ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق کەم دەکاتەوە
بەهۆی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە، ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕنال)ی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەردوو وەارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا سەرقاڵی پلانی کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانن بۆ عێراق.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، ئەمریکا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2020، هاوکارییەکانی بۆ هێزە عێراقییەکان کەم دەکاتەوە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هەرەسهێنان بە ئابووریی عێراقی کردبوو، کە ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیی بدات، ئەوا هەموو پارەی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سڕ دەکرێت.
ئەو هەڕەشەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيووز