چین ژمارەیەک کارمەندی نەوت لە عێراق دەکێشێتەوە

 چین ژمارەیەک کارمەندی نەوت لە عێراق دەکێشێتەوە


کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی چینی ژمارەیەک کارمەندی نەوت لە عێراق دەکێشێتەوە.

پۆلیسی نەوتی بەسرە رایگەیاندووە، 20 کارمەندی چینی لە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قرنە 1 لە لایەن کۆمپانیای نەوتی چینی، گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.

گەڕاندنەوەی ئەو کارمەندە چینییانە بۆ وڵاتەکەیان بەهۆی مەترسیی و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە و دوای مووشەکبارانکردنەکەی هێزە ئەمریکییەکان لەلایەن ئێرانەوە، بڕیارەکە دراوە.

رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، دوو كارمەندی چینیی كێڵگەی نەوتی حیلفایە لە قەزای كەحلای سەر بە پارێزگای میسان، كەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی شەڕی دوو عەشیرەتی ناوچەكە و کوژران.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنیوز
Top