بەریتانیا ژمارەی دیپلۆماتەکانی لە عێراق و ئێران کەم دەکاتەوە
حکوومەتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ژمارەی دیپلۆمات و کارمەندەکانی لە باڵوێزخانەکانی وڵاتەکەی لە بەغدا و تاران، کەم دەکاتەوە.
ماڵپەڕی (سکای نیوز) لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا، بڵاوی کردووەتەوە، کە کشاندنەوەی دیپلۆماتەکان لەو دوو وڵاتە دوای گەیشتنی زانیاریی هەواڵگری دێت، کە مەترسی لەسەر گیانیان هەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، سەلامەتیی گیانی کارمەندەکانیان گرنگترین شتە، بۆیە بڕیاری کەمکردنەوەی دیپلۆمات و کارمەندەکانی باڵوێزخانەکانیان لە تاران و بەغدا، داوە.
پێشتر و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، بەجێ بهێڵن، چونکە گیانیان لە مەترسی دایە.
هەروەها دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، قاسم سولەیمانی مایەی هەڕەشە بوو بۆ سەر رۆژیهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز