خۆپیشاندەران تا سبەی مۆڵەتی دیاریکردنی جێگرەوەی عەبدولمەهدی دەدەن
خۆپیشاندرانی عێراق تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 20-1-2020 مۆڵەتی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عادل عەبدولمەهدی دەدەن.
هەفتەی رابردوو، خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی سەتەری پارێزگای زیقار مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە حزب و لایەنە عێراقییەکان دا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی وڵاتەکەیان دیاری بکەن.
دوای ئەو داوایەی خۆپیشاندەرانی ناسریە، خۆپیشاندەرانی شاری بەغدا و واست پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکارییەکەی خۆپیشاندەرانی واست و مۆڵەتە یەک هەفتەییەکە راگەیاند.
خۆپیشاندەران هەڕەشەی بەردەوامیدان و فراوانترکردنی ناڕەزاییەکانیان کردووە ئەگەر بەدەنگ داواکارییەکەیانەوە نەیەن و کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، دیاری نەکرێت.
خۆپیشاندەران داوا دەکەن، کەسێکی پسپۆڕ و دوور لە کاری حزبایەتی بپۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و ئاسانکاریی بۆ دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران، بکات.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز