شه‌هید بوونت چه‌ند جوان بوو بابه گیان ... چه‌ند ووشه‌یه‌ك پێشكه‌ش به ڕۆحی باوكم (مه‌حمود هالۆ)
February 2, 2013
وتار و بیروڕا
بابه گیان، چیت له‌سه‌ر بنوسم ئه‌ی هه‌موو ژیانم ئه‌ی هه‌ناسه‌ی گیانم، ئێستاش حه‌سره‌تێكه و ماوه‌ته‌وه له‌دڵم کە نه‌متوانی له‌م جه‌ژنه ماچت بكه‌م، ماچم بكه‌ی، ماچی باوكایه‌تی، ماچی سوپاس.. ماچی پاداشت.. ماچی ئارامی، ماچی جه‌ژنانه و حه‌وانه‌وه‌ی ویژدان..
بابه گیان، هه‌رچیت له‌سه‌ر بنوسرێت هه‌ر كه‌مه ئه‌گه‌ر به پانتایی گه‌ردوونیش بێت، كێ ده‌توانێ حه‌قی باوكایه‌تیم پێ ببه‌خشێته‌وه...؟!!
بابه گیان، تۆ هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌مه‌كانمان بووی، بێزار نه‌ده‌بووی، مه‌گه‌ر ته‌نها فرمێسكی منداڵی بێ باوك بێزاری كردبای و تۆش له‌گه‌ل ئه‌و دا فرمێسكی به‌زه‌ییت به چاواندا ده‌هاته خوار، بابه گیان، تۆ توڕه‌ییه‌كانیشت هه‌ر جوان و نه‌رم و نیان بوو ... فه‌رهه‌نگێك بووی له خۆشه‌ویستی...باوكی شیرینم، هه‌رچه‌نده له ماچ و بینین و قسه خۆشه‌كانت تێر نه‌بووبوم، ئه‌ی مۆمی داگیرساوی ناخی تاریکستانم، له هه‌موو تاریکییه‌کانی دونیا تۆ ڕۆناکی من بووی بۆ ئه‌م دڵه بابه گیان ... كه‌چی له خۆشی جه‌ژندا، له‌و كاته‌ی چاوه‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌تم ده‌كرد بگه‌ڕێیته ماڵه‌وه، ماڵه‌وه ئاوه‌دان بكه‌یته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌هه‌شتمان بۆ بهێنیته‌وه، تا وه‌كو هه‌موو ڕۆژانی جه‌ژن له ئامێزم بگری و به ماچه‌كانت ڕوومه‌تم ته‌ڕ ته‌ڕ بكه‌ی ... له‌پڕ هه‌واڵی کوژانه‌وه‌ی مۆمی ته‌مه‌نتمان پێ گه‌یشت! ئای چه‌ند هه‌واڵێكی دڵ ته‌زێن بوو بابه گیان، كه‌س باوه‌ری نه‌ده‌كرد وا به‌خێرایی جێ‌مان بهێڵی و ئۆغری یه‌كجاره‌كی بكه‌ی لێمان
بابه‌گیان، خێرا ڕۆیشتی له‌م جیهانه ... بابه گیان، له‌دوای تۆ دنیام لێ تاڵ بوو، دنیام بووه دێوه‌زمه، دنیام بووه باخێكی سوتاو، بووه دیوه‌خانێکی ڕووخاو، بووه شاخێكی بن كۆڵاو....به‌ڵام له دڵی مندا هه‌رگیز هه‌رگیز له قوڵایی ناخمدا ڕوناکیت ناکوژێیتەوە ..!!
بابه گیان، ئێوه بوونه شه‌هیدی بێ‌تاوان
شه‌هیدی نه‌ته‌وه، شه‌هیدی ڕێگای كوردستان
له دوای خۆتان ویژدانی دونیاتان هه‌ژاند
شه‌قام و كۆڵان پڕ بوون له‌فرمێسك و فیغانی دایكانی جەرگ سووتاو.
هێمن مەحمود هالۆ / کۆڕی شەهید