عێراق سیستمی ئێس- 300 رووسی دەکڕێت
محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، سوپای عێراق دەستیکردووە بە چالاککردنەوەی گرێبەستی کڕینی سیستمی مووشەکی ئیس 300ی رووسی، کە مەوداکەی دەگاتە 200 کیلۆمەتر.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عێراق جۆرە سیستمێکی بەرگری مووشەکی هەیە، کە مەوداکەی دەگاتە 20 کیلۆمەتر و لە ناوچە گرنگ و هەستیاریەکانی وڵات بڵاوەیان پێکراوە.
لەلایەکی دیکەوە یەحیا رەسول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەهەوڵی زیاتر بەهێزکردنی سیستمی بەرگریدایە و بۆ ئەم مەبەستەش، بە نیازە چەند فڕۆکەیەکی دیکەی ئێف 16 و تی 50ی کۆری و 159ی چیکی بکڕێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژێکدا، بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی سەروەری خاکی عێراق کرا.
K24