ئەڵمانیا سەربازەکانی لە عێراق کێشایەوە

ئەڵمانیا سەربازەکانی لە عێراق کێشایەوە
دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق، ئەڵمانیا سەربازەکانی خۆی لە عێراق، کێشاوەتەوە وڵاتەکەی.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 7-1-2020، بەشێک لە سەربازەکانی ئەڵمانیا، کە لە عێراق بوون، گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.

دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، کەجێگۆڕکێی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، راگرتووە.

هێزێکی ئەڵمانیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، مەشق بە هێزە عێراقییەکان دەکات و ماوە ماوە لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی دیکەی ئەو وڵاتە، جێگۆڕکێیان پێدەکرا.

رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، پەرلەمانی عێراق بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.













باسنيوز
Top