ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2030 دەخرێتەڕو

 ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2030 دەخرێتەڕو
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2030 بگاتە 53 مليۆن و297 هەزار کەس، ئەوەش یەکێکە لەو ئاستەنگیانەی روبەڕوی وڵات دەبێتەوە بۆ گەشەپێدان و دەستبەری کار و چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ تەواوی دانیشتوان.

پێشبینی کراوە ژمارەی دانیشتوان بگاتە 53 مليۆن و297 هەزار کەس

عەبدولزهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرۆژنامەی فەرمی دەوڵەتی راگەیاندوە، زیادبونی ژمارەی دانیشتوان لە 10 ساڵی داهاتودا کە پێشبینی کراوە بگاتە 53 مليۆن و297 هەزار کەس، یەکێکە لەو ئاستەنگییە سەرەکیانەی روبەڕوی عێراق دەبێتەوە لە بەرزکردنەوەی تێكڕای گەشەی دانیشتوان و بەردەوامی بەشێک لە کێشە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان لەپارێزگاکان.

لەئێستادا سەرەکیترین هەنگاو ئەوەیە سیاسەتی دانیشتوان و خێزان رێکبخرێتەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا سەرەکیترین هەنگاو ئەوەیە سیاسەتی دانیشتوان و خێزان رێکبخرێتەوە، بەرنامەی پەرەپێدان بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان هەبێت بۆ رێکخستنی ژمارەی منداڵەکانی ناو یەک خێزان، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەسەرجەم ناوچەکان لەگەڵ زیادبونی ژمارەی دانیشتوان یەکێکی دیکەیە لەئاستەنگییەکان.

لەئێستادا ژمارەی دانیشتوان زیاترە لە 40 ملیۆن کەس

بەگوێرەی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەئێستادا زیاتر لە 40 ملیۆن کەس دەبێت و بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش گەشەی خێرایی دانیشتوان بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشورو ناوەڕاست، ئەرکی حکومەتی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، خوێندن و چاودێری تەندروستی و چەندین بواری دیکە زەحمەت کردوە.








خەندان
Top