عامری پشتیوانی خۆی بۆ داواكەی سەدر دژی ئەمەریكا راگەیاند

عامری پشتیوانی خۆی بۆ داواكەی سەدر دژی ئەمەریكا راگەیاند
هاوپەیمانی فەتح، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربڕی، كە پێشتر موقتەدا سەدر داوای كردبوو.

لە لێدوانێکدا هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربڕی، کە دوێنێ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوایکردبوو.

هاوکات، حەسەن سالم پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتییەکە و نەیعیم عەبودی پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقونی سەربە عەسائیب ئەهلولحەق، ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، خۆپیشاندانی ملیۆنی هاوشێوەی راپرسییەکی گشتییە، دوای بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق.

ئەمە لە كاتێكدایە شیعەكان بێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان و بەشی زۆری سوننەكان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان لەسەر ئەوە داوە كە دەبێ ھێزە بیانییەكان عێراق جێبھێڵن. ھەرچەندە لە ماوەی رابردوو شیعەكان ئەو باسیان لەو بابەتە دەكرد، بەڵام پەلەكردن لە دەنگدان لەسەری وەك كاردانەوەیەك بوو دژی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس لەلایەن ئەمەریكا.

دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیاری دەركردنی ھێزە بیانییەكان كە ئاماژەكان تایبەت بۆ ئەمەریكان. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، بەو مەرجە لە عێراق دەكشێنەوە كە حكوومەتی عێراق سەرجەم خەرجییەكانیان بداتەوە كە لەو وڵاتە خەرجیان كردووە.



K24
Top