەرەیدوون عەلی ئەمین ، عەلی عەبدوڵڵا شەونم ، عومەر عەبدولرەحیم ، کاکەی فەلاح ، رەمزی قەزاز ، عومەر عەلی ئەمین ، لەتیف ھەڵمەت ، دایکی سۆلاڤ ، جەزا عەلی ئەمین ، شکور مستەفا ، عەتا قەزاز ، محەمەد فەریق حەسەن ، تاھیر ساڵح سەعید ، روستەم باجەلان ، رەزا شـوان ، کوردستان موکریانی ، ھۆشیار حسەین ، ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل ، محەمەد رەشید فەتاح ، کەماڵ بورقای ، نوری سەعید قادر ، ریواس ئەحمەد ، فەھمی کاکەیی ، عوسمان دەرویش شکور ، کەریم شارەزا ، یاسین قادر بەرزنجی ، عەلی مەندەلاوی ، محەمەد ساڵح کلێسەیی ، رزگار کەریم سەعید ، کەریم شارەزا ، بورھان قەرەداغی ، کاوەی ئەحمەد میرزا ، ێبراھیم ئەمین باڵدار ، سمکۆ ناکام ، کازم کۆیی ، عەزیز مەلا رەش ، سەعدوڵلا شێخانی ، گرفتار کاکەیی ، فازیل جاف ، فازیل شەوڕۆ ، عوسمان محەمەد ھەورامی ، عەلی حەمەرەشید بەرزنجی ، عەزیز رەشید حەریری ، بەدران ئەحمەد حەبیب ، سەلام عەبدوڵڵا ، کەریم مستەفا ، ئیسماعیل رۆژبەیانی ، نەجیبە ئەحمەد ، سەبری بۆتانی ، ... ھتد )
لە دوای باشووری کوردستان ، کۆمەڵێک شاعیر و چیرۆکنووس و شانۆنووسی بەتوانا و ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵانمان ، لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا بایەخیان بەم بوارە دا .. کە ھەندێکیان بە زمانی کوردی و فارسی بۆ منداڵان دەنووسن .. لەوانەش :
( سیمین چایچی ، عەلیڕەزا محەمەدیان ، کەلسووم عوسمان پوور ، گوڵاڵە ستاوەند ، سەحەر میھرەبانی ، عەبدولڕەحمان فەھیمی ، شیلان گەیلانی ، سوغرا کەریمی ، سەلاح نیساری، عەفیفە مەحموود زادە ، سۆران حوسێنی ، لەیلا ساڵحی ، سەلام قادری ، یونس رەزایی ، عەلیڕەزا قاسمی ، خاڵەند ئەحمەدی ، ئەمین گەردیگلانی ، سوارە فەتووحی ، ئەحمەد بەھرامی ، فایەق بەتاش ، عەلی بیداخی ، و ... ھتد )
ئەوەی جێی سەرنج راکێش و مایەی خۆشی و شادیمانە ، لە نێو نووسەرانی ئەدەبی منداڵان لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا ، رێژەیەکی باش لە خوشکانی نووسەرمان ھەن .. بۆ نموونە ئەم چیرۆکە شیعرە ( ماـسی خانم ) لە نووسینی (عەلیڕەزا محەمەدیان) ـە:
ماسـی خـــانم نــــاو دەریـــــا
چــارشـــێوی دا بە سەریـــــا
کەفـــتە رێــگە خــرتە خــرت
شـــیرین شــــیرین وردە ورد
ماسـی خــانم کەوشی نـــەوو
ماڵەکەیـــان حەوشی نــــەوو
وەختی چوو بۆ سەر کووجی
چـــاوی کەفـــتەو بە جی جی
جـی جـی زەردەواڵـــــە بــوو
مــــناڵ ئــەو بەرمـــــاڵە بوو
ماسـی کەوشــی لە پـــــاکەند
وتی ئـــیمڕۆ بۆ تــۆم ســەند
ئیــــــتر بەســـــــە نەگیـــری
با بێــــژن چـــــەنێ ژیـــــری
بە پێویستم دەزانم کە زۆر بە کورتی ، ئامەژە بە خزمەتی لەبەرچاوی ھەندێ لە شاعیر و نووسەرانی ناسراوی گەلەکەمان ، لە بواری ئەدەبی منداڵانی کوردیمان لە ھەر چوار پارچەی کوردستانی شیرینمان بکەم :
(*) فەرەیدوون عەلی ئەمین : شاعیر و چیرۆکنووسێکی زۆر بە توانا و شارەزای ئەدەبی منداڵان و ، جیھانی پاکی منداڵان بوو ، تۆژەرێکی پەروەردەیی بوو .. شیعر و چیرۆکەکانی بۆ منداڵان زۆر ناسک و ئاسان و رەوانن ، چەند کتێبێکی بۆ منداڵان بە چاپ گەیاند لەوانەش : ( پیاوە بچکۆلەکە ) ، ( باخچە ) ، ( پاڵەوانی دوارۆژ ـ شیعر)ـە ، کتێبێکی چیرۆکی تری خۆشی ھەبوو کە گۆڕیبووی بۆ سەر زمانی کوردی ، بەداخەوە سەرناوی ئەم کتێبەیم لە یاد نەماوە .. کتێبێکیشی ھەیە بە ناوی ( دنیای مناڵ و ئەدەبی مناڵ ) ، لێکۆڵینەوەیە لە ئەددبی منداڵانی کورد ، ئەم کتێبەیەم بۆ پەیدا نەکرا تا بزانم مامۆستا فەرەیدوون لەم رووە چی نووسیوە ، مامۆستا فەرەیدوون عەلی زۆر زیاتری پێ مابوو ، بەڵام مەرگ بواری نەدا ، تا ئەوەی پێی مابوو پێشکەشی منداڵانی بکات.
(*) عومەر عەبدولرەحیم : مامۆستا عومەر عەبدولڕەحیم ، توانایەکی باڵای ھەبوو لە نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆگەری و ئۆپەرێت بۆ منداڵان .. چەند شانۆگەرییەکی جوانی بۆ منداڵان نووسیوە ، لە چاپکراوەکانی مامۆستا عومەر عەبدولڕەحیم :
( پاڵەوانی دوارۆژ : ١٩٥٨) کۆمەڵە شیعرێ?
Top