شای ئوردن: عێراق بە دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی دوو هەنگاو چووەتە دواوە

 شای ئوردن: عێراق بە دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی دوو هەنگاو چووەتە دواوە


شای شانشینی هاشمیی ئوردن رایدەگەیەنێت، کە عێراق بە دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی، دوو هەنگاو بۆ دواوە چوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 13-1-2020، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن بە کەناڵی (فرانس 24)ی راگەیاندووە، عێراق لە دوو ساڵی رابردوو لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی بەهێزەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت.

شا عەبدوڵڵای دووەم پێیوایە بە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، عێراق دوو هەنگاو گەڕاوەتەوە دواوە، بەڵام ئاماژەی بە هەنگاوەکان نەکردووە.

شای ئوردن ئاماژەی بە مەترسییەکانی سەرهەڵدنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق کردووە و رایگەیاندووە، داعش نەک هەر بۆ عێراق، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش مەترسییە.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.








باسنیوز
Top