گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا دروستبوو
بەهۆی کەوتنەوەی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە پردی سنک لە بەغدا تاوەکو ئێستا خۆپیشاندەرێک کوژراوە و 10 خۆپیشاندەری دیکەش برینداربوون.
نزیکەی چوار مانگە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق بەردەوامن، بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران و مەرجەعییەتی شیعە، عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند و لە 1-12-2019ش دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسندکرا و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک بۆ جێگرتنەوەی دیارینەکراوە.
پێشتریش عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 29 حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکڤانان تۆمارکراون.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کەس کوژراون و بە هەزاران کەسیش برینداربوون.