ئۆکرانیا هێزێکی سەربازی دەنێرێتە عێراق

 ئۆکرانیا هێزێکی سەربازی دەنێرێتە عێراق


ئۆکرانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هێزێکی سەربازی دەنێرێتە عێراق.

دیمیتری کۆلیبا، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ئۆکرانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە 20 راوێژکاری سەربازی بنێرێتە عێراق.

دیمیتری کۆلیبا هەروەها رایگەیاندووە، هەر کاتێ ناتۆ کارەکانی لە عێراق دەست پێکردەوە، وڵاتەکەی 20 راوێژکارەکە لە چوارچێوەی کارەکانی ناتۆ، دەنێرێتە عێراق.

دوای کوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، ناتۆ بڕیاری دا کارەکانی لە عێراق بووەستێنێت، کە کارەکەی بریتی بوو لە مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.







باسنيوز
Top