بەهۆی گەشتی سەرکۆمارەوە گفتوگۆکانی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عەبدولمەهدی دواخران

 بەهۆی گەشتی سەرکۆمارەوە گفتوگۆکانی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عەبدولمەهدی دواخران


بەهۆی گەشتێکی سەرکۆماری عێراقەوە بۆ دەرەوەی وڵات، گفتوگۆکانی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عادل عەبدولمەهدی، دواخران.

بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەند ئابووریی داڤۆس، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، سەردانی سویسرا دەکات.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەھۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ناوی کاندیدەکان و گەشتەکەی بەرهەم ساڵح، وادەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوا دەخرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 21-1-2020 بۆ ماوەی چوار رۆژ، کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سێ هەزار سەرکردە و کەسایەتیی باڵای جیهان، ساز دەکرێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 20-1-2020، بەرهەم ساڵح و سەرکردە شیعەکان گفتوگۆیان لەبارەی دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق کرد، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.

گفتوگۆکانی دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق تا کاتی گەڕانەوەی سەرکۆمار، دواخراون.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.








باسنیوز
Top