لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 6000 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکران

لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 6000 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکران
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 40 هەزار و 964 پشکنینی کۆرۆنا کراون و دەرکەوت پێنج هەزار و 995 تووشبووی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، رۆژی سێشەممە 30ی ئادار، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە پێنج هەزار و 995 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریکران، هاوکات چوار هەزار و 915 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، هەروەها 37 تووشبووش گیانیان لەدەستدا".

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق "لە هەرێمی کوردستان 860 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، 189 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و 7 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە".

لە راگەیێندراوی تەندروستیی عێراقدا جەخت لەسەر گرنگیی وەرگرتنی پێکوتەی کۆڤید-19 کراوەتەوە و دەڵێت "کورتترین رێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی پێدانی پێکوتە "زۆر باش بەڕێوەدەچێت" و تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 205 کەس لە عێراق پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

تاوەکو ئێستا 844 هەزار و 260 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 755 هەزار و 350 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتە89.5%ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 74 هەزار و 624 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 477 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 14 هەزار و 286 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top