لە یادی قوتابی و لاواندا

لە یادی قوتابی و لاواندا
ئیمڕۆ شەست ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستاندا تێدەپەڕێت. ئەو دوو ڕێكخراوەی ڕۆڵێكی بەرچاویان لە پێگەیاندنی قوتابی و گەنجانی كوردستانیدا هەبووە و سەدان كادیری سیاسیی خەباتگێڕیان پێگەیاندووە. دامەزراندنی ئەو ڕێكخراوانە لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی پێشوو هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو و دەستپێكێكیش بوو و بۆ بەهێزتركردنی چالاكیی مەدەنی بە تایبەت لەنێو نەوەی گەنجدا.
خەبات و كۆڵنەدانی قوتابیان و لاوان لە ڕۆژە سەختەكانی شۆڕشدا بە مانای شۆڕبوونەوەی تێكۆشان و شۆڕشگێڕی و بەڕوەڕووبوونەوەی داگیركاری دەهات بۆ نێو كایە هەستیار و زیندووەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری.
لەو یادەدا پێویستە قوتابیان و لاوانی كوردستان هۆشیارتر و چاوكراوەتر لە خەباتی مەدەنی و پێشخستنی پرسی گەنج و لاوی كوردستانی ورد ببنەوە. دەبێ بەڕووی ئەو هۆكارانەدا بێنەوە كە بوونەتە هۆی نائومێدی و بێ ئینتمایی جیلی نوێ و خوێندنەوەیەكی تازەتر بۆ ئەرك و كارەكانیان بكەن. بە تایبەتی كە ئێستاكە ئینسانی كورد و گەنج و لاوی ئەو كۆمەڵگەیە كەوتووەتە ژێر نیشانەی هەوڵی ڕووتاندنەوە لە هەموو جۆرە بڕوابەخۆبوونێكی نەتەوەیی و لە دەریچەی جیاجیاوە هزر و ئایدیۆلۆژیای نامۆ و ناخۆماڵی هاوردەی كوردستان دەكرێت. ئامانجی ئەو نیشانەگرتنە دروستكردنی لاوێكی بێ ئیرادە و لاوازە كە ئامادەیە سووكایەتی بە خۆی و مێژوو و دەستكەوتەكانی گەلەكەی بكات. بۆ دروستكردنی بوونەوەرێكە بەردەوام لەبەرانبەر بێگانەدا خۆی بە بچووك بزانێت و هیچ بەرپرسیارێتی و پەرۆشیشی بۆ سەربەرزی و پێشخستنی نیشتمانەكەی نەمێنێت.
لێرەدایە ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و گشت ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەركەكانیان قورستر دەكەوێتەوە. دەبێ ئەو ڕێكخراوانە بۆ ڕەسەنایەتی و ئەو پەیامانە بگەڕێنەوە كە لە پێناویاندا دامەزراوەن. دوای شەست ساڵ تەمەن ڕێكخراوی قوتابیان و لاوانی كوردستان دەبێ بتوانن ئاوێنەی كێشە و گرفت و داواكارییەكانی نەوەی نوێ بن و لە پێناو پێگەیاندنی جیلێكی هۆشیار و مرۆڤسالار و دیموكراتدا تێبكۆشن.
بۆ ئەوەی قوتابیان لەو ڕۆڵەیاندا سەركەتوو بن دەبێ بە پلەی یەكەم سیاسییەكان دەستبەرداریان بن و نەیانكەنە كەرستەی دابینكردنی بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان. دەستخزاندنی سیاسییەكان لە كاروباری قوتابیاندا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ڕێكخراوی مێژوویی و كاریگەری وەك قوتابیان و لاوان لە گەرموگوڕی و زیندوویی بكەون. پێویستە ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان ببنە نموونە و سەرمەشقی بوێری و زانستخوازی و داكۆكیكاری ماف و داواكاریی جیلی نوێ بن نەك ئەوەی ببنە شوێنێك بۆ ململانێ و دووركەوتنەوە لە ئەركە حەقیقییەكانیان و لە مانا ڕاستەقینەكەیان بەتاڵ ببنەوە.
Top