سەرچاوەیەک: هێزەکانی ئەمریکا بە نیازی دامەزراندنی فڕۆکەخانەیەکن بۆ فڕۆکەی B52

سەرچاوەیەک: هێزەکانی ئەمریکا بە نیازی دامەزراندنی فڕۆکەخانەیەکن بۆ فڕۆکەی B52
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا بە نیازن فڕۆکەخانەیەکی تایبەت بە فڕۆکەی زەبەلاحی B52 لە بنکەی (عێن ئەسەد)ی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە درووست بکەن.

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەنبارەوە ئاشکرایان کرد، هێزەکانی ئەمریکا بە نیازن فڕۆکەخانەیەکی زەبەلاح بە تایبەتمەندییەکی جیهانی بۆ فڕۆکەی B52ی زەبەلاح لە بنکەی عێن ئەسەد لە ناحیەی بەغدادیی سەر بە قەزای هیت لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار درووست بکەن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە نێو بنکەکەدا دەستیان بە کاری فراوانکردنی بنکەکە کردووە، تاوەکوو ڕێڕەوی هەڵفڕینی فڕۆکەخانەکە درووست بکەن.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، ئەم فڕۆکەخانەیە لە حاڵەتی درووستکردنی، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین فڕۆکەخانەکانی جیهان کە بۆ فڕۆکەی B52ی زەبەلاح درووست کرابێت، هەروەک ئەو فڕۆکەخانەیەی لە بەریتانیادا هەیە.

جەختیشی کردووەتەوە، ئێستا هێزە ئەمریکییەکان تەلبەندی چواردەوری ئەو ڕووبەرەیان تەواوکردووە کە بۆ درووستکردنی فڕۆکەخانەکە تەرخانیان کردووە، ڕێوشوێنی پێشوەختەشیان وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستکردن بە درووستکردنی فڕۆکەخانەکە گرتووەتە بەر کە “لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا درووست دەکرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان، بە تایبەتیش هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق دەرکردووە.

شەوی ڕابردوو، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رای گەیاند کە ئەوان هێزەکانیان لە عێراق ناکشێننەوە.

بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لە لایەن پەرلەمانتارە شیعەکانی عێراقەوە دەرکرا، دوای ئەوە هات کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی ١٠ی ٢٠٢٠، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی، لە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە کوژران.












باسنيوز


Top