ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێک پەسنددەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێک پەسنددەکات
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری پەسەندکرد.

بەپێی راگەیێنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران باسی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەڵوێستی وڵاتانی کرد لەبارەی بڕیاری کشانەوەی هێزە بیانییەکانەوە، لەگەڵ رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوونی دۆخی عێراقییەکانی نیشتەجێی چین و گواستنەوە و پاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیاری پەسەند کردن، لەوانە رەزامەندیی دا لەسەر ئەوەی وەزارەتی دارایی تاپۆی زەوییەکانی ئەمیندارێتیی بەغدا بکات بە مەبەستی دابەشکردنیان. راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان پەسەندکران بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆژەی ئاوەڕۆی قەزای سامەرا.

لە بواری کشتوکاڵدا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر هەموارکردنی بڕیاری 265ی ساڵی 2019 دەربڕی لەبارەی دانەوەی شایستە داراییەکانی جۆی جووتیاران بۆ ساڵی 2019.

هاوکات بڕیاردارا کارەکانی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی پارێزگاکان کۆتاییان پێبهێنرێت کە بە بڕیاری ژمارە 271ی ساڵی 2018 پێکهێنرابوو. ئەوەش لەڕێگەی دامەزراندنی تیمێکی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی تایبەت بە داواکاریی خۆپێشاندەران. سەرەڕای ئەوەش، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دیکەی پەسەند کردن.
Top