سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بۆ ترەمپ: ئەگەر دەتوانی سزامان بدە
ئەبو ئالاء ئەلوەلائی، سەرۆکی میلیشیای کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، با ئەمریکا چاوەڕێی تۆڵە بێت.
ئەبو ئالاء ئەلوەلائی لەبارەی هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە سەپاندنی سزای زۆر توند بەسەر عێراق، رایگەیاندووە، ”ئەگەر دەتوانی، سزامان بەسەردا بسەپێنە“.
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی هۆشداریی داوەتە دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاندووە، ”ئێمە لەشوێنی خۆمان جێگیر بووین، کات و شوێنی لێدانتان دیاری دەکەین و یان سەردەکەوین یان سەردەکەوین“.
ئەلوەلائی پێیوایە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا بە جەستە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کوشتووە، بەڵام ”قوتابخانەی ئێمە هەزاران سولەیمانی و موهەندیسی پەروەردە کردووە'.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران
باسنيوز