هەوڵێک بۆ دووبارە متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی هەیە

هەوڵێک بۆ دووبارە متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی هەیە
هەوڵی دووبارە متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدرێت، دەستووریش رێگرنییە لە دووبارە متمانەپێدانەوەی، چونکە هیچ ماددەیەک نییە باس لەو حاڵەتە بکات، کورد کە دۆستایەتییەکی مێژوویی لەگەڵ عەبدولمەهدی هەیە، بە گونجاوی دەزانن لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.

هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتار دەڵێ لەبارەی عادل عەبدولمەهدی "کورد رەزامەندیی لە رابردووش هەبووە وەک کەسایەتییەکی میانڕەو، خوێندنەوەیەکی تایبەتی هەبووە بۆ هەموو پێکهاتەکان و مەزهەبەکان، بەتایبەتی کورد، لای ئەو کورد میوان نییە، بەڵکو کورد خاوەن ماڵە لەم وڵاتەدا، بۆیە بۆ کورد ئێستاش هەر گونجاوە".

لایەنە شیعەکان کە سەرۆک وەزیران پشکی ئەوانە، نەیانتوانیوە لەسەر کەسایەتییەک بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی رێکبکەون، لەترسی توڕەیی شەقامیش ئامادەنین دووبارە بـەڵێی بۆ بڵێنەوە، بۆیە دەڵێن لە داهاتووییەکی نزیکدا کەسێک بۆ شوێنەکەی دەستنیشان دەکەن.

ئەحمەد کینانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بینا دەڵێ "قسەی راست و دروست نییە، بە بڕوای من لایەنە سیاسییەکان بەرەو ئەوە دەچن کەسێک بەربژێر بکەن توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی هەبێت، پشت بەخوا لە رۆژانی داهاتوو ناوی نوێ ئاشکرادەکرێت".

بەشێک لە خۆپیشاندەران پێچەوانەی لایەنە سیاسییەکان، نەک تەنها بە گەڕانەوەی عادل عەبدولمەهدی رازی نین، بەڵکو ئەو کەسانەش رەتدەکەنەوە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بەربژێر بکرێن.

خۆپیشاندەرێک ئاماژە بەوە دەکات "لە بنەڕەتدا ئێمە هەموو سیاسییەک رەتدەکەینەوە، عادل عەبدولمەهدی رۆڵەکانی ئێمەی کوشتووە، عەبدولمەهدی هەڵەی بەرامبەر هەموو عێراقییەکان کرد و خۆی و سەرجەم کابینە وزارییەکەی رەتکراوەیە لای ئێمە".

خۆپیشاندەرێکی دیکە باس لەوە دەکات، ئەوان قسەیان روونە و لەپشت پەردەوە قسە ناکەن و بە گەورە و بچووکەوە رەتیان دەکەنەوە.

لە 29-11-2019 عادل عەبدولمەهدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، لە 1-12-2019 پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسندکرد، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر کەسێک، عەبدولمەهدی تاوەکو ئێستا وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی بەردەوامە.
Top