دوایین زانیاری له‌ باره‌ی ره‌وشی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق

دوایین زانیاری له‌ باره‌ی ره‌وشی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق
سه‌ر له‌به‌یه‌یانی ئه‌مڕۆ 20/1/2020 خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی پارێزگا و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، رێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تی نێوان به‌غدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق داخراوه‌ و هاتووچۆ له‌سه‌ر رێگه‌كه‌ په‌كی كه‌وتووه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌ كه‌ربه‌لا پردی سه‌ره‌كی "ضریبه‌"ی ناوه‌ڕاستی پارێزگاكه‌ و چوار پردی سه‌ره‌كی پارێزگای موسه‌ننا داخراون و هاتووچۆش له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌ماوه‌ و رومێسه‌ په‌كیكه‌وتووه‌، هاوكات رێگه‌ی نێوان هه‌ردوو پارێزگای زی قار و موسه‌نا داخراوه‌.

له‌ به‌عقوبه‌ش خۆپیشانده‌ران پردی "جمهوری"یان گرتووه‌ و رێگه‌ی هاتوچۆ نه‌ماوه‌، له‌لایه‌نی دیكه‌وه‌ش رێگه‌ی نێوان هه‌ردوو پارێزگای دیوانیه‌ و بابل گیراوه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر خۆپیشانده‌ران له‌ ناسریه‌ مۆڵه‌تی سێ رۆژیان داوه‌ته‌ حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی توندتریان ده‌بێت.

ئه‌مڕۆش ئه‌و مۆڵه‌ته‌ سێ رۆژییه‌ كۆتایی دێت، چالاكوانان و رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانیش هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانی ملیۆنی ئه‌نجام بده‌ن.







K24 -
Top