سەردانەكەی سەرۆك بۆ ڕووسیا
February 25, 2013
وتار و بیروڕا
لە ڕاستیدا سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕووسیا بەشێكە لە ڕوانگەی ستراتیژیی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا. پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێم لەچاو چەند ساڵی ڕابردوو گۆڕانێكی جەوهەریی بەسەردا هاتووە و توانیویەتی سەرنجی ناوەندە سیاسی و ئابوورییەكانی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. ئەگەر هەرێمی كوردستان بە نیاز بێت بە ئاڕاستەی بەهێزبوونی كیانی نەتەوەیی هەنگاو بنێت پێویستە لە دنیای دەرەوەدا بە پشتبەستن بە توانا ئابووری و سیاسییەكانی خۆی بەشێك بێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە هاوكێشەكاندا ببێتە یاریزانێكی سەركەوتوو.
ئەو بۆچوونە لەشوێن خۆی نییە كە دەبێ هەرێمی كوردستان تەنیا لە دەریچەی بەغداوە سەیری دەرەوە بكات. شكستی شێوازی حوكمڕانی لە بەغدا و پێشێلكردنی دەستوور و بنەماكانی تەوافوق و دیموكراسی لە لایەن حوكمدارانی بەغدا سیاسەتی دەرەكیی عێراقیشی تووشی شكست و هەرەسهێنان كردووە. بۆیە زۆر لۆژیكییە هەرێمی كوردستان لەبری خۆسەرقاڵكردن بە ڕاستكردنەوەی هەڵەی دەستەڵاتدارانی عێراقی خەرێكی گەشەپێدانی هێز و تواناكانی خۆی بێت و لە بەرەی پەیوەندییە دەرەكییەكانیش بە شێوەیەكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكات.
لە لایەكی دیكەوە لاوازیی سیاسەتی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەمساردیی ئیدارەی ئۆباما بۆ چارەكردنی گرفتەكانی عێراق و یەكلایینەكردنی كێشەی سووریا و مەیلی سیاسەتوانەكانی ئەمەریكا بۆ بەشە پاسیڤیكەكەی گۆی زەوی وا دەكات هەرێمی كوردستان بیر لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناوەندەكانی دیكەی بڕیاری جیهانیش بكاتەوە و ئەوەیش خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی لۆژیكی و تەندروستە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییە كوردییەكان پاڵپشتی بن. هەنگاوی لەو جۆرە وەك دەستپێشخەرییەكیش دێتە بەرچاو بە تایبەت كە هێشتاكە دیوی ڕاستەقینەی هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما بەرانبەر كێشەی كورد و مەسەلەی سیستەمی حوكمڕانیی لە عێراق بە ڕوونی دەرنەكەوتووە و كەسمانی تووشی شۆك نەكردووە.
ڕەهەندێكی دیكەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕووسیا مەسەلەی نەوت و گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە یەكێكە لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی بنیاتنانی كیانی نەتەوەیی. جگە لەوەیش پەیوەندییەكانی كوردستان و ڕووسیا دەباتە نێو هاوكێشەیەك كە لەسەر بنەمای دروستبوونی بەرژەوەندیی هاوبەش و پاشان ڕەچاوكردنی ئەو بەرژەوەندییانە لە درێژخایەندا ڕێك دەخرێت.
ڕەهەندێكی دیكەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا قسەكردنە لەبارەی دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بیرمان نەچێت ڕووسیا لایەنێكی سەرەكییە لە كێشە و ململانێ نێوخۆییەكانی وڵاتی سووریا بۆیە گەشەسەندنی پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا یارمەتیی چارەبوونی كێشەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستانیش دەدات. هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتووی لەگەڵ توركیادا هەبووە بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا چەند هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بڕوات. دەكرێ كوردستان هەمان ئەزموون دووبارە بكاتەوە و سوود لەو كاریگەرییە وەربگرێت كە ڕووسیا لەنێو سووریادا هەیەتی و تێگەییشتنێكی ئیجابی لەمەڕ چارەكردنی دۆزی ڕەوای كورد لەو بەشەی كوردستاندا دروست ببێت.