عەللاوی: حکوومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی دەرکردنی هێزە بیانییەکانی نییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-1-2020، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، پێویستە پەرلەمان لێپرسینەوە لەگەڵ حکوومەت بکات بەهۆی ئەوەی خاکی عێراق لەلایەن هێزی بیانییەوە بۆ بەرژەوەندیی دەرەکی، بەکار هێنراوە.
ئەیاد عەللاوی هۆشداریی لە خراپتربوونی بارودۆخی عێراق و تێکچوونی رەوشی وڵاتەکەی هاوشێوەی سووریا داوە و بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێ، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆچی رێگا دەدەن سامانی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکی هەڵبگیرێت؟ ”بۆچی عێراقیان خستووەتە ئەو بارودۆخەوە؟“.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هەرەسهێنان بە ئابووریی عێراقی کردبوو، کە ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیی بدات، ئەوا هەموو پارەی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سڕ دەکرێت.
ئەو هەڕەشەیەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز