عێراق لە دژی ئەمریکا هەوڵی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکی رووسی دەدات
دەسەڵاتدارانی عێراق لە دژی ئەمریکا هەوڵی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکی رووسی دەدەن.
کەریم علێوی، ئەندامی کوتلەی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیانیی حەشدی شەعبی) و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕنال)ی ئەمریکی راگەیاندووە، ”ئەمریکییەکان بێهیوایان کردین لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی عێراق“.
کەریم علێوی هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەنیازە سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی بکڕێ بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی خۆی و بۆ ئەو مەبەستەش، سێ مانگ لەمەوبەر شاندێکی عێراق سەردانی رووسیای کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی پێشهاتە نوێیەکان و بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان، پەرلەمان رێگای بە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق داوە، کە سیستەمە رووسیەکە بکڕێت.
پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و تا ئێستاش لایەنە عێراقییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی وڵاتەکەیان.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز