موقتەدا سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەکات

موقتەدا سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەکات
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر داوادەکات هەینیی داهاتوو خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق بەڕێوەبچێت. ئەوەش ترسی لای بەشێک لە خۆپیشاندەرانی عێراق دروستکردووە کە کۆتایی بە خۆپیشاندانی ئەوان بهێنێت.

ئوم حوسێن، بەشداربووی خۆپیشاندانەکانە و دەڵێت، "ئێمە ھیچ شتێکمان ناوێت جگە لە دابینکردنی کار بۆ ئەو گەنجانە کە ھیچ شتێک نییە بیکەن. ئێمە دەرچوونی ھێزە بیانییەکانمان ناوێت، بە پێچەوانەوە کەسێکمان دەوێت کە بە باشترین شێوە حوکممان بکات، جا ھەرکەسێکە بەخێربێت".

لە گۆڕەپانی تەحریردا خۆپیشاندەران تەنیا بیریان لای ئەوەیە داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت و کەسێکی شایستە کورسیی سەرۆک وەزیران وەربگرێت. لەوێ کەمن ئەوانەی پشتیوانی لەو خۆپیشاندانە ملیۆنییە بکەن کە بەشێکی سەرکردەکانی شیعە بە نیازن سازی بکەن.

ھەیسەم نعێمی، چالاکڤانی خۆپیشاندانەکانە و دەڵێت، "ئێمە زۆر باش دەزانین ئامانجی ئەو حیزب و کەسە گەندەڵکارانە چییە. بۆیە ئەوان با بۆ خۆیان کاری خۆیان لەلایەکەوە بکەن، ئێمەش کاری خۆمان لەلایکی دیکەوە دەکەین. ئێمە خۆپیشاندان دەکەین تاوەکو دەگەینە مافەکانمان، ئەوان کەیفی خۆیانە کە دەیانەوێت ھێزە بیانییەکان دەربکەن یان دەیانەوێت رێککەوتن لەگەڵ چین بکەن".

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر داوای لە لاینگرانی کردووە کە بۆ ھەفتەی داھاتوو ئامادەکاریبکەن و دەست بە خۆپیشاندانی ملیۆنی بکەن بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان. بۆ ئەوەش سەرجەم سەرکردەکانی شیعە و حەشدی شەعبی پشتیوانییان کردووە.

حەسەن خەڵاتی، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "بەھۆی ئەوەی کە شەڕی داعش کۆتایی ھاتووە و بە پشتیوانیی خوا و سەرجەم عێراقییەکان و ھێزە ئەمنییەکان سەرکەوتین، بۆیە ئەمڕۆ پێوستیمان بە ھیچ ھێزێک نییە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە سەرەوەریی خاکی عێراقیان پێشێلکرد. ئەمە داوکاریی عێراقییەکانیشە بە ئاشکرا داوای جەماوەریشە بۆ پشتیوانی لە بڕیارەکەمان".

زیاتر لە 100 رۆژە لە بەغدا و بەشێکی شارەکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندانە و سەدان کەس کوژران و برینداربوون، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە نە کەس گوێی بە داواکانیان داوە و نە ھیچ بەرنامەیەکی کردەیی بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک ھەیە
Top